ئارام شێخ محەمەد پەیامێك ئاڕاستەی حەشدی شەعبی دەكات

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، پەیامێك ئاڕاستەی هەریەكە لە فەرماندەكانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنیەكان دەكات

 

دەقی پەیامەكەی ئارام شێخ محەمەد:

 

پەیامێك لە ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ فەرماندەكانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنیەكان:

 

بەرێزان فەرماندەكانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، وەك نوێنەری خەڵكی كوردستان لەسەرۆكایەتی دامەزراوەی یاسادانی دەوڵەتی ئیتحادی داواتان لێدەكەم بەگیانێكی پیشەیی و رۆحێكی نیشتمانی بەرزەوە پارێزگاری لەژیان و سەروماڵی هاوڵاتیان بكەن لەشاری كەركوك و قەزای دوزخورماتو و سەرجەم ئەو ناوچانەی كە لەچەند ڕۆژی ڕابردودا بەهۆی سەركێشیەكانی سەرانی ڕیفراندۆم دوچاری نەهامەتی و دەردەسەری بونەوەو دۆخێكی نەخوازراو بەرۆكی گرتن كە هیچ دەسەڵاتێكی ئەوانی تیادا نەبوە، بگرە بەسەریاندا سەپێنرا.

لێرەو لەوێ هەواڵی دەستدردێژیكردنە سەر ژیان و موڵك و ماڵی خەڵك لەهەندێك لەناوچانە دەبیستین، تەمەننا دەكەین پڕوپاگەندبن و لەسەر ئەرزی واقیع هیچ سەرپێچی و دەستدرێژییەكی لەوشێوەیە ڕوینەدابێت، چونكە ڕەفتاری لەوشێوەیە خزمەت بەپێكەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان پێكهاتە جیاوازەكان ناكات و خزمەت بەئەجێندای تر دەكات كە بەزیانی ئاشتەوایی لەناوچەكە تەواودەبێت.

 

بەشاهیدی هەمو گەلانی عێراق، پێشمەرگە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا پارێزەری ئاشتی و سەروماڵی هاوڵاتیانی هەمو ئەو ناچانە بوە بەجیاوازی نەتەوەو ئاین و بیركردنەوەوەو بەخوێنی هەزاران شەهید و بریندار سەرجەمی ئەو ناچانەی لەدەستی ڕەشی تیرۆر پاراستوە و ڕێگەی نەداوە زەفەر بەهاونیشتمانیان بەرن، بۆ پاراستنی زیاتری ئارامی ئاسایشی ئەو ناوچانەش بەگرنگی دەزانین یەكەكانی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە جارێكی تر پاراستنی ئەو ناوچانە بگرنەوە ئەستۆ كە دڵنیایی زیاتر دەداتە هاوڵاتیان و زیاتر هانیان دەدات بۆ گەڕانەوەو ئاسایكردنەوەی دۆخەكە، هاوڵاتیانی كوردی ئەو ناوچانە ماڵەكانیان لەڕۆژانی ئاوارەیی بۆ خێزانە عەرەب و توركمانەكانی ناوچەكە كردەوەو نانی ڕۆژانەیان لەگەڵ بەشكردن و دەبێت ئەمانەمان هەموی لەبیربێت.

 

بەشێكی زۆری سەركردەكانی حەشدی شەعبی ڕۆژانێك لەشاخ و ماوەیەك لەمەوبەریش پێكەوە لەگەڵ پێشمەرگە دژی داعش خوێنیان ڕشت بۆ پاراستنی ژیانی خەڵك.

 

هاوڵاتیانی شاری كەركوك و قەزای دوزخورماتو و سەرجەم ناوچە كێشە لەسەرەكانیش دڵنیادەكەینەوە كە خۆمان بەخاوەنیان دەزانین و پارێزگاریكردن لەژیان و سەرو ماڵ و مافەكانیان واجبی سەرشەنمانە و لەو ڕوەشەوە بەهاوكاری نوێنەرانی كورد و دڵسۆزان و دۆستەكانمان سەرقاڵی پێكهێنانی لیژنەی تایبەتین بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخەكە.

 

ئارام شێخ محەمەد

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

١٨/١٠/٢٠١٧

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved