نهێنییەكانی ژیانی ئـــەردەوان زاخۆیی

 

 

http://www.civilmag.com/news/Huneryi/H%2067/ardawan%20zaxoey/ardawan.JPG


 

 

 

 

 

 

 

 

سڤیل: دیاری خالید مارف


هونەرمەندێك بۆ هەمووان
كەس نییە لەساڵانی هەشتاكان ناوی ئەردەوان زاخۆییان وەك هونەرمەند و پێشمەرگە نەبیستبێ، بەبێ ئەوەی گۆرانی بە زاراوەی سۆرانی گوتبێ، گۆرانییەكانی چووە سەرزاری خەڵكی هەموو شارەكانی كوردستان، ئەو لەگەڵ عودەكەیدا چەكێكی لەشاندابوو، هەر لەو پێناوەشدا شەهید بوو.
ئەردەوان زاخۆیی كێ بوو؟
كوڕێكی باڵابەرزی، چاوشینی، قژ زەردی، دەم بەخەندە بوو، ناوی تەواوی "ئەردەوان عەلی محەمەد تەها"یە، ساڵی 1957 لەگەڕەكی جولەكانی شارۆچكەی زاخۆ لەدایكبوو، لەخێزانێكی مام ناوەند ژیاوە، ساڵی 1979 ژیانی هاوسەری دروستكرد و هەر لەهەمان ساڵدا دەچێتە شاخ، ئەردەوان هەر لەمنداڵیەوە خولیای هونەری هەبووە، هەروەك دایكی ئاماژەی بۆ دەكات، بەیانیان لەگەڵ هاوڕێكانی دەچووە قوتابخانە، نیوەڕۆ هاوڕێكانی پەرتوكەكانیان دەهێنایەوە و ئێوارە دەگەڕایەوە، دایكی دەڵێت "پاش ماوەیەكی زۆر زانیمان ناچێتە قوتابخانە، دەستیكردبوو بەگۆرانی وتن، پێمان ناخۆشبوو، بەڵام دواتر ئاسودەی كردین".
هونەرمەندی ژەنیار سەباح زاخۆیی، هاوڕێی هەمیشەیی ئەردەوان دەڵێت "لەسەنتەری لاوانی زاخۆدا ئەردەوان هاتە لامان، لەماوەیەكی كەم توانی سەرنجی هەموو لایەك راكێشێت، وای لێمكرد لەهەموو گۆرانییەكانی كاری ژەنینی مۆزیكی بۆ بكەم، ساڵی 1977 یەكەم بەرهەمی بڵاوكردەوە، لەماوەی ژیانیدا توانی زیاتر لە 200 گۆرانی تۆمار بكات".
ئەردەوان و ژنێكی مەسیحی
وەك لە داستانی شێخی سەنعاندا هاتووە "شێخی سەنعان عەشقی كچە فەلەیەك دەبێت و تاوەكو دەگاتە ئەوەی كە ئاینی خۆی بۆ بگۆڕێت". بەڵام ئەم عەشقە لە ئەردەوان زاخۆیی بەپێچەوانەی شێخی سەنعانە، خۆشەویستەكەی ئەردەوان لەپێناو عەشقی ئەودا، ئاینی خۆی گۆڕی لە فەلەوە بۆ ئاینی ئیسلام، چیرۆكی ئەم خۆشەویستییە لەئوتێل "ئاشور"، لەزاخۆ دروستبوو، "رینا حەنا بلوس" ناوی ئەو ژنە بوو، كە دواتر بووە خێزانی ئەردەوان زاخۆیی، مەسیحییەكی (لازقیە) بوو، لەترسی باوك و مێردەكەی هاتە ئوتێل "ئاشوور" لەزاخۆ نیشتەجێ بوو، دواتر لەهەمان ئوتێل دەدرێتە دەست بەعسییەكان، كە هەر لەوێدا پەنا بۆ ئەردەوان زاخۆیی دەبات. دایكی ئەردەوان لە گێڕانەوەی قسەكانی بۆ (سڤیل) بەردەوام بوو، گوتی "كاتێك بیستم ئەردەوان رینای رزگار كرد، زۆرم پێخۆش بوو، چونكە كوڕەكەم خاوەن ویژدان بوو، ئەوەی پێ قبوڵ نەبوو لەسەر خاكەكەیدا تەعدا لەكەس بكرێت، لەهەمانكات ناخۆش بوو، كە دواتر كوڕەكەم ئەو ژنەی هێنا، چونكە ژنەكە مێردی هەبوو، هەروەها مەسیحییش بوو، دوای ماوەیەك ئەردەوان بە ژنەوە چوو بۆ شاخ، لەوێ رینا ناوی خۆی گۆڕی بۆ لەیلا، هەروەها ئاینەكەشی لەمەسیحییەوە گۆڕی بۆ ئیسلام، لەم هاوسەرگیرییە دوو منداڵیان دروستكرد".
كێشەی دوای گۆرانییەكانی
نووسەر ئەحمەد زەرۆ، باس لەم هونەرمەندە دەكات، كە خۆی بەردەوام لەكتێبخانەكەیدا گوێ لەگۆرانییەكانی ئەردەوان دەگرێت، گوتی "ئەستەمە كەسێكی هونەری دیكەی كوردپەروەر لە دەڤەری بادینان وەك ئەردەوان دروست بێتەوە، چونكە ئەو لەگەڵ گۆرانی خەباتێكی مەزنی دەكرد، كاری هۆشیاركردنەوەی خەڵكی بوو، ئەو قسەیەم بە هونەرمەند ئەنوەر قەرەداخی وت، لەبادینان هونەرمەندێكی وەك ئەردەوان دروست نابێتەوە، ئەنوەر بێدەنگ بوو، هیچ قسەیەكی نەكرد، چونكە دەیزانی وایە". موزیكژەن سەباح زاخۆیی، باس لەو كاتانە دەكات، كە ئەردەوان گۆرانی دەگوت، ئاماژە بەوە دەدات، كاتێك ئەردەوان گۆرانی دەگوت، دەمانزانی كێشە دروست دەبێت، "لەبەرئەوەی وشەی كوردستانی زۆر دەگوتەوە، لەناو شیعری گۆرانییەكەیدا خەڵكی دەوروژاند، هەموو ژەنیاران تووشی كێشە دەبوون، لەبەرئەوە نەیاندەوێرا كاری لەگەڵ بكەن".
عەبدولستار زاخۆیی، گوێگرێكی دەروێشئاسای ئەردەوان زاخۆییە، دەڵێ وا هەست دەكەم گۆرانییە نەتەوەییەكانی ئەردەوان بوون، نیشتمانی لای من خۆشەویست كرد، زۆرجار لە سەیران و شوێنە گشتییەكان گۆرانییەكانی دەڵێمەوە.
پێشمەرگەیەك ژیانی لە دەربەدەری بردەسەر
ساڵی 1979 ئەردەوان زاخۆیی دەچێتە شاخ و بەگۆرانییەكانی زیاتر هاوڕێیانی دەخرۆشاند، هەرچەندە خێزانداریش بوو، بەڵام ماوەی دوو ساڵ پێشمەرگە دەبێت، دواتر لە 1981 دەچێتە جەزیری بۆتان، تا ئەو كات بەعس لێ خۆشبوونی بۆ دەردەكات، وەكو یەكێك لە هاوڕێیانی دەڵێت "بەهۆی چالاكی زۆر و هاندانی خەڵكی بۆ بەرگریكردن لەنیشتیمان، بەعس چەندینجار هەوڵی گرتن و شەهیكردنی دا، بەڵام ئەردەوان ئەوەی بەلاوە گرنگ نەبوو، لە 1984 بۆ ماوەی دوو ساڵ دەچێتەوە شاخ، دواتر دێتەوە شاری دهۆك، خەڵك لەگەڵ گەڕانەوەی ئەوپەڕی خۆشەویستیان بۆ دەربڕی، بەڵام ڕژێمی بەعس لەپاش دوو ساڵ رفاندیان".
لەگەڵ ئەیاز زاخۆیی چووە بەغدا و رفاندیان
لەبارەی دیارنەمانی ئەردەوان، دایكی دەڵێت "لەدوای ئەوەی ئەردەوانی كوڕم لەگەڵ ئەیاز زاخۆیی دەچنە بەغدا بۆ ئاهەنگێك لە ئوتێل (ئەغادر) بە پیلان دەیڕفێنن، تائێستا هیچ ئاسەوارێكی نییە، منیش هەر چاوەڕێی گەڕانەوەی كوڕەكەم تامردن، هەر چاوەڕێی دەبم وەك چۆن باوكی بەداخی ئەو مرد، منیش هەروا دەبم". بەبڕوای سەباح زاخۆیی، رفاندنی ئەردەوان پەیوەندی بەو هەڵوێستە كوردپەروەریەوە هەبووە، "ئامادە نەبوو، گۆرانی بۆ رژێمی بەعس بڵێت".
كچ و كورێكی لە دوای خۆی جێماوە
دایكی ئەردەوان زاخۆیی باسی لەوەشكرد، لە شەوی 28-1-1986 ئەردەوان لەبەغدا دەڕفێنن، كە تائێستا بێسەروشوێنە، وتیشی "لەدوای ئەم كارەساتە هاوسەرەكەی روو لەئەوروپا دەكات، هەموو یادگاری و وەفای ئەردەوان لەبیر دەكات، ئێستا كوڕ و كچێكی لەدوای خۆی جێماوە".
 

 

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved