له هه‌رێم ئالووده‌بووه‌كان به مادده هۆشبه‌ره‌كان له‌زیادبووندان
مه‌ترسیی مادده هۆشبه‌ره‌كان بۆته قه‌یرانێكی جیهانیو سه‌رجه‌م جیهانی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵكردووه، چونكه له‌م بازرگانییه‌دا سه‌رجه‌م مرۆڤه‌كانی جیهان زیانده‌كه‌ن، ته‌نها چه‌ند بازرگانێكی كه‌م نه‌بێت كه پاره‌یه‌كی بێشوماریان چنگده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای مه‌ترسییه گه‌وره‌كه‌یه، ئه‌وه‌یه كه هه‌رێمی كوردستانیش پشكی له‌م مه‌ترسییه‌دا به‌ركه‌وتووه.
زۆربه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كانی وه‌كو (تلیاك، حه‌شیشه، هیرۆیین، كۆكایین، كراكو شیشه) دێنه ناو كوردستانه‌وه، ئه‌گه‌ر جاران ته‌نها له سنووری ئێرانه‌وه ده‌هات، كه‌چی ئێستا له خواروو و ناوه‌ڕاستی عیراقیشه‌وه بڕێكی زۆر مادده‌ی هۆشبه‌ر دێته هه‌رێمه‌وه، ئه‌مه له‌گه‌ڵ دزه‌كردنی بڕێك له‌و ماددانه له سنووری توركیاوه.
به‌پێی زانیارییه‌كان، زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌لایه‌ن ئاسایشی سلێمانییه‌وه ده‌ستگیركراون، خه‌ڵكی وڵاتانی دراوسێن، زۆرینه‌شیان كوردی كوردستانی ئێرانن. هه‌روه‌ها عه‌ره‌بی باشوور‌و ناوه‌ڕاستی عیراق‌و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی توركیاشی تێدایه.
ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانی ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو، تا دێت ئه‌م ماددانه‌و به‌كارهێنه‌رانی ڕوو له زیادبوونن. له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا، زیاتر له 300كه‌س به تاوانی كێشان‌و بازرگانییكردن به جۆره‌كانی (تلیاك، حه‌شیش، كراكو كۆكایین)ه‌وه دهستگیركراونو 50كیلۆگرام له مادده هۆشبه‌ره جۆراوجۆره‌كانیش ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه.
لێپرسراوی هۆبه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان له ئاسایشی سلێمانی، ئه‌و زانیارییانه‌ی سه‌ره‌وه پشتڕاستده‌كاته‌وه‌و مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و مادده هۆشبه‌رانه‌ش ده‌خاته‌ڕوو. عه‌مید جه‌لال ئه‌مین (لێپرسراوی هۆبه‌ی مادده هۆشبهكهرهكان له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانی) ده‌ڵێت: "له هه‌رێمی كوردستاندا تا ئێستا به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر وه‌كو دیارده‌یه‌كی لێ نه‌هاتووه، به‌ڵام چه‌ندین حاڵه‌تی به‌كارهێنان بوونی هه‌یه، به‌شی زۆریان له وڵاتی ئێرانه‌وه‌یه‌و له سنووری پێنجوێن‌و قه‌ڵادزێ‌و ههورامانو ناوچه‌ی خانه‌قینه‌وه دێنه هه‌رێمه‌وه، ئێمه‌ش هه‌وڵمانداوه ئه‌م دیارده‌یه كۆنتڕۆڵبكهین، خۆشبه‌ختانه به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر له كوردستاندا هێشتا نه‌بۆته دیارده، به‌ڵام ده‌بێت خۆمان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئاماده‌بكه‌ین، بازرگانه‌كان دهستگیربكهینو بیانده‌ین به دادگا. ده‌بێت ئه‌م كارانه له ڕێگه‌ی دادگاوه بكرێن، چونكه به‌ته‌نیا له ڕێگه‌ی ئاسایشه‌وه ده‌بێت، هه‌روه‌ها پێویسته به هه‌ماهه‌نگی هه‌موولایه‌ك به‌ره‌نگاریی مادده‌ی هۆشبه‌ر ببینه‌وه."
به‌وته‌ی لێپرسراوی هۆبه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان له ئاسایشی سلێمانی، نه‌بوونی ئامێر‌و پێداویستی، كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی هۆبهكهیانه. ئه‌و ده‌ڵێت: "ڕێگه‌كانی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی بازرگانی به‌م كاره‌وه ده‌كه‌ن، كه‌وتۆته سه‌ر چاوكراوه‌یی هێزه‌كانی ئاسایش، ئه‌گینا هیچ ئامێرێكی نوێمان نییه بۆ كهشفكردنو دۆزینه‌وه‌ی مادده‌كان، به‌ڵكو ماندوویی كارمه‌نده‌كانی ئاسایش كاریگه‌ریی زۆری هه‌بووه بۆ ته‌شه‌نه‌نه‌سه‌ندنی زیاتری ئه‌و دیارده ترسناكه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌فره‌تی گه‌ل له‌و ماددانه، ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌یه تا به‌ئاسانی نه‌توانرێت بهێنرێنه كوردستانه‌وه. میلله‌تی ئێمه پێی قبوڵناكرێ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی ببێته كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مودمینی بێكهڵك، به‌ڵام كه‌می ئامێر‌و پێداویستیی كۆنتڕۆڵكردنی تلیاك، كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كیمانه، به‌تایبه‌تی له‌كاتێكدا سه‌رهه‌ڵدانی بازرگانیكردنو به‌كارهێنانی تلیاك له‌م هه‌رێمه‌دا شتێكی نوێیه. كۆنتڕۆڵكردنی ئه‌م دیارده‌یه‌ش ڕێژه‌ییه‌و له سه‌دا سه‌د نییه، چونكه له وڵاته هه‌ره پێشكه‌وتووه‌كانیشدا نه‌یانتوانیوه زیاتر له 70%ی كۆنتڕۆڵبكه‌ن."
سزا
له ڕووی یاساییه‌وه، بهكارهێنانو بازرگانیپێكردنو هه‌ر جۆره مامه‌ڵه‌یه‌ك به مادده هۆشبه‌ره‌كانه‌وه، شتێكی یاساغه‌و به‌پێی مادده‌ی چوارده له یاسای سزادانی عیراقی، سزای توندی بۆ هه‌ریه‌كه له بهكارهێنانو بازرگانی پێوهكردنو بانگه‌شه بۆ كردنی مادده هۆشبه‌ره‌كان دانراوه. سزاكانیش به‌پێی جۆری تاوانه‌كه دهگۆڕێنو له شه‌ش مانگ بهندیكردنهوه تێدایه تا له‌سێداره‌دان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی بازرگانیان پێوه ده‌كه‌ن.
جۆره‌كانی مادده‌كه
له‌دوای ڕووخانی ڕژێمی دیكتاتۆری عیراقه‌وه، ناوبه‌ناو له میدیاكانی كوردستانه‌وه هه‌واڵی هاتنه‌ناوه‌وه‌و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی مادده هۆشبه‌ره‌كان بڵاوده‌كرێته‌وه، كه به بڕو جۆری جیاواز ڕه‌وانه‌ی كوردستان ده‌كرێن. وێڕای ئه‌مه‌ش، به‌كاربه‌رانی ئه‌م ماددانه نه پیرو پهككهوتهكاننو نه مناڵانن، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی په‌نا بۆ ئه‌م ماددانه ده‌به‌ن، لاوانن كه ههوێنو داینه‌مۆی هه‌موو گۆڕانكاری‌و بنیاتنان‌و پێشه‌وه‌چوونێكن.
له‌سه‌ره‌تادا زۆربه‌ی ئه‌و مادده هۆشبه‌رانه به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری پزیشكی بهكارهاتوونو دواتر زیانه‌كانیان به‌ده‌ركه‌وتووه. مادده هۆشبه‌ره‌كان سرووشتین یان دروستكراون‌و به‌كارده‌هێنرێن بۆ تێكدان‌و كه‌مكردنی چالاكیی مێشكی مرۆڤ. به‌شێوه‌یه‌كی گشتیش له‌جیهاندا مادده هۆشبه‌ره‌كان به‌سه‌ر دووبه‌شدا دابه‌شده‌كرێن: به‌شی یه‌كه‌میان مادده هۆشبه‌ره سرووشتییه‌كانه كه به‌شێوه‌ی بنێشت بهكاردههێنرێنو بۆ ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێك بهردهوامدهبنو ده‌بنه هۆی تێكچوون له دهمارگهلی گشتی‌و خاوبوونه‌وه‌و بێهێزیی له‌ش، یان شێوه‌ی هه‌ڵمژین له ڕێگای كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌دانه‌وه كه ده‌بێته هۆكارێك بۆ لاوازكردنی ماسولكه‌ی دڵ‌و تووشبوون به سینگهكوته. جۆری دووه‌میشیان مادده هۆشبه‌ره دروستكراوه‌كانه، وه‌كو ده‌رمانی جۆراوجۆری كیمیایی كه به‌شێوه‌ی حه‌ب به‌كارده‌هێنرێت. هه‌روه‌ها جۆره‌كانی ده‌رمانی خاوكهری كیمیایی‌و مادده‌ی هۆشبه‌ره دروستكراوه كیمیاییه‌كان، كه كۆنتڕۆڵی مێشك تێكدهدهنو ده‌بنه هۆی په‌لاماری كه‌سانی ده‌وروبه‌رو كوشتنیانو ئه‌نجامدانی كاری نائاسایی (شاز)و كێشه‌كانی دیكه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته.
گرنگترین جۆره‌كانی مادده هۆشبه‌ره‌كانیش حه‌شیشه. هۆكاری ناونانی به‌م ناوه‌وه له‌وه‌وه هاتووه، كه كاتێك ئه‌م مادده‌یه ده‌گاته ترۆپكی كارتێكردنی، كه‌سی به‌كارهێنه‌ر ژاوه‌ژاو دروستده‌كات. ئه‌م مادده‌یه له ڕووهكی كهنابیسی حه‌شیش دروستده‌كرێت، كه مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه‌و لای زۆر له گه‌لان به‌كارهاتووه. سه‌ره‌تا پهتو قوماشیان له داوو ڕیشاڵه‌كانی ئه‌م ڕووه‌كه دروستكردووه، پاشان وه‌ك مادده‌یه‌كی هۆشبه‌رو له بواری پزیشكیدا به‌كارهێنراوه، ئێستاش وه‌كو مادده‌یه‌كی هۆشبه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو به‌كارده‌هێندرێت.
جۆرێكی دیكه له مادده‌ی هۆشبه‌ر پێیده‌وترێت ئهفیونو له ڕووهكی خه‌شخاش دروستده‌كرێت. ئه‌فیون یه‌كه‌م مادده‌ی هۆشبه‌ره كه خراوه‌ته ژێر چاودێریی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، به‌پێی په‌یماننامه‌یه‌ك كه به په‌یماننامه‌ی ئه‌فیون ناسراوه، تێیدا بهكارهێنانو بازرگانیكردن به‌م مادده‌یه‌وه قه‌ده‌غه‌كرا، به‌ڵام به‌هۆی جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌مه‌وه بڕیاری ئه‌و كۆنگره‌یه پێشێلكراوه، چونكه له‌م جه‌نگه‌دا ئه‌فیون بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازار به‌كارهێنراوه.
یه‌كێكی دیكه‌ش له مادده‌كان مۆرفینه، كه له ئه‌فیونه‌وه وه‌رگیراوه‌و له تاقیگه‌دا به ئاوێته‌كردن له‌گه‌ڵ مادده‌ی كیمیایی تردا به‌رهه‌مهاتووه. له سه‌ره‌تای به‌رهه‌مهێنانییه‌وه مۆرفین له بواری پزیشكیدا بۆ نه‌شته‌رگه‌ری به‌كارهاتووه، به‌تایبه‌تی له شه‌ڕی ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا له ساڵی (1861) له بواری نه‌شته‌رگه‌ریدا زۆر به‌كارده‌هێنرا. له‌گه‌ڵ داهاتنی ده‌رزی پزیشكیشدا، مۆرفین به‌كارهێنراوه له ڕێگای ده‌رزی لهخۆدانهوهو ئێستاش وه‌كو مادده‌یه‌كی هۆشبه‌ر به‌كارده‌هێنرێت.
یه‌كێكی دیكه له مادده‌كان هیرۆیینه، ئه‌م مادده هۆشبه‌ره له مۆرفینه‌وه وه‌رگیراوه‌و به ئاوێته‌كردنی له‌گه‌ڵ مادده‌ی كیمیایی تردا به‌رهه‌مهێنراوه. ئه‌م مادده‌یه‌ش له‌سه‌ره‌تادا بۆ بواری پزیشكی به‌كارهێنراوه، به‌ڵام له‌پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌ركه‌وتووه كه مادده‌یه‌كی مه‌ترسیداره بۆ ته‌ندروستیی مرۆڤ‌و به‌كارهێنه‌رانی به‌زوویی تووشی گیرۆده‌بوون ده‌بن. هه‌ر بۆیه له ساڵی (1922)دا قه‌ده‌غه‌كراوه‌و خراوه‌ته ژێر چاودێریی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا له هه‌ندێك شوێنی جیهان له شوێنی مۆڵهتپێنهدراوو نه‌گونجاو بهرههمدههێنرێتو ڕه‌وانه‌ی بازاڕه‌كانی جیهان ده‌كرێت. یه‌كه‌م وڵات گرفتی هیرۆیین به‌كارهێنانی تیا ده‌ركه‌وت، ئه‌مه‌ریكا بوو. پاشان میسر له‌ماوه‌ی نێوان هه‌ردوو جه‌نگی جیهانیی یهكهمو دووه‌مدا. ئینجا چین بووه مه‌ڵبه‌ندێك بۆ بهرههمهێنانو به‌كارهێنانی. له‌ئێستاشدا وه‌كو مادده‌یه‌كی مه‌ترسیدارو هۆشبه‌ر له جیهاندا به‌كارده‌هێنرێت.
یه‌كێكی دیكه له مادده هۆشبه‌ره زۆر به‌ربڵاوه‌كان، كۆكایینه. ئه‌م مادده‌یه له ڕووهكی كۆكاینه‌وه وهردهگیرێتو له ئه‌مه‌ریكای خواروو پێش زیاتر له (2000)ساڵ ناسراوه‌و هیندییه سووره‌كان گه‌ڵای كۆكاینیان له سرووته ئایینییهكانیاندا ده‌جوو. ئه‌م جۆره‌ش له‌سه‌ره‌تادا له پیشه‌سازیی ده‌رمان دروستكردندا به‌كارده‌هێنرا. له كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا كۆكایین بۆ مه‌به‌ستی بێهۆشكردن له نه‌شته‌رگه‌رییه‌كاندا به‌كارهات. هه‌روه‌ها له چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كانی چاوو گه‌ده‌دا به‌كارهاتووه. وێڕای ئه‌مانه‌ش وه‌ك مادده‌یه‌كی چالاكبهخش به‌كارهاتووه، هه‌ر بۆیه له دروستكردنی چه‌ند خواردنه‌وه‌یه‌كدا به‌كارهاتووه وه‌ك (كۆكا كۆلا)، به‌ڵام پاشترو له ساڵی (1903)دا به‌كارهێنانی كۆكایین له به‌رهه‌مهێنانی خواردنه‌وه‌ی (كۆكا كۆلا)دا دوورخرایه‌وه.
سه‌رده‌مانێك كۆمپانیاكانی پیشه‌سازی ده‌رمان به توندی پڕوپاگه‌نده‌یان ده‌كرد بۆ كۆكایین‌و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه كاریگه‌ریی كۆكایین له كاریگه‌ریی قاوه‌و چا زیاتر نییه، له به ناوبانگترین ئه‌و پزیشكانه‌ی بانگه‌شه‌یان بۆ ئه‌م مادده‌یه ده‌كرد، پزیشكی ده‌رمانسازی فه‌ڕه‌نسی (ئه‌نگیلۆ ماریان) بوو. هه‌ربۆیه له‌و ده‌مانه‌دا كۆپانیاكان له زیاتر له پانزه به‌رهه‌مدا ئه‌م مادده‌یه‌یان به‌كارده‌هێنا، به‌ڵام له‌پاشاندا بۆیان ده‌ركه‌وت كه كۆكایین ماددهكی مه‌ترسیداره‌و به‌كارهێنه‌رانیشی تووشی ئالوده‌بوون ده‌كات، به‌م هۆیه‌وه له ساڵی (1912)دا قه‌ده‌غه‌كراو خرایه ژێر چاودێریی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌تاوه‌كو ئێستا ئه‌م مادده‌یه گه‌رمتریین بازاڕی له جیهانی مادده هۆشبه‌ره‌كاندا هه‌یه‌و له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا به نایاسای مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت.
دوایین جۆریشیان، كه به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو له جیهاندا بڵاوه، مادده‌ی ئهمفیتامینو چالاكبهخشهكانه. ئه‌م ماددانه له خانه‌ی مادده چالاكبهخشهكاننو گه‌لێك جۆریان هه‌یه، به‌ناوبانگرینیان (بهنزدرین، دیكسدرینو میپدرین)ه، هه‌روه‌ها (ریتالین) كه له لیستی ئهمیتامینهكاندا نییه، به‌ڵام هه‌مان خهسڵهتو كاریگه‌ریی ئه‌وانی هه‌یه. ئه‌مفیتامین بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵی (1887)دا به‌رهه‌مهێنرا، به‌ڵام له ساڵی (1930)ه‌وه له بواری پزیشكیدا به‌كارهێنراوه.
ئه‌م ماددانه وه‌ك ده‌رمانێك به‌كارهێنانێكی سنوورداریان به‌خۆوه بینیوه، له‌وانه به‌رهه‌ڵستیكردنی خه‌واڵوویی یان له چاره‌سه‌ركردنی خه‌ولێكه‌وتنی كتوپڕدا، بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر دیارده‌ی بزێویو فره‌جوڵه‌یی لای منداڵان‌و نه‌وجه‌وانان، به‌ڵام به‌و پێودانگه‌ی ئه‌م ماددانه چوست‌و چالاكی ده‌به‌خشنه فه‌رمانه‌كانی ناوه‌نده كۆئه‌ندامی ده‌مار (مێشك)، هه‌ربۆیه به زوویی تهشهنهیكردووهو به‌كارهێنانی فراوانی به‌خۆوه بینیوه، به‌تایبه‌تی بۆ مه‌به‌ستی شهونخوونیكردنو به‌رهه‌ڵستیكردنی خه‌وو به‌رهه‌ڵستیكردنی ماندوێتی‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاره‌زووی خواردن‌و دابه‌زاندنی كێش. بۆ نموونه، له بواری وه‌رزشدا هه‌ندێك له وه‌رزشه‌وانه‌كان به‌كاریانهێناوه یان ئه‌و شۆفێرانه‌ی له‌نێوان وڵاتاندا كاردهكهنو ماوه‌ی درێژ ده‌بڕن، به‌ڵام ده‌ركه‌وتووه كه به‌كارهێنانی خراپی ئه‌م ماددانه، گرفتی ته‌ندروستی گه‌وره بۆ به‌كارهێنه‌رانی دروستده‌كات، له سه‌روو هه‌موویانه‌وه گرفتی ئالوده‌بوونه.
له جه‌نگی جیهانیی دووه‌مدا زۆر له سهربازانو فڕۆكه‌وانه‌كان ئه‌م ماددانه‌یان به‌كارهێناوه، كه‌چی دوای ته‌واوبوونی جه‌نگیش نه‌یانتوانیوه ده‌ستبه‌رداری بن‌و به‌رده‌وامبوون له به‌كارهێنانیاندا. له‌ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی پێشوودا ئه‌مفیتامینه‌كان له وڵاتی یابان بڵاوبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رچاوی به‌خۆوه بینی له‌نێو لاوان‌دا. ئێستاش ئه‌مجۆره له مادده هۆشبه‌ره‌كان به ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو له جیهاندا بڵاوبۆته‌وه‌و به‌كارده‌هێنرێن.
كۆمه‌ڵه‌یه‌ك بۆ قه‌لاچۆكردنی
به‌مه‌به‌ستی قه‌لاچۆكردنی بڵاوبوونه‌وه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان له كوردستان، كۆمه‌ڵه‌ی قه‌لاچۆكردنی مادده هۆشبه‌ره‌كان كۆنگره‌یه‌كی تایبه‌تیان له ژێر دروشمی "به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خاوێن له مادده هۆشبه‌ره‌كان" بۆ داڕشتنی پلانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان سازكرد. به‌وته‌ی ئامانج عه‌بدوڵڵا (ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵا‌و وته‌بێژی كۆمه‌ڵه‌كه): "ئامانجی سه‌ره‌كیی كۆمه‌ڵه‌كه‌مان، له‌ناوبردنی دیارده‌ی ئالووده‌بوونه به مادده هۆشبهرهكانو قه‌ده‌غه‌كردنی بهكارهێنانو بازرگانیكردنه پێیانه‌وه. كاریش بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاریی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌كه‌ین، چونكه له‌ئێستادا خه‌ریكه ته‌شه‌نه‌كردنی بڵاوبوونه‌وه‌ی بهكارهێنانو بازرگانیكردن به مادده هۆشبه‌ره‌كانه‌وه زۆر زیاددهكاتو پێویستی به‌وه هه‌یه سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگه، به ڕاگهیاندنهكانو داموده‌زگاكانی حكومه‌تیشه‌وه، كاربكه‌ن بۆ بنبڕكردنی ئه‌م دیارده‌یه." هه‌روه‌ها وتی: "پێویسته دژایه‌تیكردنی مادده هۆشبه‌ره‌كان بكرێته خه‌مێكی گشتیی كۆمهڵگاو له هه‌موو عیراقدا بنكه‌ی چاره‌سه‌ری ئالووده‌بووان بكرێته‌وه، چونكه له‌ئێستادا زۆرینه‌ی كه‌سوكاری ئالووده‌بووان به‌ده‌ست نه‌بوونی سه‌نته‌ری تایبه‌ت به چاره‌سه‌ری تووشبووانه‌وه دهناڵێننو ده‌ترسن له‌وه‌ی ده‌زگا به‌رپرسه‌كانی تهندروستیو ناوخۆ ئاگاداربكه‌نه‌وه، له‌وه‌ی منداڵه‌كانیان دووچاری ئالووده‌بوون هاتوون. داواشمانكردووه له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، بنكه‌یه‌كی چاره‌سه‌ر له سلێمانی بكاته‌وه."
زیانی مادده هۆشبه‌ره‌كان
ئه‌وه‌ی وامان لێ ده‌كات به‌رده‌وام به دوای قهلاچۆكردنو له‌ناوبردنی مادده هۆشبه‌ره‌كاندا بچین، ئه‌و زه‌ره‌رو زیانه تهندروستیو كۆمه‌ڵایه‌تی‌و دهروونیو ئابورییه گه‌ورانه‌یه كه به‌كارهێنانی ئه‌مجۆره ماددانه به‌دوای خۆیاندا ده‌یانهێنن. له ڕووی ته‌ندروستییه‌وه، مادده هۆشبه‌ره‌كان كاریگه‌ریی كارهساتئامێزیان هه‌یه بۆ سه‌ر جه‌سته‌ی بهكارهێنهرهكهیو جاری وایه ده‌بێته هۆی مردنیشی. سامان سیوه‌یلی (توێژه‌ری دهروونیو به‌ڕێوه‌به‌ری كلینكی ڕاوێژكاریی خێزان) ڕوونیكرده‌وه، كه "له‌سه‌ره‌تای به‌كارهێنانیاندا، مادده هۆشبه‌ره‌كان چێژێكی خۆش به به‌كارهێنه‌ره‌كه‌ی دهدهنوو پاشتر به‌زه‌حمه‌ت ده‌توانێت وازیان لێ بێنێت‌و ده‌بێته هۆی سه‌رئێشه‌و خێرایی لێدانی دڵ‌و هه‌ناسه‌دان، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وامیش بێت، توانای جوڵه‌ی به‌كارهێنه‌ره‌كه كه‌مده‌بێته‌وه‌و حاڵه‌تی ته‌ندروستی خراپده‌بێت."
به وته‌ی ئه‌م توێژه‌ره، "له ڕووی ده‌روونیشه‌وه مادده هۆشبه‌ره‌كان كاریگه‌ریی ئێجگار كوشنده له‌سه‌ر كه‌سی به‌كارهێنه‌ری دادهنێنو له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه تووشی ده‌یان گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تیی كاریگه‌ری ده‌كه‌ن. به‌پێی چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌ك له ڕووی ده‌روونییه‌وه 40% ئه‌و كه‌سانه‌ی ئالووده‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان بوون، باری ده‌روونییان تێكده‌چێت‌و شه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی كه‌سانی ئاسایی ئه‌گه‌ری خۆكوشتنیان زیاتره.
بۆیه پێویسته زۆر به وریاییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م ئه‌نفاله سپیه‌دا بكرێت‌و كلینیكو شوێنی تایبه‌ت به چاره‌سه‌ركردنی ئالووده‌بووانی مادده هۆشبه‌ره‌كان دابمه‌زرێت. چونكه ئه‌و كه‌سانه‌ی ئالووده‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان ده‌بن، له كۆمه‌ڵگه دوورده‌كه‌ونه‌وه‌و كه‌متر تێكه‌ڵاوی هاوڕێو كه‌سوكاریان دهبنو توانای سێكسییان كهمدهبێتو زۆرتر بیر له خۆكوشتن ده‌كه‌نه‌وه‌و دڵه‌ڕاوكێیان زیاددهكاتو پێویستیان به‌وه‌یه سه‌رله‌نوێ ئاماددهبكرێنهوه بۆ نێو كۆمه‌ڵگه."
به ڕای دكتۆر جه‌مال قادریش (پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی هه‌ناو) "مادده هۆشبه‌ره‌كان كاریگه‌رییه‌كی سه‌ره‌كیان هه‌یه له‌سه‌ر تێكدانی ئاستی توانا‌و چالاكی مرۆڤی تووشبوو له كۆمه‌ڵگادا، به‌هۆی كه‌میی تێگه‌یشتنی مێشك‌و كۆنترۆڵ نه‌كردنی جموجۆڵی ئه‌ندامه‌كانی لهشو وازهێنان له ئه‌نجامدانی ئیش‌و كاری ڕۆژانه."
مرۆڤی تووشبوو له سه‌ره‌تاوه به ڕێژه‌یه‌كی كه‌م دهستپێدهكاتو پاره‌یه‌كی كه‌می بۆ ته‌رخانده‌كات، به‌ڵام له دوای چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م، ڕێژه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كه زیاددهكاتو بڕه پاره‌ی زیاتری بۆ ته‌رخانده‌كات. بۆیه كه‌سی تووشبوو كێشه‌ی ئابووری‌و بێ ئیشیو بێ پارهییو وازهێنان له ماڵ‌و منداڵی تووشدهبێتو و قه‌رزاری كه‌سانی دیكه ده‌بێت. جگه له كێشه‌ی تهندروستیو نائارامی‌و تاوان. ده‌شبێته هۆكارێكی سه‌ره‌كی بۆ تێكدانی كۆمه‌ڵگه‌و پێویستی به سامانێكی زۆرده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردن. به‌وته‌ی ئه‌م دكتۆره، "هه‌ریه‌كه له جگه‌ره‌و مهشروباتیش به مادده‌ی هۆشبه‌ر دادهنرێنو له كوردستاندا به‌كارهێنانی جگه‌ره له‌لایه‌ن گه‌نجانه‌وه به‌پله‌ی یه‌كه‌م دێت.
ده‌بینین چه‌ندین منداڵ هه‌ن له ته‌مه‌نی ده بۆ یانزه ساڵیدا جگه‌ره‌ده‌كێشن، كه دواتر پێوه‌ی ئالوودهدهبنو زیانێكی زۆریان لێ ده‌دات. دوای جگه‌ره، مه‌شروبات دێت به ههموجۆرهكانییهوه، به‌تایبه‌ت بیره كه له هه‌موو مهشروبهكانی تر سوكترهو زۆرینه‌ی گه‌نجان یه‌كه‌م جار له خواردنه‌وه‌ی بیره‌وه ده‌ستپێده‌كه‌ن. دواتر بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ند مادده‌یه‌كی تر، كه پێیانده‌وترێ مادده ههڵمژراوهكان، وه‌كو سیكۆتینو تهنهرو بۆیاخی ده‌رگاو په‌نجه‌ره. به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه سیكۆتینو به‌نزین به‌كارده‌هێنن، تووشی نه‌خۆشیی زۆر ترسناك ده‌بن."
بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشی ئالووده‌بوو به مادده هۆشبه‌ره‌كان، دكتۆر جه‌مال ئاماژه به‌وه ده‌كات كه "پێویسته پێش هه‌مووشتێك مادده ژه‌هراوییه‌كانی ناو له‌ش، كه تێیدا كه‌ڵه‌كه‌بوون، كه‌مبكرێنه‌وه‌و شله‌مه‌نییه‌كی زۆری پێ بدرێت. پاشان بكه‌وێته ژێر چاره‌سه‌ركردنی دهروونیو كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌زانینی كێشه‌ی ناو خێزان‌و هۆكاری به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبهرهكانو فێركردنی كه‌سی تووشبوو بۆ ئه‌نجامدانی كارێكی گونجاو به‌شێوه‌ی ڕۆژانه‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نێو شوێنی ئیشوكاری. هه‌وڵیشبدرێت په‌یوه‌ندیی كه‌سی تووشبوو له‌گه‌ڵ خێزان‌و ده‌وروبه‌ری چاكبكرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش قسه له‌گه‌ڵ كه‌سه نزیكه‌كانیدا بكرێت، پاشان به‌دواداچوونی به‌رده‌وام هه‌بێت له‌سه‌ر كه‌سی تووشبووی چاره‌سه‌ركراو، بۆ ماوه‌ی 6مانگ تا 2ساڵ، هه‌تا جارێكی دیكه نه‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر مادده هۆشبه‌ره‌كان."
نیشانه‌كانی كه‌سی توشبوو
ئه‌و كه‌سانه‌ی ئالوودهدهبن به مادده هۆشبه‌ره‌كان له سه‌رجه‌م جیهاندا، به چه‌ند نیشانه‌یه‌كی دیاریكراودا ده‌ناسرێنه‌وه، گرنگترین ئه‌و نیشانانه: هه‌وكردنی هه‌ردوو سینگ‌و دیواری ناوه‌ڕاستی دڵ‌و توشبوون به كهمخۆراكیو هیلاكیو لاوازی‌و نه‌خۆشی كۆئه‌ندامی زاوزێ‌و حهساسیهتو نه‌خۆشیی ده‌روونی دهمارگهلی، له‌گه‌ڵ تووشبوون به دڵه‌ڕاوكێی دهروونیو كرژبوونی دهمارگهلیو توندوتیژی له ههڵسوكهوتو له‌رزی لهشو هێڵنجو كرژبوونی ماسولكه‌كان، هه‌روه‌ها هه‌ستكردن به نائارامی له بیركردنه‌وه‌و تێكچوونی باری كه‌سێتی خۆیهتیو هه‌ست نه‌كردن به كات‌و شوێن‌و هه‌ستكردن به تهنیاییو دووركه‌وتنه‌وه له خێزان‌و كۆمه‌ڵگه‌و دروستكردنی مه‌ترسیی گه‌وره له‌سه‌ر كه‌سانی ده‌وروبه‌ر، به‌هۆی تاوان‌و په‌لاماردانی خه‌ڵكی شاره‌كه یان به شێوه‌یه‌كی توند‌و نایاسایی.
هه‌روه‌ها كه‌سانی تووشبوو گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت، له ئاستی جموجۆڵی خێراوه بۆ ئاستی خاوبوونه‌وه، ئاستی زیره‌كیشیان خراپدهبێتو شێوه‌ی جلوبه‌رگیان ناڕێك‌و نائاسایی دهبێتو ڕه‌نگی ده‌موچاویان زهرددهبێتو هه‌ست به ماتبوونو قه‌هرو خهفهتو لاوازی ده‌كه‌ن، ههڵسوكهوتو ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆیان به‌نهێنی ده‌رده‌خه‌ن‌و ناو‌و ناونیشانی براده‌ره‌كانی خۆیان ئاشكراناكه‌ن، چونكه له یه‌ك گروپنو پێكه‌وه مادده هۆشبه‌ره‌كان به‌كارده‌هێنن. هه‌روه‌ها نیشانه‌ی ڕێژه‌ی خواردنی شیرینی‌و شه‌كر زیادده‌كات له‌نێو كه‌سانی تووشبوودا، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ده‌بینین ڕێژه‌ی خواردنی خۆراكی جۆراوجۆری ڕۆژانه‌یان زۆر كه‌مده‌بێت، به‌هۆی تێكچوون له مێتابۆلیزمی هه‌رسكردن‌و كێشه‌ی ده‌روونیانه‌وه.
هه‌فتانه ــ ڕاوێژ كامه‌ران
خه ندان
|