رەتكردنەوەی نامە "مێژوویی"ەكە

ڕاپۆرتی شیكاری.. تیلرسۆن نەیتوانی ئەزموونی بلفۆر بۆ كورد دووبارەبكاتەوە

 

ڕاپۆرتی شیكاری: ئارام هادی

لەكاتی بەڕێوەچونی هەڵمەتی بانگەشەی ڕیفراندۆمی باشوری كوردستاندا تادەچوو بانگەشەكان چڕتردەكرانەوە بۆئەنجامدانی ڕاپرسی لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا.

 

هاوكات داواكاری وڵاتانی ناوچەكە و جیهان بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم بۆ دوای هەڵبژاردنەكەی عیراق چڕتردەكرایەوە, ئەمریكا بۆ ئەو مەبەستە سەرباری پەیوەندی یەتەلەفونی یەكانی كۆشكی سپی لەگەڵ "بارزانیدا" هەردوو باڵیۆز و سەرقونسوڵگەری یەكەی لە (بغداد و هەولێر) و ناردنی نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا"برێت مەكگۆرك"بۆلای "بارزانی"لەم سەردانانەدا مەرجی بارزانی بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم بەدیلێكی نێودەوڵەتی بو, دواجار ئەمریكا ناچاربو لەڕێگەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی بەفەرمی ئەو بەدیلە بداتە كورد و نامەیەكی نارد بۆ "بارزانی" لەبەرامبەر دواخستنی ڕیفراندۆم.

 

نامەكەی ئەمریكا دوو ڕۆژ پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم گەیشتە دەست "بارزانی" بەڵام ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ئەو نامەیەی لە خەڵكی باشوری كوردستان شاردەوە, دواجار ڕیفراندۆم لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بەناوچە جێناكۆكەكانەوە ئەنجامدرا.

 

لەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و لەسەرەتای گرتنە بەری ڕێكارەكانی (عیراق)دژی باشوری كوردستان وداخستنی فڕۆكەخانە و خاڵەسنوری یەكان, نامەیەك لەڕاگەیاندنەكانەوە بڵاو كرایەوە كە خەڵكی توشی شۆككرد ئەویش نامەكەی "ڕیكس تیلرسۆن"ی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بوو وەك ئەو بەدیلەی هەمیشە "بارزانی" باسی دەكرد بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم, ئەم نامەیە هەر زوو دەنگدانەوەیەكی بەهێزی دروستكرد و زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی نامەكەیان بە "بلفور"ی دووەم چواند.

 

دوو دەیە پێش بەڵێننامەكەی بلفور"تیۆدۆر هیرزل" ئەو ڕۆژنامەنوسە جولەكەیە بوو كە لەسەرەتای ساڵی ١٨٩٨دا بانگی جولەكەكانی كرد لە شاری "بازلی سویسرا "كۆببنەوە بۆ ڕاگۆڕینەوە سەبارەت بە ڕۆیشتنەوەیان بۆ فەڵەستین, ئەوەبوو لەهەمان ساڵدا و لەدوای" ٢٠٠٠هەزارساڵ" لە ئاوارەیی بۆیەكەم جار جولەكەكان كۆبونەوە و پەڕلەمانێكیان پێكهێنا, جارێكیتر و  پێش بەڵێنی "بلفور"یش لەسەرەتای دەستپێكردنی شەڕی جیهانی یەكەمدا "ژەنەراڵێكی"( بەریتانی ) پەیمانی دا بەجولەكەكان گەر هاوكاریان بن لەشەڕ لەگەڵ توركە عوسمانی یەكان بەگواستنەوەی تەقەمەنی بۆبەرەكانی جەنگ ئەوا دوای شەڕەكە دەوڵەتێكی جولەكەیان دەداتە دەست!, جولەكەكان بەسەركردایەتی "تروپێلدێری", كە جولەكەیەكی ڕوسی بوو شەش سەد كەسی كۆكردەوە و هاوكاری ئەو ژەنەراڵە بەریتانیەیكرد. دواتر لە ٢نۆڤەمبەری ١٩١٧دا, بەڵێنی فەرمی بەریتانیایان وەرگرت بۆ دروستكردنی دەوڵەتێك بۆ جولەكەكان, ئەو بەڵێنە پێك هاتبوو لەنامەی وەزیری كار و باری دەرەوەی ئەوكاتی بەریتانیا بەناوی (ئارسەر جێمس بلفور), كەبۆ (لۆرد ڕۆتشیڵد)ی ناردبوو, ناوەڕۆكی ئەم نامەیە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی بەریتانی (ویڵسن)داڕێژرابوو دواتریش لەلایەن (ئیتالیا و فەرەنسا)وە پەسەندكرا, دواتر ئەو بەڵێننامەیە بە بلفور ناوی لەمێژوودا دەركرد, كەدەقی بەڵێننامەكە پشتیوانی بریتانیای بۆگەلی جولەكە تیادا دوپاتكرابۆیەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێك لە خاكی فەڵەستیندا, ئەم بەڵێنامەیەی بلفور بیرۆكەی نیشتمانی جولەكەی كردە ڕاستی و مێژوو جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە تەواوی بۆ ئەبەد گۆڕی.

