مێژووی جەنگی مرۆڤ لەگەڵ ڤایرۆس و نەخۆشییەکاندا

 

  

 

ئاوێنە/ ئەردەڵان عەبدوڵا

 

مێژووی مرۆڤایەتی پڕیەتی لەجەنگ و ململانێی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتری، بەڵام لەهەمانکاتیشدا لە زۆر ساتی مێژووییدا، هەندێک نەخۆشیی یان ڤایرۆس، بە بێدەنگی مرۆڤی زیاتر کوشتووە لەچاو جەنگە گەورەکان. مرۆڤیش ناچار بووە بچێتە ئەم جەنگە سەختەوە، هەرچەندە لە کۆتاییشدا سەرکەوتن هەر بۆ مرۆڤایەتی بووە. ماوەیەکە تەواوی جیهان سەرقاڵی جەنگی ڤایرۆس و ئەنفلۆوەنزاو ڤایرۆسی کۆرۆنان، لە کاتێکدا گەر سەیری مێژووی مرۆڤایەتی بکەین، دەبینین زۆر لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەهێزتر هەبووەو خەڵكی زیاتریش کوشتووە.

 

لە ماوەی پێشوودا کەناڵی بی بی سی بەریتانی راپۆرتێکی زۆر گرنگی لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە، تێیدا کۆمەڵێک داتا و زانیاری گرنگی تێدابوو،بۆ نموونە ئەنفلۆوەنزای ئیسپانی لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا نزیکەی(١٠٠) ملیۆن کەسی کوشتووە، نەخۆشییەکانی کۆلێرا و تاعون و سیل، زۆر لە کۆرۆنا کوشندەتر بوون. کاتێک سەیری ئەدەبیاتی جیهانیش بکەین، پڕیەتی لە حکایەتی سەیروسەمەرە، هەر لە حکایەتەکانی هەزارو یەک شەوەوە هەتا دەگاتە ئەدەبیاتی سەدەی نۆزدەو بیستەم، حکایەتی سەیرو سەمەرە دەبینین لەبارەی جەنگی مرۆڤ و نەخۆشییەکان.

ئێمە لەم راپۆرتەدا هەوڵ دەدەین، تیشکێکی خێرا بخەینە سەر مێژووی ئەو کارەساتە گەوارەنەی کە بەهۆی نەخۆشیی و ڤایرۆسەکانەوە، رووبەروی مرۆڤایەتی بۆتەوە.

  

تاعون

تاعون یەکێکە لەو نەخۆشیانەی کە هەمیشە وەکو دێوەزمەیەکی گەورە رووبەروی ژیانی مرۆڤایەتی بۆتەوە، هەمووکاتێک ئەم نەخۆشییە بۆتە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی. نووسەری ناوداری فەرەنسی ئەلبێرت کامۆ لە رۆمانی " تاعون" دا، زۆر بە جوانی وەسفی رەوشی ژیانی خەڵکی دەکات لە کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم تاعونە و چۆن ژیانی ئەو خەڵکانەی کردۆتە دۆزەخ. مێژووی مرۆڤایەتیش پڕیەتی لەم نەخۆشییە کوشندەیە، هەرچەندە خۆشبەختانە لە ئێستادا کەم بۆتەوە.

 

 تاعونی ئەنتۆنی

مێژوونوسی رۆمانی کاسیۆس دیۆ، باسی نەخۆشییەکی کوشندەمان بۆ دەکات کە بە ناوی " تاعونی ئەنتۆنی" یە لە ساڵی ١٦٥ ز بڵاوبۆتەوە، بەپێی قسەی ئەم مێژوونوسە رۆمانییە بێت، ئەم تاعونە رۆژانە سەرو ٢ هەزار کەسی کوشتووەو ماوەی چەندین ساڵ بەردەوام بووەو دواجار لە ساڵی ١٨٠دا کۆتایی پێهاتووە.

 

تاعونی جستنیان

سەرچاوە مێژووییەکان باس لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی " تاعونی جستنیان" دەکەن کە لە نێوان ساڵانی ٥٤١ و ٥٤٢ لە ئیمپراتۆریەتی بیزەنتە بڵاوبۆتەوە، دواتریش لە هەر سێ کیشوەری ئەوروپا و ئەفریقا و ئاسیادا ئەم نەخۆشییە بڵاوبۆتەوە، سەرەتای ئەم نەخۆشیەش لە میسر بڵاوبۆتەوە،لەوکاتەدا لە میسرەوە گەنم و جۆ دەچوو بۆ قوستەنتینیە کە پایتەختی ئیمپراتۆریەتەکە بوو، پاشان لە ماوەیەکی کەمدا ئەم تاعونە بڵاودەبێتەوەو دەبێتە کوژرانی خەڵكێکی زۆر لە هەر سێ کیشوەرەکەدا.

 

تاعونی رەش

هەمیشە تاعون یەکێک بووە لە نەخۆشییە ترسناکەکان کە رووبەروی مرۆڤ بۆتەوە، بەتایبەتی لە ئەوروپادا چەندینجار بۆتە هۆی مردنی ملیۆنان کەس. یەکێش لەو تاعونە کوشندانە، تاعونی ساڵانی ١٣٤٨ و ١٣٤٩ کە لە مێژوودا بە تاعوونی رەش دەناسرێت. بە پێی هەندێک سەرچاوەی مێژوویی بێت، زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس بوونەتە قووربانی. جێگەی ئاماژەیە ساڵی ٢٠١٨ لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی و زانستی بۆ ئەو نەخۆشییە کراوە کە لەو ساڵەدا رووی داوە، ئەوەش لە رێگەی دۆزینەوەی چەند ئێسکی مرۆڤێک، پاشان لە رێگای پشکنینی ئەتۆمییەوە بۆ ئەو زانایانە دەرکەوتووە، هۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوەی ئەم تاعونە، مشک و جرج نەبووە بەڵکە مرۆڤ خۆی بووە، هەرچەندە پێشتر سەرچاوە مێژووییەکان دەیانگوت، هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە مشک و جرج بووە.

 

لەناوبردنی گەلانی ئەمریکا

داگیرکردنی ئەمریکای باکوورو باشوور لەلایەن داگیرکاری ئەوروپییەوە، وایکرد کە بەشێکی زۆری خەڵکی رەسەنی ئەو کیشوەر لەناوببرێت. بەپێی هەندێک سەرچاوەی مێژوویی بێت، تەنها بەهۆی نەخۆشی وەکو " کۆلێرا، تاعون، سیل" ەوە، نزیکەی ٨٠% ی دانیشتوانی کیشوەری ئەمیرکا بەهۆی ئەو نەخۆشیانەوە مردوون، کە داگیرکاری ئەوروپی لەگەڵ خۆی بۆ ئەم کێشوەرەی هێناوە. دیارە زۆربەی جاریش ، هێزە داگیرکارە ئەوروپییەکان لەرێگای بڵاوکردنەوەی ئەم نەخۆشیانەوە، هەوڵی قڕکردن و لەناوبردنی خەڵکی رەسەنی ئەمریکایان داوە، هەربۆیە فەیلەسووفی ناوداری ئەمریکی ناعوم چومسکی ناوی لێناوە " لەعنەتی کۆڵۆمبۆس بۆ گەلانی ئەمریکا".

 

تاعوونی لەندەنی گەورە

دووبارە تاعوونە بەرۆکی مرۆڤ لە ئەوروپا بەرنادات و مێژوونوسان باسی بڵاوبوونەوەی " تاعوونی گەورەی لەندەن" دەکەن کە لە ساڵی ١٦٦٥ و ١٦٦٦ لە پایتەختی بەریتانیا بڵاوبۆتەوە. لەو کاتەدا لەندەن، یەکێک بووە لەبەندەر و شارە گەورەکانی ئەوروپا و جیهان. ئەم تاعونە سەرەتا لە هۆڵەنەداوە هاتۆتە لەندەن و دواتریش نزیکەی ١٠٠ هەزار کەسی کوشتووە، جێگەی ئاماژەیە لەوکاتەدا ژمارەی دانیشتوانی لەندەن ٣٠٠ هەزار کەس بووە، واتە چارەکی دانیشتوانی شارەکەی لەناوبردووە.

 

پەتای زەرد

بەپێی ویب سایتی history.com بێت لە ساڵی ١٧٩٣ دا نەخۆشی " پەتای زەرد" لە تەواوی ئەمریکادا بڵاوبۆتەوە، بەهۆی ئەم پەتایەشەوە نزیکەی ٤٥ هەزار کەس دەبنە قووربانی.

 

تاعوونی گەورەی شاری مەرسیلیای فەرەنسا

هەمیشە شارە گەورەکانی ئەوروپا بوونەتە مەیدانێکی باش بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە کوشندەکان لەم کێشوەردا. هەمووکاتێکیش بەندەرەکان، شاری گەورە بوون و زۆرجاریش سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە کوشندەکان بوون، یەکێکیش لەو شارانە شاری مەرسیلیای فەرنسایە، کە بەندەرێکی گەورەیە و دەکەوێتە باشووری فەرەنساوە، ئەم بەندەرە مێژووییەکی کۆنی هەیە و دەرگای فەرنسا بووە بەرەو کیشوەری ئەفریقا و ئاسیا و ئەمریکای لاتین. ساڵی ١٧٢٠ تاعوونێکی گەورە لەم شارەدا بڵاودەبێتەوە کە دەبێتە هۆی کوژرانی زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لەم شارەو دەرووبەریدا.

 

کۆلێرا

لەپاش تاعوون دووەم نەخۆشی کە گورزی خراپی لە مرۆڤایەتی وەشاندووە نەخۆشی کۆلێرایە، بەتایبەتی لەسەدەی حەڤدەو هەژدە و نۆزدە و بیستدا، گورزی خراپی وەشاندووە. ئەدەبیاتی جیهانیش پڕیەتی لە حکایەتی سەیر و سەمەرەی ئەم نەخۆشییە، بەتایبەتی نووسەری ناوداری کۆڵۆمبی گاربێل مارکیز، لە رۆمانی " خۆشەویستی لە زەمەنی کۆلێرادا" بەشێوەیەکی ئەدەبی جوان، وەسفی ئەو رەوشە ترسناکەی کردووە کە رووبەروی خەڵكی بۆتەوە لە ئەمریکای لاتین، لەپاش بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا.

لە ساڵی ١٨٢٠ دا کۆلێرا تەواوی وڵاتانی باشووری ئاسیا دەگرێتەوەو بووە هۆی کوژارانی سەرو سەد هەزار کەس. سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشیەش لە شاری کالکوتای هیندییەوە بوو. پاشتر تەواوی وڵاتانی باشووری ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناڤین و هەتاوەکو چینیشی گرتەوە.

 

تاعون مەنشوریا

ناوچەی مەنشوریا یەکێکە لە ناوچە گرنگەکانی چین، لە نێوان ساڵانی ١٩١٠ بۆ ١٩١١ نەخۆشی تاعون بڵاوبوویەوە، بە پێی وێب سایتی بێت disasterhistory.org بەهۆی نەخۆشی تاعونەوە لەم ناوچەیە، سەرو ٦٠ هەزار کەس گیانیان لە دەستدا.

 

ئەنفلۆوەنزا

لەپاش تاعون و کۆلێراوە، نەخۆشییەکی تری مەترسیدار ئەنفلۆوەنزایە، مرۆڤیش مێژوویەکی تاڵی لەگەڵ ئەم نەخۆشییە کوشندەیە هەیە بەتایبەتی لەئەوروپادا، ئەوەش بە حوکمی ساردی کەشووهەواکەی. هەتاوەکو ئێستاش ئەنفلۆوەنزا گەورەترین و کوشندەترین نەخۆشییە کە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی دەکوژێت لەجیهاندا، بەپێی هەندێک سەرچاوە بێت، ساڵانە نزیکەی ٢٥٠ بۆ ٥٠٠ هەزا کەس بە هۆی ئەم نەخۆشییەوە دەمرن.

 

ئەنفلوەنزای ئیسپانی

لە ساڵی ١٩١٨ دا ئەنفلۆوەنزایەکی کوشندە ئیسپانیای گرتەوە، پاشانیش بە تەواوی لە جیهاندا بڵاوبوویەوە، لە مێژووشدا ناوی " ئەنفللۆوەنزای ئیسپانی" لێنرا. ئەم نەخۆشییە زۆر کوشندە بووە، بووەهۆی کوژرانی ٧٠ بۆ ١٠٠ملیۆن کەس، هەندێک سەرچاوە لەوە زیاتریش دەڵێن،بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی کەناڵی بی بی سی بێت کە لە ساڵی ٢٠١٨ دا لەبارەی ئەم ئەنفلۆوەنزایەوە کردی، ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بووە، چونکە لە ساڵی ١٩١٨ تازە ڤایرۆسەکان پەیدابوون و هێشتا زانستی پزیشکی هێندە پێشکەوتوو نەبووە، تاوەکو بتوانێت دەرمانێکی باش بۆ دژایەتیکردنی ئەم ڤایرۆسە بدۆزێتەوە. لەکاتێکدا کۆی گشتی ژمارەی دانیشتوانی جیهان ٥٠٠ ملیۆن کەس بووە، واتە٥/١ پێنچ یەکی دانیشتوانی جیهانی لەناوبردووە.

 

ئەنفلۆوەنزای ئاسیاویی

لەپاش ئیسپانیا ئینجا ئیتر ئەنفلۆوەنزا لە شوێنەکانی تری جیهان بڵاوبوویەوە لەساڵی ١٩٥٧ و ١٩٥٨ لە چین ئەنفلۆوەنزایەکی کوشندە بڵاوبویەوە، پاشانیش ئەم نەخۆشییە گوازرایەوە بۆ سەنگاپوورەو هۆنگ کۆنگ و ئەمریکا، بەپێی هەندێک سەرچاوە بێت سەرو ٧٠ هەزار کەس بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

ئایدز

نەخۆشییەکی تر کە بووە دێوەزمەیەکی گەورە بۆ مرۆڤایەتی ئایدزە، بەتایبەتی لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم، لە بەشێکی وڵاتانی رۆژائاوا و ئەمریکادا، خەڵكی زۆر ترسی لە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشیە بووە. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٦ لە وڵاتی کۆنگۆ سەریهەڵداو پاشانیش لە تەواوی جیهاندا بڵاوبوویەوە، لە ئێستاشدا ژمارەی ئەو کەسانەی کە تووشی ئەم نەخۆشییە بوون دەگاتە سەرو ٣٦ ملیۆن کەس. دیارە ئەم نەخۆشییەش لە رێگای پەیوەندی سێکسییەوە تووشی خەڵكی دەبێت.

 

ئەنفلۆوەنزای باڵندە

ئەنفلۆوەنزایەکی تر کە بەرۆکی مرۆڤایەتی گرت، ئەنفلۆوەنزای باڵندە بوو، ئەم ئەنفلۆوەنزایەش ماوەیەکی زۆر جیهانی تووشی دڵەراوکێ کرد، هەرچەندە ئەم ئەنفلۆوەنزایە زیاتر تووشی باڵندەکان بوو، بەڵام دواجار مرۆڤی گرتەوە، بەڵام لەچاو نەخۆشییەکانی تر، ژمارەی قووربانیانی کەم تر بوو. بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستی جیهان بێت، لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە هەتاوەکو ٢٠١٤ ژمارەی ئەو کەسانەی بوونە قووربانی ئەم ڤایرۆسە ٦٦٨کەس بوون. بەڵام بووە هۆی لەدەستدانی ملیۆنان باڵندە لە جیهاندا.

 

سارس

نەخۆشییەکی کوشندەی تر کە لە ماوەی پێشوودا بەرۆکی مرۆڤایەتی گرت، ڤایرۆسی سارس بوو. ئەم ڤایرۆسە یەکەمجار ساڵی ٢٠٠٢ لە شاری جاندگۆنگی چینی بڵاوبووەوە، پاشتریش جیهانی گرتەوە. هەرچەندە ژمارەی قووربانیانی ئەم ڤایرۆسەش کەم بوو، بە پێی دوایین راپۆرتی رێکخراوی تەندورستی جیهان بێت، ژمارەی قووربانیان ئەم نەخۆشییە لە جیهاندا گەیشتە ٨٠٠ کەس. ئەمەش ژمارەیەکی کەم بوو لە چاو نەخۆشییە کوشندەکانی تر.

 

ئەنفلۆوەنزای بەراز

لە ماوەی پێشوودا کۆمەڵێک ئەنفلۆوەنزای جۆراوجۆر و سەیر پەیدابوو لەوانە " ئەنفلۆوەنزای باڵندە و بەرزا"، لە ساڵی ٢٠٠٩ ئەنفلۆوەنزای بەراز بڵاوبوویەوە یەکەمجار لە مەکسیک سەریهەڵدا و پاشانیش بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهانی گرتەوە، بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بێت، ئەم ئەنفلۆوەنزایە زۆر ترسناک و کوشندەیە، چونکە ڤایرۆسەکەی توانای زوو بڵاوبونەوەی هەیە، هەروەها دەشتوانێت دژی ئەو دەرمانانە بوەستێتەوە کە بۆ چارەسەرکردن بەکاردەهێنرێت، بەپێی ئامارێکی رێکخراوی تەندروستی جیهان بێت، ساڵی ٢٠١٠ ژمارەی قووربانیان ئەم ئەم ئەنفلۆوەنزایە گەیشتە سەرو ١٨ هەزار کەس لە جیهاندا.

 

ئیبۆلا

بۆ یەکەمجار لەساڵی ٢٠١٣ دا نەخۆشی ئیبۆلا لە غینیا لە کیشوەری ئەرفریقا سەریهەڵدا و پاشانیش وڵاتانی لیبریا و سیرالیۆنی گرتەوە. پاشان ناوی ئەم نەخۆشییە گۆڕا بۆ " ئیبۆلای رۆژئاوای ئەفریقا" ، ئەم نەخۆشیە بووە هۆی داڕمانی ئابووری ئەو سێ وڵاتە. هەرووەها بووە کوژرانی سەرو 6 هەزار کەسیش، ساڵی ٢٠١٨ دووبارە ئەم نەخۆشیە کۆنگۆی دیموکراتی گرتەوە، لەئەنجامدا سەرو ٢٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا.

 

کۆرۆنا

بۆ یەکەمجار ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرەتای ئەمساڵ لە وڵاتی چین بڵاوبوویەوە پاشانیش جیهانی گرتەوە، بەپێی دوایین ئامار بێت لە چین ٢٧٠٠ کەسی کوشتووە، لە دەرەوەی چینیش هەتاوەکو ئێستا ژمارەی قووربانیان ٤٨ کەسە. لە ئێران زۆرترینیانە کە دەگاتە ١٥ کەس، لە کۆریای باشوور ١٢ کەس، لە ئیتالیاش ١١ کەس، لە ژاپۆن 5 کەس ، لە هۆنگ کۆنگیش ٢ کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە ڤلیپین و فەرەنسا و تایوانیش یەک کەس گیانی لەدەستداوە.

 

پێش کۆتایی

بەدڵناییەوە هەروەک چۆن جەنگی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتری کۆتایی نایەت، بەهەمانشێوەش جەنگی مرۆڤ و ڤایرۆس و نەخۆشیەکانیش کۆتایی نایەت و بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی لەسەردەمی گلۆبالیزمدا، کە هەموو سنوورەکان کراوەن و پەیوەندی مرۆڤەکان زیاترە، ترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان زۆرترن. بەڵام گرنگ ئەوەیە مرۆڤ بتوانێت سوود لەو کارەساتە گەورانە وەربگرێت بۆئەوەی جارێکی تر دووبارە نەبنەوە.

 

سەرچاوەکان:

١/ فيروس كورونا: تعرف على أبرز الأوبئة التي ضربت العالم وقتلت الملايين. سایتی بی بی سی.

٢/ نعوم تشومسكي. سنة ٥٠١ الغزو مستمر . دار الساقي . لندن

٣/ ماذا سيحدث لو تفشى وباء الانفلونزا القاتل مرة أخرى؟. سایتی بی بی سی.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved