ئەنجومەنى باڵاى مامۆستایانى یەکگرتوو به‌یاننامه‌یه‌كى بڵاوكرده‌وه‌

 

 

ئەنجومەنى باڵاى مامۆستایانى یەکگرتوو به‌یاننامه‌یه‌كى بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاند: پشتگیرى هەر خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەکى ناڕەزایی مەدەنیانە دەکەین، بۆ داواکردنى مافى مامۆستایان و موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان.

 

 

ده‌قى به‌یاننامه‌كه‌ى ئەنجومەنى باڵاى مامۆستایانى یەکگرتوو:

 

بەیاننامەیەک لە مامۆستایانى یەکگرتووەوە

 

سەبارەت بە قەیرانى دواکەوتنى موچە و خەباتى مەدەنی مامۆستایان..

 

مامۆستایان و پەروەرشیارانى دڵسۆز..

 

باوکان و دایکانى رێزدار..

 

خەمخۆرانى پەروەردەو فێرکردن لە کوردستان..

 

وەک هەموولایەک دەزانین کە بەهۆى بێ پلانى و نەبوونى سەلیقەى کارگێڕى و دارایی بەرپرسانەوە، بەردەوام هەرێمەکەمان دوچارى قەیران و کێشەى جۆراوجۆر دەبێتەوە، بەتایبەت کێشە و قەیرانى دارایی و دواکەوتنى بەردەوامى دابەشکردنى موچەى فەرمانبەرانى کوردستان، بەشێوەیەک لە ئێستادا کە پێنج مانگى ئەمساڵ تێپەڕ دەبێت، موچەخۆرانى هەرێم هیچ موچەیەکى ساڵى ٢٠٢٠یان وەرنەگرتووە، ئەمەش بووەتە هۆى گرفتى گەورە لەسەر ژیان و بژێوى هاوڵاتیانى کوردستان، بەتایبەت لە ئان و ساتێکدا کە بەرەو پێشوازى جەژنى پیرۆزى رەمەزان دەڕۆین و، لە هەرکاتێک زیاتر هاوڵاتى پێویستى بە کڕینى پێداویستییەکانى جەژن و دڵخۆشکردنى ماڵ و منداڵى هەیە..

 

بەردەوامى درێژەدان بەم قەیرانانە لەم کاتەدا لە وێستگەیەکدایە کە مامۆستایان و قوتابیانیش سەرقاڵى خۆئامادەکردنن بۆ تاقیکردنەوەکانى کۆتایی وەرزى دووەم، تا بەهۆى پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆناوە ساڵى خوێندن دوچارى شکست نەبێت و کۆتایی پێ بهێنرێت، بەڵام بێگومان ئەمە بەخراپى بارى دەرونى و گیرفانى بەتاڵى مامۆستا و قوتابى و کەسوکارى قوتابیانەوە ناکرێت و سەرکەوتوو نابێت..

 

بۆیە مامۆستایان ناچارن پەنا ببنە بەر دروستکردنى فشارى مەدەنى بۆ بەدەستهێنانى مافەکانیان، کە کەمترین فشارى مەدەنى خۆپیشاندان و گردبوونەوەى ناڕەزایەتییە لەلایەن مامۆستایان و موچەخۆرانەوە، بەڵام بەداخەوە لەلایەن دەسەڵاتى بێ پلانی هەرێمەوە ئەوەش بە مامۆستایان رەوا نابینرێت و پەنا بۆ دەستگیرکردن و هەڕەشە و چاوسورکردنەوە دەبرێت ، ئەمەش ڕێگایەکە بۆ ئەوەى مامۆستا و فەرمانبەران چاوترسێن بکرێن و پەنا بۆ گردبوونەوەو خۆپیشاندان نەبەن، بۆیە بەم بۆنەیەوە ئێمە سەرنج و هەڵوێستى خۆمان لەم خاڵانەدا دەخەینە ڕوو:

 

١- پشتگیرى پرۆسەى پەروەردەو فێرکردن بە ئەرکى خۆمان دەزانین و، بەڵام بەرپرسیارێتى لە ئەستۆى حکومەتى هەرێمە، چونکە سەرکەوتنى پرۆسەکە بارى دەرونى و ئاستى بژێوى دەوێ، کە بەداخەوە لە خێزانى مامۆستا و قوتابیانى کوردستانیان دابڕیوە..

 

٢- پشتگیرى هەر خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەکى ناڕەزایی مەدەنیانە دەکەین، بۆ داواکردنى مافى مامۆستایان و موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان.

 

٣- پەنا بردن بۆ هەڕەشە و توندوتیژى بەرامبەر مامۆستایانى خۆپیشاندەر، بە هەموو شێوەیەک ئیدانە ئەکەین و، بە هەوڵى ترسنۆکانەى دەزانین بەرامبەر هاوڵاتى مافخوراوى کوردستان..

 

٤- داواکارین هەرچى زووە خۆپیشاندەران و مامۆستایان ئازاد بکرێن ،

 

٥- داوا لە وەزارەتى پەروەردە دەکەین کە واقیعیانە مامەڵە لەگەڵ کۆتایی ساڵى خوێندن و ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکاندا بکات و، هەوڵى دابینکردنى دوو موچەى مامۆستایان بدات تا بە ئاسودەیی و بێ کێشە تاقیکردنەوەکان سەرکەوتوو ببن.

 

٦- داوا لە یەکێتى مامۆستایانى کوردستان و، رێکخراو و دەزگا و کەسایەتییە پەیوەندیدارەکان دەکەین، کە سڵ نەکەنەوە لە پشتگیرى داواى رەواى مامۆستایان و، دژایەتى هەر ستەم و توندوتیژییەک بکەن کە بەرامبەر مامۆستایان دەکرێت لە شوێنێکى ئەم کوردستانە بن..

 

لەگەڵ دوبارەى پشتگیرى مامۆستایان و، پێداگرى لەسەر دژایەتى ستەمى دواکەوتنى موچەو، ئازادى بۆ مامۆستایانى کارامەو دڵسۆز..

 

سەرکەوتوو بێت خەباتى مەدەنى مامۆستایان بۆ داواکردنى مافە ڕەواکانیان و، کۆتایی بێت بە ستەمى ستەمکار و گەندەڵکاران لە کوردستان..

 

ئەنجومەنى باڵاى مامۆستایانى یەکگرتوو

١٦-٥-٢٠٢٠

٢٣ى رەمەزانى ١٤٤١

 

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved