‌ حه ڤده که س ئارام و سروه یان گوله باران کرد



سروە لەسەر قەرەوێلەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی، بەهەناسە سوارییەكی زۆرەوە بەردەوام دەگری و وێنەی ئارامی هاوسەری لە باوەشدەگرێ . ئەو بە چاوی خۆی براكەی خۆی بینی لەگەڵ چەند كەسێكدا خۆیان كرد بەماڵەكەیانداو هاوسەرەكەیان لەشیرینی خەودا دایە بەر رێژنەی گوللەو پێنج گوللەشیان لە خۆیدا. ئەو ژوورەی نەخۆشخانە كە سروەی تێدا خەوێندراوە، بە چەند پۆلیس و ئاسایشێك دەورە دراوە، چونكە هێشتا بكوژەكان دڵیان ئاوی نەخواردووەتەوەو هەڕەشە دەكەن.

چوار مانگ لە مەوبەر سروە شووی بەو كوڕەكرد كە زیاتر لە یەك ساڵ و نیو بوو یەكتریان خۆشدەویست، هەموو خۆزگەیان ئەوەبوو ژیانێكی هاوبەشی ئارام بەسەر ببەن، بەڵام لەبەر ناڕەزایی ماڵی سروە. بەبێ رەزامەندی ئەوان بڕیاری پێكەوەنانی ژیانی هاوسەرییان دا و، زەماوەندەكەیان تەنها لەنێو دڵی خۆیاندا گێڕاو مانگی هەنگوینیشیان پڕبوو لە ترس و دڵەراوكێی پەیدابوونی ئەوانەی بەدوای دەرفەتی تاڵكردنی ژیانیانەوە بوون “لێیان تاڵكردین، هەموو شتێكیان تێكدا”.

كاژێر 9ی شەوی3/1/2010 لەگەڕەكی رزگاری شاری سلێمانی،دەنگی رێژنە گوللەیەكی لەناكاو گەڕەكەكەی شڵەژاند. پێش گەیشتنی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەكە، هێرشكەران هەڵاتن و پۆلیسیش تەرمی ئارام جەمال و ژنێكی تەمەن 22 ساڵ یان بەناوی سروە محەممەد ئەمین بە برینداری لە ماڵێكدا هێنایە دەرەوە. سروە بە برینداری لە نەخۆشخانە چیرۆكە تراژیدییەكەی خۆی و ئارامی هاوسەری بۆ (رووداو) گێڕایەوە.

جەمالی باوكی ئارام دەڵێت “ئارام ئۆقرەی لێ بڕابوو، دەیگوت ئەگەر سروەم بۆ داوا نەكەن خۆم دەكوژم، سروەش بەهەمانشێوە ئەوەی بەماڵی باوكی گوتبوو، بەڵام بەداخەوە سێ جار چووینە داخوازی، پێیان نەداین”. ئەو پیاوە كە هێشتا بەسەر پشكۆی داخ و حەسرەت و مەرگی كوڕەكەیەوە راوەستاوە گوتیشی “ئەوان چەند ساڵێك لەمەوبەر هاتنە داوای كچی من و پێمدان و ئێستا كچێكی من بووكی ئەو ماڵەیە”. باوكی ئارام دەڵێ ئەوانەی هێرشیانكردووەتە سەر ماڵی كوڕەكەی لەشەوی 3/1/2010دا ژمارەیان 17 كەس بووە.

ئەگەرچی ئارام و سروە خەڵكی قەزای دووكانن و هەر لەوێ دادەنیشتن، بەڵام بڕیارە سەختەكەیان ناچاری كردن دوكان بەجێبهێڵن و روو لەسلێمانی بكەن تا دوور بن لەمەترسی پەلاماری براكانی سروە “سروەو ئارام ناچار بوون بەدزییەوە چوونە لای دادوەر و خۆیان لەیەك مارە كرد، پاشتر خۆیان تەسلیمی پۆلیس كرد، دواتر دادوەر كەسوكاری هەردوولای بانگ كردو پێیگوتین تازە ئەوان دەستگیرانی یەكترن و ئێوەش بیكەنە پیاوەتی”، باوكی ئارام گوتیشی “ماڵی سروەش رازیبوون، بەڵام گوتیان بەمەرجێك نەیێنەوە دوكان، بەڵام پاشتر بەئاسایشم گوت ئەوانە جێگەی متمانە نین و هەر دەیانكوژن، كەچی گوێیان لێنەگرتم”.

 سروە كە بەئاستەم قسەی بۆدەكرێت رووداوەكەی بەو شێوەیە گێڕایەوە “ئارام نوستبوو منیش لەحەمام بووم، چەند كەسێك هاتنە نێو ماڵەكە دەستیان بە تەقەكرد، كە چوومە دەرەوە بەپەلە سەیرم كرد ئارام كوژراوەو دواتر چەند گوللەیەكیشیان بە منەوەنا”.

 گوتیشی “بەچاوی خۆم براكەم و چەند خزمێكی خۆمانم بینی كە تەقەیان كرد”. سروە دەڵێ دووشەو پێش ئەو رووداوە، ئەو و ئارام لە سلێمانی لە ماڵی خۆیان دانیشتبوون و، ئارام زۆر قسەی خۆشی بۆكردووە و لە سروەی پرسیوە : سروە تۆ لەمردن دەترسیت؟ “گوتم نا، ئەویش گوتی دەمنیش لەمردن ناترسم”. سروە دەڵێ كاتی خۆی بەڵێنی بە ئارام دابوو ئەو لەهەرشوێنێك بێت، ئەویش بچێتە لای، ئەویش ئەو بەڵێنەی پێدابوو . سروە دەڵێ “بۆیە ئەگەر چاكیش ببمەوە هەر خۆم دەكوژم و دەچمە لای ئارام”. ئەوە زەنگێكی مەترسیدارە لەلایەن سروەوە، پێویستە لەو بارەوە هوشیارییەكی تەواو هەبێت.

سروە مشتومڕی لەگەڵ كارمەندانی نەخۆشخانەكە دەكرد، پزیشكەكان داوایاندەكرد سروە رێگەیان پێبدا “ئەشیعە” بۆ منداڵەكەی نێو سكی بگرن، تاوەكو بزانن لەژیاندا ماوە یان نا، بەڵام ئەو رێگەی پێنەدەدان. سروە بەگریانەوە بەپزیشكەكانی دەگوت “نامەوێت ئەوەی لەئارام بۆم بەجێدەمێنێت شتێكی لێبێت، نابێت ئەشیعەی بۆ بگرن نەوەك بەوهۆیەوە بمرێت”.

ئازاد جەمالی برای ئارام، زۆر پەسنی براكەی دەدا و دەڵێت “ئارام تابڵێی كەسێكی لەسەرخۆو هێمن بوو، هەموو كەس خۆشیدەویست، ئەگەرچی ئەو قاچێكی تەواو نەبوو، بەڵام كەسێكی زۆر زیرەك بوو”. سروە قسەكانی ئازادی پشتڕاستكردەوەو بەچاوی پڕ لەگریانەوە گوتی “رۆشنایی چاوەكانی من ئارام بوو، لەپێناوی خۆشەویستی ئەودا بۆ هەموو شتێك ئامادەبووم و ئێستاش ئامادەم”.

وەك باوكی ئارام باسیكرد ئێستا بكوژەكان هەڕەشە لە برایەكی خۆیان دەكەن بەناوی رزگار، چونكە ئەویش مێردی خوشكێكی ئارامەو پەیوەندی لەگەڵ ماڵی ئارام و باوكی ئارام خۆشبووە. سروەو ئارام درانە بەر رێژنەی گوللەو نەیانهێشت ئارام نۆبەرەی خۆی ببینێت سروە دەڵێ “ئەو منداڵە جوانترین و پیرۆزترین یادگاری نێوان من و ئارامە”.

عەمید نەجمەدین قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری سلێمانی لە بارەی ئەو رووداوە بە (رووداو)ی راگەیاند ئەو دوو بنەماڵەیە كێشەی كۆمەڵایەتییان هەبووە، پێشتر لە دووكان دانیشتوون و ئێستا لە سلێمانی دادەنیشن، راشیگەیاند “بكوژەكان مام و برای ژنەكەن و سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە،پۆلیس فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركردوون، بەڵام خۆیان شاردووەتەوەو تا ئێستا دەستگیر نەكراون”.

 

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved