بیرکردنەوە لە ئێستا

ئاراس فەتاح                          مەریوان وریا قانع

 

کایەی دەسەڵات لە کوردستاندا کایەیەک نییە لۆکاڵیزەبکرێت و جوگرافیایەکی سنوورداری ھەبێت، دەسەڵات لە کوردستاندا لە ھەموو شوێنێکدا ئامادەیە خەسڵەتی سەرەکیی کایەی دەسەڵات لە کوردستاندا ئەوەیە کە کایەیەکی دابەشبووە و جوگرافیایەکی مەرکەزیی نییە، تاوەکو بتوانرێت لەکاتی ڕاپەڕیندا پەلاماربدرێت و بڕوخێنرێت، وەکو لە نموونەی وڵاتانی تردا دەبینرێت. دەسەڵاتێک نییە کە لە حکومەت و پەرلەماندا دواپلەی دەسەڵاتی خۆی بەرجەستەبکات. حیزب جومگەی سەرەکیی ئەم دەسەڵاتەیە و حیزبیش لەناوخۆیدا دابەشە بەسەر چەندان باڵ و کەسایەتیی و بکەری سەربازیی جیاوازدا.

بەڕای ھەردوو نووسەر ”کۆکردنەوەی دەزگاکانی دەسەڵاتدارێتی حیزبیی لە ھەولێر چەندە ستراتیژێکە بۆ دورخستنەوەی دەسەڵات لە کۆمەڵگا و شاردنەوەی دەسەڵات لە خەڵک، ئەوەندەش نماییشکردنی سیاسەتە وەکو وێنەیەکی کاربۆنیی دەسەڵاتێکی داخراو و نەبینراو و دوورەدەست. دەسەڵاتی ڕاستەقینەی ئەو نوخبە سیاسییەی کە ھەیە لەناو لق و مەڵبەندەکاندایە، لەناو دەزگا میدیاییە حیزبیی و سێبەرەکاندایە، لەناو دەزگا ئەمنیی و پۆلیسیی و سەربازییەکاندایە، لەناو یانەی وەرزشیی و سەندیکای کۆمەڵایەتیی و ھونەریی و ئۆرگانی ئیداریی گەڕەکەکاندایە، لەناو قوتابخانەکان و دادگاکاندایە، لەناو شوێنەوارە گەشتیارییەکاندایە، لە خاڵەکانی پشکنیندایە، لای موختارەکان و ڕاپۆرتنووسەکانە، لەناو گوتاری ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆشنبیرانی بەیعەدایە، لەناو ئەو زمانە سوفیی و موناجاتئامێزە دژەسیاسەتەدایە کە لە زۆر شوێندا ئامادەیە.“

دەسەڵاتی کوردی، بەھۆی ئابووریی زەبەلاحی نەوت و دەزگا گەورەکانی دیسپلینکردنەوە، دەسەڵاتێکی جیوەئاسایە، نە دەگیرێت و نە دەوەستێت، نە لۆکالیزەی تەواودەکرێت و نە بگیرە. گەر لە شوێنێک تاوانێک بکات، شوێنەکەی تر خۆی لێبێبەریی دەکات، وەکو ئەوەی سەر بە ھەمان ئۆرگان نەبن؛ ئەم بەشی دژ بەو بەشی قسەدەکات و ئەم باڵی دەسەڵات دژ بە باڵەکەی تری دەسەڵات دەنووسێت و دەجوڵێت. دەسەڵاتی کوردی دەتوانێت وەکو جیوە کەرت بێت و ھەر بەشەی سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت، بەبێئەوەی وەزیفەی جەوھەری خۆی بدۆڕێنێت لە کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگادا. ئەم دەسەڵاتە لە نادیاریی و وونکردنی خۆیدا سەرۆکەکانی دەپارێزێت.

ئەم دەسەڵاتە ڕەھەندێکی جەستەیی و تاکەکەسیی گرنگیی ھەیە، مۆدێلێکی پارتیزانانەیە کە جەستەی دەسەڵاتداران لە ھەرشوێنێک بن، پێگە ھەرە گرنگەکانی بڕیاردان و بڕیارنەدان لەوێیە. ئەم مۆدێلە لە دەسەڵات گەرچی خاوەنی دەیان دەزگای زەبەلاحی دیسپلین و ئاراستەکرنە، بەڵام خۆی پابەند نییە بە دەزگاکانەوە، بەڵکو بە جەستەی ئەو نوخبەیەوە کە دەزگاکانی دروستکردووە.

ھەر ئەم خەسڵەتەشە وادەکات کە دەسەڵات لەناو حکومەتدا ببێت بە گەورەترین مەھزەلەی سیاسیی، چونکە ئەوەی سیاسەت دەکات حکومەت و دەزگاکانی نییە، بەڵکو ئەرکی حکومەت کورتکراوەتەوە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی دەسەڵات کە ئەمیش لە خزمەتی ئەو نوخبە حوکمڕانەیە کە بەشێکی زۆری سەرەگەورەکانی لەدەرەوەی دەزگا حکومییەکاندا ئامادەیە و ھەریەکەشیان ”حکومەت“ێکی بچکۆلە و تەریبی بە دەوڵەت لەناو حیزب و کۆمەڵگا و ئابوریی و میدیاکاندا دروستکردووە. گەر لە نزیکەوە تەماشای ئەو حکومەتە ”دەسەڵات-دوور“ە بکەین، یەک وەزیفەمان بۆ ڕووندەبێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە دەسەڵاتی ھەقیقی لەناو حکومەتدا نییە، بەڵکو لە شوێنێکی ترە. پرسیارەکەش ئەوەیە: ئەی کەواتە حکومەتمان بۆچییە؟.

دەسەڵات لە کوردستاندا دوو کۆپییە کە ئۆرجیناڵەکەی خۆی نییە. واتە دەسەڵاتێک لە ھەولێر و ئەوی تریان لە سلێمانی کە ھەریەکەیان کۆپی خۆی لە ناوچەکەی تردا کردووە، بەچەشنێک کە ھیچ یەکێکیشیان ئۆرجیناڵ نین. نە دەسەڵاتی پارتی لە ناوچەی سلێمانی ئۆرجیناڵە و نە ئەوی یەکێتی لە ھەولێر. خودی دابەشکردنەش بەشێکە لە ستراتیژییەتی پاراستنی نوسخە ئۆرجیناڵەکە و نوسخە کۆپییەکە لە یەککاکتدا، ھەم لەیەکتری و ھەم لە کۆمەڵگا. لێرەوە ئێمە سەروکارمان لەگەڵ مۆدێلی دەسەڵاتێکی کاربۆنییدا ھەیە. واتە سەروکارمان لەگەڵ دەسەڵاتێکی کۆپیکراودا دەبێت کە ھەریەکەیان کۆپی ئەوی ترمان پیشاندەدات، کاتێک بزانێت کە کۆپییەکە خراپە بۆ نوسخە ئۆریجیناڵەکەی خۆی ئەم دوو کۆپییە ساڵانێکە پێکەوە ھەولێر بەڕێوەدەبەن و نوسخەیەکی ئۆریجیناڵمان پیشاندەدەن، بەمانای ئەوە نییە کە ئێمە ئیتر یەک وێنەی ڕاستەقینەی دەسەڵاتمان ھەیە، بەڵکو ئێمە گەمەی کۆپیەکانمان ھەیە لەگەڵ یەکتر، چونکە دەسەڵاتە ئۆرجیناڵەکە لەناو دەزگاکانی حکومەت و بەڕێوەبردنی ئیدارییدا نین.

 

ئێمە لە کوردستاندا دوو ھێزمان ھەیە کە دوو جوگرافیای دەسەڵاتدارێتی لۆکاڵیی سیاسییان بەرھەمھێناوە، بۆئەوەی وەزیفەی ڕاستەقینەی بیرۆکراسیی دەسەڵات لە خاڵێکی سێنتراڵدا وونبکەن. ئەم دۆخەش وایکردووە کە زەحمەتبێت پەیوەندییەکانی دەسەڵات بە ئاسانی بگۆڕدرێن، چونکە دەسەڵات دابەشبووە بەسەر چەندین پنتی جیاوازدا کە خەڵک نازانێت داواکارییەکانی ڕووبەڕووی کوێ و کێ بکاتەوە.

ئەوەی لە کوردستاندا ڕوویداوە و ڕوودەدات، دروستبوونی لەشکرێکە لە دوو جۆر بکەری سیاسیی ”پڕ-ڕووداو“ و ”ڕووداو-دروستکەر“. وێنەی ئەم بکەرانە ساڵانێکە بە بەردەوامیی لەناو ڕووبەری گشتییدا ئامادەیە، وەکو بکەر لە ناو کایەی سیاسەتدا ئامادەن و رۆڵێکی ستراتیژییان لە دروستکردن و ئاراستەکردنی ڕووداوەکاندا ھەیە لە دونیای دوای ڕاپەڕینی ئێمەدا چەندەھا ”پیاوی پڕ-ڕووداو“ و چەندان ”پیاوی ڕووداو-دروستکەر“ ھەبوون، کە ھەموویان بە ئاراستەی وێرانکردنی زیاتری کوردستان و کۆمەڵگاکەیان کاریان کردوە و ڕووداوی جیاوازیان دروستکردوە. ئەوەی ئەم لەشکرە لە سیاسەتمەداران کردوویانە و ئەو ڕووداوانەی دروستیانکردوە، سەرجەمی ئەو قەیرانانەی ئەمڕۆکەی بەرھەمھێناوە.“ بۆیە بەڕای ئەوان ئەم دونیایەی ئێمە بەم بکەرانە چیدی قابیلی چاککردنەوە نییە و تەنھا بکەری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی نوێ دەتوانن دونیای ئەمڕۆکە بگۆڕن و ڕێ لە درێژەدان بەو دۆخە ترسناک و ناھەموارە بگرن.

بەبۆچوونی ئێمە لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا وزەیەکی گەورەی ناڕازیبوون و یاخییبوون ئامادەیە کە پێویستی بە ئاراستەکردنێکی عەقڵانیی ھەیە، بۆئەوەی کە تەقییەوە تەڕ و وشک بەسەریەکەوە نەسوتێنێت. لەمڕۆدا بەشێکی ئەو وزە گەورەیە لە ھەڵاتن و باوەشکردن بە دەریاکاندا بەرجەستەدەبێت، بڕێکی تری لە ئیھمالکردن و گوێنەگرتن لە دەسەڵاتداران، ھەندێکی تری لە کردەی کۆمەڵایەتیی بچووک و دابڕاو و ڕێکنەخراودا، ھەندێکیشی لە نوکتە و جنێو و زمانێکی پڕ توندوتیژیی ڕەمزی و ژمارەیەکی زۆریشی لە توڕەبوونێکی بەردەوامدا خۆی بەیاندەکات. ئەم دۆخە تا ناکۆتا درێژەناخایەنێت، ئەم وزە پەرشەش تاسەر بەو ئاراستانەدا کەناڵیزەنابێت و بەوجۆرە تەعبیر لەخۆی ناکات.

 

 

سەرچاوە: ئاوێنە

 

Qadirzada.com @ 2016. All rights reserved