ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە

 

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات، ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨ پەسەند نەکات.

 

ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:

ڕاگەیەنراوێک لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە

 

ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان جارێکی تر داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ دەکات کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠١٨ پەسەند نەکەن کە تاکلایەنە لەلایەن وەزارەتی داراییی عێراقی فیدراڵەوە ئامادە کراوە بەبێ ‌بەشداریپێکردنی ھەرێمی کوردستان بە پێچەوانەی یاسای فیدراڵیی بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە ٩٥ی ساڵی ٢٠١٤ و ماددەکانی ١٠٥ ـ ١٠٦ و ١٢١ی دەستوور کە بەشداریکردنی دادپەروەرانەی ھەرێمی کوردستان گەرەنتی کردووە لە دامەزراوەکانی فیدراڵدا، ئەویش بە ڕەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

 

١. ئەو ڕەشنووسە بەبێ بەشداریپێکردنی ھەرێمی کوردستان و بەبێ ڕەچاوکردنی دەستوور و یاسا فیدراڵییەکان ئامادە کراوە، بەتایبەتیش کە لە ڕەشنووسەکەدا قەوارەی دەستووری و یاساییی ھەرێمی کوردستان فەرامۆش کراوە و تازە بە ‌تازە (ھەرێمی کوردستان - عێراق) بە (پارێزگاکانی باکووری عێراق) لە ڕەشنووسی یاساکە ناودەبەن و ناوی (حکوومەتی ھەرێمی کوردستان)یش بە (حکوومەتی پارێزگاکان) و ناوی (وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان)یش بە (وەزارەتی دارایی پارێزگاکان) ھاتووە، سەرەڕای ناوھێنانی (دیوانی چاودێریی ھەرێمی کوردستان) بە (دیوانی چاودێریی پارێزگاکان) کە ئەمانە ھەمووی سەرپێچیی جەوھەرین لە دەستووری عێراق، بەتایبەتی بڕگەی (یەکەم) لە ماددەی (١١٧) و بڕگەی (یەکەم) لە ماددەی (١٢١)ی دەستوورە کە دانی بە ھەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانیدا ناوە وەک ھەرێمێکی فیدراڵی و مافی پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری بە ھەرێمی کوردستان داوە، نەک وەک پارێزگا.

 

٢. کەمکردنەوەی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ یەکەم جار لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە لە ڕێژەی (١٧%) بۆ ڕێژەی (١٢.٦٧%)، ئەمەش سەرپێچییە لە بڕگەی (سێیەم) لە ماددەی (١٢١)ی دەستوور کە پێویستە لەسەر حکوومەتی فیدراڵ پشکێکی دادپەروەرانە لە داھاتە فیدراڵییەکان بۆ ھەرێمی کوردستان تەرخان بکات بە ڕەچاوکردنی ژمارەی دانیشتوانی ھەرێم و لەبەر ئەوەی تا ئێستا لە عێراق سەرژمێریی دانیشتوان نەکراوە، بە ڕێککەوتنی ھەردوولا ڕێژەی دانیشتووانی ھەرێم بە ١٧%ی دانیشتوانی عێراق دیاری کراوە، ھەر لەسەر ئەو بنەمایەش ساڵانە ئەم ڕێژەیە لە یاساکانی بودجەی عێراقدا جێگیر کراوە، ھەرچەندە ھیچ ساڵێک ھەرێمی کوردستان بە فیعلی ئەو ڕێژەیەی وەرنەگرتووە، بەھۆی زیادبوونی بەرچاوی ساڵانەی خەرجییەکانی سیادی بەبێ ئەوەی ھەرێم ڕۆڵی لە دەستنیشانکردنی ئەو خەرجییانەدا ھەبێت،‌ یان پشکی وەرگرتبێت، کە بۆ ساڵی ٢٠١٨ بڕی (٤٣) تریلیۆن و (١١٠) ملیار دینار تەنھا بۆ خەرجییەکانی سیادی تەرخان کراوە، کە دەکاتە ڕێژەی (٣٩%)ی بودجەی گشتیی عێراق و لە دوای داشکاندنی خەرجییەکانی سیادی بەشە بودجەی ھەرێم دەبێتە نزیکەی (٦.٣%)، بۆیە کەمکردنەوەی پشکی ھەرێمی کوردستان ھیچ بنەمایەکی دەستووری نییە و لە دەرەوەی ئەو ڕێککەوتنە ھاوبەشەدا ئەنجام دراوە.

 

٣. بەخشینی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆ بە پارێزگارەکانی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا و مامەڵەکردن لەگەڵ پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان وەک پارێزگا نەک وەک ھەرێم کە تەنھا مەبەست لێی ھەڵوەشاندنەوەی نادەستووریی قەوارەی ھەرێمی کوردستانە کە لە ڕووی پراکتیکەوە ھیچ سوودێک بە ھاووڵاتییانی ھەرێم ناگەیەنێت، سەرەڕای فەرامۆشکردنی دانپێنان بە پارێزگای ھەڵەبجە لە ھەرێمی کوردستان، کە ئەمانەش ھەمووی پێچەوانەی بڕگەی (یەکەم) لە ماددەی (١١٧) و بڕگەی (یەکەم) لە ماددەی (١٢١)ی دەستوورە و مامەڵەکردنی ھەرێمی کوردستانە وەک ھەر پارێزگایەکی تری عێراق نەک وەک ھەرێمێکی فیدراڵیی دانپێدانراو بەپێی دەستووری عێراق، سەرپێچییە لە دەستوور.

 

٤. بڕگەی (چوارەم) لە ماددەی (١٢٦) لە دەستوور، ڕێگە نادات دەسەڵاتە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتە فیدراڵییەکانەوە کەم بکرێنەوە یان سنووردار بکرێن، تەنانەت دەستوور ڕێگریشی کردووە لە ھەر ھەموارێکی دەستووری کە ببێتە ھۆی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستان.

 

سەرەڕای ئەو سەرپێچییە دەستوورییانەی سەرەوە، لەگەڵ دووپاتکردنەوەی پێشوازیکردنی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە دەستپێشخەریی بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ بۆ دابینکردنی مووچەی ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت لە خشتەی (ج)ی ھاوپێچی ڕەشنووسی یاساکە تایبەت بە دەستنیشانکردنی ھێزی کاری کەرتی گشتی، ژمارەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی ساڵی ٢٠١٧ بە (٦٨٢) ھەزار و (٢١) مووچەخۆر دەستنیشان کراوە و بڕی تەنھا (٢٠٦) ملیار دیناریان مانگانە بۆ تەرخان کراوە و تەنھا بڕی (١٢٨) ملیار دیناریش مانگانە بۆ تەرخانکراوی چاودێریی کۆمەڵایەتی تەرخان کراوە کە (خانەنشینان، کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان، کەمئەندامان، سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی) دەگرێتەوە، کە کۆی گشتیی مانگانە دەکاتە (٣٣٤) ملیار دینار، لە کاتێکدا لە ھەرێمی کوردستاندا (١) ملیۆن و (٢٤٩) ھەزار و (٤٨١) مووچەخۆر ھەیە و بڕی پارەی پێویستیش بۆ یەک مانگی مووچەکانیان دەکاتە (٨٩٧) ملیار و (٥٠٠) ملیۆن دینار. ئەوەی جێی سەرنجە، سەرەڕای ئەوەی ژمارەی مووچەخۆران بەپێی ڕەشنووسی بودجەی فیدراڵی ٢٠١٨ ھەمان ژمارەیە، بەڵام بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٧ بڕی (١) تریلیۆن و (٣٢١) ملیار دیناری لێ داشکێندراوە بەبێ دەستنیشانکردنی بنەمای ئەم داشکاندنە.

 

 داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ دەکەین بواری دانوستان بڕەخسێنێت لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی داڕشتنەوەی ڕەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ھەڵگرتنی ھەموو ئەو سەرپێچییە دەستوورییانەی لە ڕەشنووسەکەدا ھەن و دژ بە بەرژەوەندییە باڵاکانی ھەرێمی کوردستان و بنەمای شەراکەت و پێکەوە ژیانن لە عێراقدا و دابینکردنی پشکی دادپەروەرانەی ھەرێمی کوردستان، چونکە کەمکردنەوەی پشکی ھەرێمی کوردستان بەم ڕێژە گەورەیە سزادانی بەکۆمەڵی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانە.

 

 

ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان

٥/١١/٢٠١٧

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved