ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە

 

دەقی پەیامەکەی ئەمینداری یەکگرتوو:

 

بسم الله الرحمن الرحیم

 

پەیامێک لەلایەن (م.صلاح الدین محمد بهاالدین ) ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە

لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان

بەرێزان ...

هاونیشتمانیانی ئازیز....

سەرکردایەتی سیاسی کوردستان.....

سڵاوی خواتان لەسەر بێت..

لەم رۆژە پیرۆزانەی کۆتایی رەمەزان و شەوانی قەدر و پێشوازی جەژنی پیرۆزدا

داواکارم لە خودای پەروەردگار تاعەت و عبادەت و بەخشندەیی موسڵمانان قبوڵ بکات

ئومێدەوارم مانگی رەمەزان و هاورێیەتی قورئان خۆراگری زۆرتر و ئیرادەی بەهێزتر و هۆشیاری بەرپرسیارانەی زیاتری پێ بەخشیبین ...

هەر لەم بۆنە پیرۆزە دا سەرنجتان رائەکێشم بۆ ئاڵۆزی هەل و مەرجی ناوچەکە و عێراق و تەحەدی و هەرەشە جۆراوجۆرەکانی شەڕی بەرژوەندی وڵاتان .. ئالەم حاڵەدا کە هاوڵاتیانی کوردستان چاوەرێی سەقامگیری و کۆتایی نەهامەتی و رێکسختنەوەی دامەزراوە دەستوری و نیشتمانیەکان بوون ، بەداخەوە واقعەکە شتێکی ترە..! شەیپوری شەر و هەرەشە و گرێ دروستکردن لە رێگەی یەکتردا دەبینین، جێگای داخە کە دڵە راوکێ و قەلەقی لە ناو خەڵکدا دروست ئەکرێ و ئاسۆی ئاشتەوایی و بەحیوار چارەسەرکردن لە ئارادا نیە

بەرێزان:

ئێوە لە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و بەتایبەت بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێویستە هەڵوێستەیەکی بەرپرسیارانە بکەن ، کەی ئەمە کاتی ئەم ناسازی و نارێکی و هەرەشە بارانەیە ، ئا لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی هەرێم و ناوچەکەدا هەرچی زوترە ئەبێ رێکەون و جیاوازیەکانتان بە دانوستان و گفتوگۆ چارەسەر بکەن رێگە نەدەن زمانی شەڕ زاڵ بێ و پرۆسەی سیاسی و دەزگا فەرمیە نیشتمانیەکان پەکیان بکەوێ و ناچاری قبوڵی دەستێوەردانی خەڵکانی بەرژوەندی خواز بن و هەرێمەکە و ئەزمونە سیاسیەکە دووچاری پاشەکشێ و گەرانەوە بۆ چوارگۆشەی شەڕ و دولەتی و دودڵی و ترس زاڵ بێ بەسەر بازار و ژیانی گشتیدا .

ئەمە بەرپرسیارێتێکی مێژووییە و نابێ پشتگوێ بخرێ ، دۆخە سیاسیەکەی عێراق و ناوچەکە و ئاراستە نێودەوڵەتیەکان پەیامی ترسناکمان پێدەدەن ،بەرگەی ئەم ئاستەنگ دروستکردن و بڕوبیانوە لە یەکترگرتنە ناوخۆیییە ناگرێ و بە زیانی گەورە ئەشکێتەوە بەسەر هەمولایەکماندا و بەسەر ئەزموون و ئایندەی گەلەکەماندا ...

بۆیە تکایەکی برایانە لە هەردو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم ( پارتی و یەکێتی ) و بەتایبەت هەردوو سەرکردەی بەرێز جەنابی کاک مەسعود بارزانی و کاک کۆسرەت رەسوڵ ئەکەم بریارێکی خێرای پێکهاتن بدەن و رێگە لە تەشەنەکردن و تەصعید بگرن ، تا دۆخەکە ئاڵۆزتر نەبووە و کێشەکان نەچۆتە ئاستی هەڵدێر و نەگەرانەوە بەرپرسیارێیتی دەسەڵاتی کوردستان لە ئەستۆی ئێوەدایە .. کەی رەوایە یاری بە چارەنوسی ئەم ئەزمونە و ئەم دۆزە رەوایە بکرێ بە پاساوی هەڵەی سیاسی وو تۆڵە لە یەکتر کردنەوە ..

پیرۆزیی مانگی رەمەزان و جەژنی رەمەزان داوا لە هەمولایەکمان ئەکات قەدری میللەتەکەمان بگرین و سەرئێشەی ناکۆکی و زەنگی شەڕ و هەرەشەی هەڵتەکاندنی هەرێم نەخەینەسەر نەهامەتی کۆمەڵایەتی و گرفتاری بژێوی و بێکاری گەنجان و تەسکبونەوەی پانتایی فرەیی و ئازادیەکان ...

دەبێ بە ئەرکی نیشتمانی و ئەخلاقی خۆمان هەڵسین و هەرلایەو لە خواستی کەسی و حزبی خۆی کەمێک دابەزێ و ئامانجی یەکریزی و سەقامگیری ئەمنی و شەرعیەتی دام و دەزگا نیشتمانیەکان بکەینە خاڵی سەروتر لە جیاوازی بۆچون و بەرژوەندی و پشکی بەرکەوتن و دەستکەوتەکان

رێز لە خوێنی شەهیدان و مێژووی خەباتی خۆمان بگرین و بەرژوەندی گەل و نیشتمان و پاراستنی ئەزمونە سیاسیەکە لەسەروی هەموو بەرژەوەندیە حزبی و کەسیەکانەوە بێ.

لە کۆتاییدا داواکارم کە

١ -بارودۆخی هەستیار و ئاڵۆزی ناوچەکە و عێراق و مەترسی و هەرەشەکانمان هەمیشە لەبیر بێ.

٢ -راگرتنی دەستبەجێی هەموو جۆرەکانی گرژی و شەری راگەیاندن.

٣ -رێگرتن لە لێدوانی دژ بە یەکی سەرکردەکانی هەردوولا .

٤ -کۆبونەوەیەکی خێرای لوتکەی هەردوولا بە گیانێکی لێ بوردەیی و بە ئیرادەی چارەسەر.

ئێمە لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەم بوارەدا وێرای پاراستنی پێگەی ئۆپۆزسیۆنبونمان ئامادەی هەر ئەرکێکین کە ناوماڵی کوردستانی رێکبخاتەوە و یەکریزی و یەک هەڵویُستی بەرهەم بهێنێ ، ئەرکی هەمووانە کە بۆ کوردستانێکی ئارام و سەقامگیر تێبکۆشین ..

بەهیوای هەنگاوێکی بەرپرسانە و هەواڵی دڵخۆشکەر لەم بەرە جەژنە پیرۆزەدا .

براتان

صلاح الدین محمد بهاءالدین

ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان

٢ / ٦ / ٢٠١٩

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2019. All rights reserved