پەیامێك لە ئەمیری کۆمەڵەوە

 

 

بسم الله الرحمن الرحیم

 

جەماوەری بەڕێز و دڵسۆزی كوردستان!

بەپێویستی دەزانم لەم هەل و مەرجە سەخت و قەیراناوییەدا كە هەرێمی كوردستانی پێدا گوزەر دەكات، پەیامی دڵسۆزانەی خۆم بۆ هەموولایەك لەم چەند خاڵەدا بخەمەڕوو:

 

١) بێگومان كێشە و گرفت  قەیرانە لەسەر یەك كەڵەكەبووەكانی هەرێم، بەتایبەتی قەیرانی ئابووریی و بێ مووچەیی و تەنگدەستی، هەموو لایەكی بەگشتی سەغڵەت و توڕە و بێزار كردوە، بەتایبەت توێژی مامۆستایان كە یەكێكە لە دڵسۆزترین و ماندووترین توێژی  كۆمەڵگاكەمان.

 

٢) بۆیەش هەموو جۆرەكانی خەباتی مەدەنیی: خۆپێشاندان، ڕێپێوان، مانگرتن، مافی ڕەوای خەڵك و جەماوەرە بە هەموو چین و توێژەكانەوە، بەڵام بە شێوازی شارستانییانەی هێمنانە و بەجۆرێك كە حەق و ماف و داواكردنەكە، بەشێوەیەكی حەق بێ.

 

٣) لێرەشەوە داوا لەسەرجەم خۆپێشاندەران دەكەم كە هۆشیار و بێداربن و ڕێ نەدەن مومارەسەكردنی ئەو مافە ڕەوایەیان لێ بەلاڕێدا ببرێ.

 

٤) بێگومان پەنابردنە بەر توندوتیژیی لە هەر لایەكەوە بێ، تەنیا زیانباریی هەموولایەكی بەدواوەیە.

 

هەروەها پەلاماردان و سووتاندن و وێران كردنی بنكە و بارەگا حیزبیەكان و فەرمانگە حكوومییەكان، جگە لە وێرانكردنی وڵات و ژێرخانە ئابوورییەكەی، هیچ تەفسیرێكی دیكە هەڵناگرێ.

 

٥) پێویستیشە بەزووترین كات حكوومەت و دەستەڵات بەدەم داوا ڕەوایەكانی خۆپێشاندەرانەوە بێ و، هەرچی لە دەستی دێ بیكات و چیدیكە خاوەخاو لە چارەسەركردنی كێشە و قەیرانە كەڵەكە بووەكان دا نەكات.

 

دەبێ دام و دەزگا ئەمنییەكانیش وەك پێویست بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەڵسن، بۆ پارێزگاریی كردن لە خۆپێشاندەران و، موڵك و ماڵی حیزبی و حكوومیی،  وە پێویستە هەموو لایەكیش سەرەنجامی شوومی وڵاتانی وەك سوریا و لیبیا و یەمەنمان لەبەرچاوبێ.

 

٦) كۆمەڵی ئیسلامیش كە هەردەم لەبەرەی خەڵك و جەماوەری ستەمدیدەدا بووەو، ئامادەی هەر باجدانێك بووە لەسەر هەڵوێستی داكۆكییكارانەی لە ماف و ئازادییەكانی خەڵك، ئێستا لە هەموو كاتێك مكوڕتر و سوورترە لەسەر ئەو هەڵوێستانەی، بەڵام بێگومان داواكردنی هەق دەبێ بەشێوازی هەق بێ و، هەڵبەتە ئەگەر كاتی خۆی پێشنیاری گۆڕینی حكوومەت و پێكهێنانی حكوومەتی كاتییش وەرگیرابایە، دۆخەكە بەم حاڵە نەدەگەیشت.

 

٧)  زۆریش نیگەرانین بەوەی كە ئەمجارەش خۆپیشاندانەكان شەهید و  برینداری زۆریان لێ كەوتۆتەوە، چونكە هیچ پاساوێك بۆ كوشتنی خەڵك و جەماوەر نیە و، ئێمە بە توندی ئیدانەی دەكەین.

 

عەلی باپیر

ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان

١٩/٢٠١٧

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved