| ||
|
||
عه‌لى که‌ریمى: ئه‌وه‌ى له ئێران ڕووده‌دات شۆڕشه
دانا عومه‌ر نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس عه‌لى که‌ریمى له‌باره‌ى خۆپیشاندانه‌کانى ئێرانه‌وه پێى وایه که ئه‌وه‌ى ڕووده‌دات له ئێران ناتوانین بڵێین شۆڕشى نانه یان ئازادیى، بەڵکو شۆڕشى هه‌موو شتێکه، ده‌شڵێت، په‌ژاک ده‌بێت خۆى ئاماده بکات و ڕێنمایى خه‌ڵکى ڕۆژهه‌ڵات بکات و ئه‌گه‌ر پێویست بوو بیانپارێزێت. ماوه‌ى پێنج ڕۆژه خۆپیشاندان و ناڕه‌زایى له سه‌رجه‌م شار و شارۆچکه‌کانى ئێران‌دا سه‌ریهه‌ڵداوه، که ئه‌مه‌ش به‌یه‌که‌م خۆپیشاندانى فراوان داده‌نرێت له مێژووى حکومڕانیى کۆمارى ئیسلامى ئێران-دا.
ڕۆژنیوز - لەوبارەیەوە، عه‌لى که‌ریمى، نووسه‌ر و چاودێری سیاسی، به ڕۆژنیوزى وت: ئه‌وه‌ى که ڕووده‌دات مافێکى بێ ئه‌ملاولاى خه‌ڵکى ئێرانه، چونکه 39 ساڵه دزیى و گه‌نده‌ڵیى هه‌یه، تاقمێک مه‌لا له سه‌ره‌وه میلله‌تى ئێرانیان ته‌نگه‌تاو کردووه، ئه‌وه‌ى له ئێران ڕووده‌دات ناتوانین بڵێن شۆڕشى نانه یان شۆڕشى ئازادییه، به ڕاستى شۆڕشى هه‌موو شتێکه. جیاوازییه‌کى تر‌ى ئه‌م شۆڕشه ئه‌وه‌یه که ڕابه‌رێکى نییه، وه‌ک ئه‌وه‌ى چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر ڕوویدا که که‌ڕووبى و موسه‌وى ڕابه‌رایه‌تیان ده‌کرد، هیچ حزبێک ناتوانێت بانگه‌شه‌ى ئه‌وه بکات که ڕابه‌رایه‌تى ئه‌م شۆڕشه ده‌کات، بۆیه دروشمه‌کانیشیان جیاوازن، ڕۆژێک داواى نان ده‌که‌ن ڕۆژێک داواى ئازادیى ده‌که‌ن، ڕۆژێک داواى گۆڕینى ڕژێم ده‌که‌ن، ڕۆژێک داواى ئازادیى زیندانه سیاسییه‌کان ده‌که‌ن، ڕۆژێکیش ده‌ڵێن مه‌رگ بۆ خامنه‌ئى، بۆیه ده‌بێت به وردى چاودێرى ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانه بکه‌ین. ئه‌وه‌ى که ئێران تا ئێستا ده‌ستى بۆ بردووه بۆ سه‌رکوتکردنى خۆپیشاندانه‌کان، چاوه‌ڕوان نه‌کراوه له‌چاو ئه‌وه‌ى که ئێمه کۆمارى ئیسلامى ئێران ده‌ناسین، پێشتر بچوکترین ناڕه‌زاییه‌کانى به تانک و تۆپ سه‌رکوت ده‌کرد، ئه‌م جاره به‌م شێوه‌یه نه‌بوو، ئیتر نازانم ئه‌وه نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه که هێزه نیزامیه‌کانیش بێزارن و نایانه‌وێت په‌لامارى خه‌ڵک بده‌ن یان شتى تره، ئه‌گه‌ر هێزه‌کان نه‌یانه‌وێت په‌لامارى خه‌ڵک بده‌ن ئه‌وه جێگه‌ى ده‌ستخۆشییه. دڵنیام ئه‌وه‌ى که دواجار ڕ‌ژێمى ئێران په‌ناى بۆده‌بات هه‌ر هێزه، ئیتر ئایا هێز ده‌توانێت ئه‌و شۆڕشه‌ى خه‌ڵک شکست پێبێنێت یاخود نا، ئه‌وه ده‌که‌وێته سه‌ر ئه‌وه‌ى تا چه‌ند خه‌ڵک یه‌کگرتووه، خۆشبه‌ختانه دروشمى خه‌ڵک ئه‌وه‌یه "یه‌کگرین یه‌کگرین، مه‌ترسن ئێمه هه‌موومان پێکه‌وه‌ین" ئه‌م جۆره دروشمانه زۆر باشن بۆ وره‌ى خه‌ڵک.
له‌باره‌ى ئه‌رکى حزبه‌کانى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان له‌م قۆناغه‌دا، عه‌لى که‌ریمى وتى: ئه‌وه‌ى که من بێ‌ئومێد ده‌کات له حزبه کوردییه‌کانى ڕۆژهه‌ڵات ئه‌وه‌یه، که ئه‌و هێزانه په‌ژاکى لێده‌رچێت هه‌موویان ده‌مێکه به‌سه‌رچوون، ده‌مێکه خۆیان نوێ نه‌کردووه‌ته‌وه، من باسى دیموکراته‌کان و کۆمه‌ڵه‌کان ده‌که‌م، ئه‌وان به‌م شێوه په‌رته‌وازه‌یه ناتوانن وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى داخوازیه‌کانى خه‌ڵک بن، باشترین شت ئه‌وه‌یه که دابنیشن ژورێکى چالاکیى هاوبه‌ش دروست بکه‌ن، چه‌ندین کارى هاوبه‌ش پێکه‌وه بکه‌ن.
ده‌بێت ئه‌وه بزانن که ئه‌وان وه‌زن و قورساییان له‌ناو گه‌لدا که‌مه، ده‌بێت خه‌یاڵى ئه‌وه نه‌که‌ن که حزبه‌که‌ى ٤٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌رن، ٦٥%ى خه‌ڵکى ڕۆژهه‌ڵات ئێستا ته‌مه‌نیان له‌خوار ٣٥ ساڵه‌وه‌یه، واتا چوار ساڵ دواى ئه‌وه‌ى ئێمه له ئێران هاتووینه‌ته ده‌ره‌وه ئه‌وان له‌دایک بوون، بۆیه پێویسته به په‌له خۆیان نوێ بکه‌نه‌وه.
په‌ژاک له‌م ساڵانه‌ى دوایدا جه‌ماوه‌رێکى فراوانى له نێو ڕۆژهه‌ڵاتدا په‌یدا کرد، ئیتر ئه‌وه به‌هۆى چالاکیه‌کانیانه‌وه بێت یاخود به‌هۆى فه‌لسه‌فه‌ى ئاپۆ-وه‌یه نازانم، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه ده‌بێت په‌ژاک به وردى خۆی ئاماده بکات، ڕێنمایى خه‌ڵک بکات، وه ئه‌گه‌ر هێزێک پێویست بوو بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵک بپارێزێت ده‌بێت ئه‌وان خه‌ڵک بپارێزن. ئه‌گه‌ر بکرێت به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ئه‌زمونى ڕۆژئاواى کوردستان له ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان دووباره بکه‌نه‌وه، چونکه ئه‌زمونێکى سه‌رکه‌وتووه، وه ده‌بێت ئه‌و حزبه ته‌قلیدیانه‌ى تر هه‌وڵ نه‌ده‌ن ئه‌زمونى باشوورى کوردستان له ڕۆژهه‌ڵات دووباره بکه‌نه‌وه، چونکه ئه‌وان له ژێر کاریگه‌رى یه‌کێتى و پارتی-دان، ئه‌گه‌ر ئه‌م ئه‌زمونه باش بووایه به که‌ڵى باشوور ده‌هات، له‌دواى ٢٦ ساڵ ئێستا باشوور ئه‌و حاڵه‌ى نه‌ده‌بوو.
|
||
Qadirzada.com © 2018. All rights reserved
|
||