 

پەیوەندی كورد و ئەمریكا پێش نامەكەی تیلرسۆن

 

ئەمریكا لەشەستەكانی سەدەی ڕابردوەوە باوەڕی بەوە هەبوو كە كورد هەندێك مافی سنورداری كلتوری و سیاسی هەبێت تا ١٩٩١لەسەرپێشنیاری فرەنسابڕیاری "٦٨٨"ی ئەنجومەنی ئاسایشیان دەركرد بەمەش پشتێنەی ئەمنی یان بۆ هەرێم دروستكرد و كوردیان لە هەڕەشەكانی" صدام حسێن"پاراست, دواتر لە٢٠٠٣  و لەم دواییانەش لەسەرەتای شەڕی داعشەوە ئەمریكا پەیوەندی یە(سیاسی. سەربازی. ئابوری. دبلۆماسی)یەكانی لەگەڵ هەرێم بردە ئاستێكی باڵاتر, لەم بارەوە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە وەك چۆن شەڕی داعش دۆزی كوردی بردە ئاستێكی بەرز, ئاواش گوێگرتن لە نامەكەی "تیلرسۆن"كوردی دەگەیاندە سەربەخۆیی, بەڵام سەركردایەتی كورد ئەو چانسەی دووەمیان لەدەستدا.

 

لەلایەكیترەوە بەشێكیتر لە شارەزایانی سیاسی باشوری كوردستان هۆكاری سەرەكی ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر كە تیایدا سوپای عیراق و پۆلیسی فیدراڵی گەڕانەوە بۆ كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانیتر دەگێڕنەوە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەو جێگایانە, چونكە كەركوكی دەوڵەمەند بە نەوت و فرەپێكهاتە هەریەكە شارەكە بەهی خۆی دەزانێت, ئەمەش دۆخی كەركوكی هەستیاركردوە و بۆتە هۆی كێشەیەكی قوڵی ناوچەیی بەجۆرێك لەئەگەری گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەرهەرێمی كوردستان شەڕی هەرسێ وڵاتی (عیراق. توركیا. ئیران)بەرامبەر بە كورد هەڵگیرسێت, بەهۆی ئەم تایبەتمەندی یەوە ئەمریكا نەیدەویست ڕیفراندۆم لەو شوێنانە ئەنجام بدرێت, ئەمریكیەكان پێیان باشە كەركوك بكرێتە شاری پێكەوە ژیانی ئاشتیانە, لەسەرەتای ڕزگاركردنی عیراقیشدا "مام جلال" چەندجارێك هۆشداری لەبارەی شارەكەوە داوە و كاركردن لە كەركوكی بەئاڵۆز و نەشتەرگەری" مێشك"چواندوە, هەر لەم بارەوە لە٢/١١/٢٠١٧دكتۆر "فایق گوڵپی" سەرۆكی ئەكادیمیای سیاسەت و هزری دیموكراسی لە سیمنارێكدا لەشاری سلێمانی ڕایگەیاند كە ساڵی ٢٠٠٢"یۆست هیڵتەرمان"ی هۆڵندی و سەرۆكی ڕێكخراوی (ئینتەرناشناڵ كرایسس)بۆ كەیسی كیمیایی هەڵەبجە پێی ڕاگەیاندوە لە"١٩٩١"گەر كورد شاری كەركوكی ئازاد نەكردایە ئەمریكا گڵۆپی سەوزی بۆصدام هەڵنەدەكردو كۆڕەویش دروست نەدەبو, دواتر لە مانگی ١٢/٢٠٠٧دا ئەنجومەنی ئەوكاتی پارێزگای كەركوك بەتەمابون دەنگ بدەن بەپڕۆژە بڕیارێك بۆ گەڕاندنەوەی شارەكە بۆ سەرهەرێمی كوردستان بەڵام ڕێك لەو كاتەدا "كۆندۆلیزا ڕایس" ی وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا ڕاستەوخۆ دێتە كەركوك و هۆشداری توند دەداتە پارێزگا كە دەست لەو پرۆژەیە هەڵبگرن!, لەدواینجاریشدا ٢٥/٩/٢٠١٧لە دەرئەنجامی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا كورد ئەو شارە و سەرجەم ناوچە جێناكۆكەكانی لەدەستدا و خرایەوە ژێر دەسەڵاتی بغداد, ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت بەرپرسانی كورد بەهەڵەداچون لەخوێندنەوەیان بۆ هەستیاری شاری كەركوك.

 

نامەكەی تیلرسۆن

 

ئەم نامەیە دوو ڕۆژ پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم گەیشتۆتە دەست "بارزانی" وەك ئەو بەدیلەی داوای دەكرد لەنامەكەدا "ڕیكس تیلرسۆن"ی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هانی بارزانی دەدات بۆماوەی یەك ساڵ ڕیفراندۆم دوابخات و پەیوەست بێت بە گفتوگۆ لەگەڵ "عبادی"نوسیویەتی ئەمریكا پاڵپشتی تەواو لەو گفتوگۆیانە دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانتان, لەبەشێكیتری نامەكەدا وەزیرەكەی ئەمریكا بۆ "بارزانی" نوسیوی یەتی "جەنابی سەرۆك" من لەترس و نیگەرانی یەكانتان لەو هەڵە مێژوویانەی دەرحەق بەئێوەكراوە لەساڵی١٩٢١تێدەگەم كە ئەو گفتوگۆیانە دەبنە بنەمایەكی ئاسایشی بەهێز بۆهەرێمەكەتان, ئەوە سیاسەتی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكایە كە هەمووشتێك بكەین ئەوەی لەتوانای ئێمەدایە بۆچارەسەركردنی كێشەكانتان لەگەڵ بغداد وەدڵنیایی بدەین هێز و قورسایی ئێمە لەپشت ئەم دان و ستاندنەوەیە, لەوەش زیاتر ئێمە ئامادەین بۆكارئاسانیكردن تا ئەنجومەنی ئاسایش بەزوترین كات ئەم بەدیلە پەسەندبكات, وەبۆ پشتیوانی زیاتر تەواوی نەتەوەیەكگرتوەكان بەژدارپێدەكەین بە هاوبەشی دۆستەكانمان وەك (بریتانیا. فرەنسا), ئەمەدەرفەتێكی ناوازەیە كە ئێمە بەوپەڕی ڕێزەوە دەمانەوێت قبوڵی بكەن, وەك بەدیل بۆئەم ڕیفراندۆمەی ئێستا كە ئێمە باوەڕمان وایە ئەم ڕیفراندۆمە دەرئەنجامی مەترسیداری دەبێت وە بەپێچەوانەوە دەبێتە هۆی پاشەكشە لە ئامانجەكانتان, لەئەگەری سەرنەكەوتنی گفتوگۆكانتان و دەركەوتنی كەمتەرخەمی لەلایەن بغدادەوە ئەوا ئێمە پشتیوانیتان لێدەكەین بۆئەنجامدانی ڕیفراندۆم.

 

لەكۆتایی نامەكەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كورد دڵنیادەكاتەوە كەپشتیوانمان دەبێت بۆ جێبەجێكردنی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە لەچوارچێوەی گفتوگۆدا تەنها لەماوەی یەك ساڵدا

 

یەكەم/ جێبەجێكردنی تەواوی ڕێككەوتنەكانی بواری دابەشكردنی دەسەڵات و سەروەت

 

دووەم/ جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠ی دەستور

 

سێ یەم/ چارەسەركردنی كێشەكانیتر وەك (پێشمەرگە. فرۆكەوانی مەدەنی. نوێنەرایەتی دبلۆماسی و كێشەكانیتر).

 

لەكۆتایی نامەكەشدا وەزیرەكەی ئەمریكا دەڵێ"ئێمە باوەڕمان وایە ئەم نامەیە و ئازایەتی ئێوە بنەمایەك دەبێت بۆ دەرفەتێكی مێژویی لەنێوان كورد و ئەمریكا, وەبەناوی گەلی ئەمریكا و سەرۆك "دۆناڵد ترامپ"و تەواوی تیمی ئاسایشی نیشتمانی شەرەفمەندین بە كاركردن لەگەڵ ئێوە".  لەگەڵ ڕێز.... ڕیكس تیلرسۆن.

 

دەبێت خەڵكی باشوری كوردستان ئەو پرسیارە لە ئەنجومەنی بالای ڕیفراندۆم بكەن كە بۆچی ئەم بەدیلە مێژوویی یەتان قبوڵ نەكرد؟.

 

سەرچاوەكان

*دەقی بەڵێننامەی بلفور

*دەقی بەڵێننامەی ڕیكس تیلرسۆن

*مێژوی دروست بونی ئیسرائیل

*"داود بنگۆریۆن"دامەزرێنەری دەوڵەتی ئیسرائیل(وەرگێڕانی شەفیقی حاجی خدر)

*زانیاری گشتی

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved