ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو، پەیامێك بڵاو دەکاتەوە

 

 

پەیامی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو بە بۆنەی بیست و شەشەمین ساڵیادی راگەیاندنی

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە

 

بـــسـم الله الـرحـمـن الـرحــيــم

 

إِنْ أُرِيدُ إِلَّا الْإِصْلَاحَ مَا اسْتَطَعْتُ ۚ وَمَا تَوْفِيقِي إِلَّا بِاللَّهِ ۚ عَلَيْهِ تَوَكَّلْتُ وَإِلَيْهِ أُنِيبُ

 

جەماوەری بەرێزی کوردستان

براو خوشکانی کاروانی شکۆداری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان

سڵاوی خواتان لەسەر بێ

 

بیست و شەشەمین ساڵیادی هەڵکردنی ئاڵای شکۆداری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە خۆمان و سەرجەم کادر و ئەندام و جەماوەری دڵسۆزی یەکگرتوو و تەواوی جەماوەری شەرەفمەندی کوردستان پیرۆز دەکەین، بەو خوشک و برا بەرێزانەشەوە کە گلەیی دڵسۆزانەیان لە یەکگرتوو هەیە و چاوەروانی زۆرتری لێ ئەکەن ، بە هیوای ساڵێکی تر لە بەخشندەیی و جوامێری و چاکەخوازی و مرۆڤ دۆستی و خەبات و خزمەت.

 

تەمەنی کاروانی یەکگرتوو بەشێکی زیندووی بزاف و رەوتی میانەرەوی و چاکسازی و ئیسلامخوازی و کاری فرەیی یە ..، ٢٦ ساڵ لە بەخشندەیی و دڵسۆزی و خەمخۆری و دەست و دەم و داوێن پاکی یە، سەلیقە و ژیری و حیکمەت، رەوشت و ئەخلاقی رەسەن و پەسەن و پاسەوانیی لە بەها باڵاکانی تاک و کۆمەڵگەی کوردەواری و بەشداری دڵسۆزانەی داکۆکی لە دۆزی رەوای گەلەکەمان و پاراستنی دەستکەوتەکانی..

 

٢٦ ساڵ خەبات و خزمەت .. خەبات بۆ راستکردنەوەی هەڵەتێگەیشتنەکان لە ئیسلام و مومارەسەی سەقەتی ناتەواو لە چەمکەکانی عەقیدە و فیکر و جیهاد و پەروەردە و دەعوە.. خەبات بۆ راستکردنەوەی هەڵە تێگەیشتنەکانی چەمکی نیشتمان پەروەری و پاراستنی شوناسی نەتەوە ... خەبات بۆ چەسپاندنی بنەماکانی ئینسانسازی و دروستکردنی نەوەیەکی پەروەردەکراو .. خەبات بۆ سەروەری یاسا و چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ و پێکەوە ژیانی هاونیشتمانیان و رێگرتن لە جیاکاری و قۆرخکردن و دووبەرەکی و لەتکردنی نیشتمان و مامەڵەکردن بە شوناس و کەڕامەتی تاکی کوردەوە.. خەبات بۆ ریشەکێشکردنی گەندەڵی و چەسپاندنی چاکسازی ریشەیی.

 

یەکگرتوو شانازی دەکات وەک مەدرەسەیەکی ئەخلاقی و مرۆڤسازی و پەروەردەی تاکی صالح و خزمەتگوزار و وەک پرۆژەیەکی نیشمانی و خاوەن ستراتیژی ئیصلاح و چاکسازی کۆمەڵایەتی و چالاک لەو بوارەدا ..

 

یەکگرتوو لە پاش ٢٦ ساڵ لە حزور پەیمان نوێ ئەکاتەوە بۆ گەلی کوردستان بەردەوام ئەبێ لەسەر نەهج و بەرنامەی خزمەت بە ئەخلاق و برایەتی و عەدالەت و ئازادی ..

 

بەرێزان :

 

سەرباری کێشە سیاسیەکان و ئەو پاشەکشێیەی حوکمڕانی تەندروست و بەرپاکردنی سەروەری یاسا و دابینکردنی بژێوی و مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیان ، ئەمرۆ کۆمەڵگەی کوردستانی لەبەردەم چەندین قەیرانی کۆمەڵایەتی مەترسیداردایە ..

 

دۆخەکە بە چەندین قەیرانەوە گیرۆدەیە لەوانە :

 

* داڕوخانی کۆمەڵایەتی و سەرهەڵدانی جۆرەها هەرەشەی ترسناکی وەک دیاردەی ئالودەیی مادە هۆشبەرەکان و بڵاوبوونەوەی هەرەشەی ئەخلاقی و تێکچوونی شیرازەی خێزانەکان و زۆربونی تەڵاق و هەڵوەشاندنەوەی خێزان و خۆکوژی و ژنکوشتن ... هتد..

 

* دیاردەی کۆچی گەنجان و کاڵبوونەوەی ئینتمای نیشتمانی و زیادبوونی رێژەی بێ کاری و دانەمەزراندن و نەرەخساندنی هەلی کار و چەندین گرفتی تر کە یەخەی گەنجانی گرتووە و دووچاری نا ئومێدی و کزبوونی هەستی ئینتمای نیشتمانی و ئاینی کردوون .

 

کۆنگرەی هەشتەمی حزب کە لە رۆژانی (٢٨-٢٩/١٢/٢٠١٩) ئەنجامدرا وێستگەیەکی گرنگ و خاڵێکی وەچەرخانی گەورەیە لە خەبات و کۆششی پەیامدارانەی یەکگرتووەکان . هەروەک دەستکەوتێکی جوان و نمایشێکی شایستەی پرۆسەی دیمکراسی و کاری رێکخراو و حزبی بوو .. کۆنگرەیەک بە تەواوی ئازادی و ململانێ، ئەرکەکانی بە تەندروستی و شەفافیەت و لەکاتی خۆیدا بە ئەنجام گەیاند و ئەوە بۆخۆی دەستکەوتێکی سیاسی و بەهاداری گەلەکەمانە.

 

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە ئەرکی سەرەکی خۆی دەزانێت کە پلان و بەرنامەی پاراستنی شوناسی ئاینی و ئەخلاقی و بەهاباڵاکانی گەلەکەمانی بێ و کاربکات بۆ گەرانەوەی رەسەنایەتی ئاینداری و رووبەرووبوونەوەی ئەو پاشەکشە بەرچاوەی کە رووی کردۆتە بوارەکانی پەروەردە و فێربوون و کەرتی تەندروستی و خزمەتگوزاریەکان بەگشتی.

 

یەکگرتوو لەم قۆناغەدا ئەولەویەتی خۆی دیاری کردووە بۆ مرۆڤسازی و پەروەردە و رێنمایی و چاکسازی کۆمەڵگە و تێدەکۆشێ لە پێناو جێبەجێکردنی پرۆژەی گەشەپێدانی بەها ئەخلاقییەکان و پەروەردەی تاک و هاوڵاتی چاکەخواز و دورخستنەوەی لە رەوشت و رەفتار و ئەخلاقە ناپەسەندەکان و زیندوو راگرتنی ئازادی بیرو راو مافەکانی مرۆڤ و رۆشنبیری پێکەوە ژیان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی ..

 

یەکگرتوو هەموو ئەمانەی لە چوارچێوەی پلانێکی درێژخایەن و فراوان بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە کاری لەسەر دەکات وتوانا و کەرستەی سەرکەوتنی لەو بوارانەشدا هەیە .

 

جارێکی تر لە ٢٦ هەمین ساڵیادی راگەیاندنی یەکگرتوودا پیرۆزبایی و ماندبوونەبوونی و دەست خۆشی گەرم ئاراستەی سەرکردایەتی و رێکخستن و کادر و ئەندام و جەماوەری کاروانی شکۆداری یەکگرتوو دەکەین .. کە بیست و شەش ساڵی تەمەنی یەکگرتوو پڕیەتی لە دڵسۆزی و خەمخۆری و خزمەتگوزاری گەل و وڵات، هەروەها گەلی خۆشەویستمان دڵنیادەکەینەوە کە یەکگرتووەکان بەردەوام ئەبن لە خەبات و خزمەتکردن بە ئیمان و ئینسان و نیشتمان.

 

جارێکی تر لە ٢٦ هەمین ساڵیادی راگەیاندنی یەکگرتوودا پیرۆزبایی و ماندبوونەبوونی و دەست خۆشی گەرم ئاراستەی سەرکردایەتی و رێکخستن و کادر و ئەندام و جەماوەری کاروانی شکۆداری یەکگرتوو دەکەین .. کە بیست و شەش ساڵی تەمەنی یەکگرتوو پڕیەتی لە دڵسۆزی و خەمخۆری و خزمەتگوزاری گەل و وڵات، هەروەها گەلی خۆشەویستمان دڵنیادەکەینەوە کە یەکگرتووەکان بەردەوام ئەبن لە خەبات و خزمەتکردن بە ئیمان و ئینسان و نیشتمان.

 

جارێکی دیکە ساڵیادی راگەیاندنی یەکگرتوو

لە هەموولایەک پیرۆز دەکەم...

براتان

صلاح الدین محمد بهاءالدین

ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان

٦-۲-۲۰۲۰

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved