"قودس و مزگەوتی ئەقسا هێڵی سوورە و ناكرێت ببەزێنرێت"

 

ئەمینداری گشتی یەكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان دەربارەی ئەو بانگەشەیەی باس لە خواستی ئەمریكا دەكات بۆ ئەوەی قودس بە پایتەختی ئیسرائیل بناسێنێت، هەڵوێستی رێكخراوەكەیی و كاردانەوەی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی بەرامبەر ئەو هەنگاوە ڕاگەیاند و داواشی لە هەموو سەركردە و بەرپرسان و پادشا و سەرۆكی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی كرد بە ئەركی خۆیان هەستن بەرامبەر ئەو بابەتە و كۆنگرەیەكی گەورەی ئیسلامی جیهانی و مرۆیی بەپەلە لەسەر پرسی قودس رێك بخەن.

 

دكتۆر عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان بە ئاژانسی ئانادۆڵی ڕاگەیاند:

 

هەڵوێستی یەكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان زۆر روون و ئاشكرایە بە وەستانی لەگەڵ هەموو پرس و بابەت و كێشەكانی وڵاتانی ئیسلامی بەتایبەت پرسی یەكەممان كە پرسی قودسە، بۆ ئەو مەبەستە پێش دوو رۆژ پەیامێكمان ئاراستەی سەركردەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی كرد بەتایبەتی وڵاتانی كەنداو كە بەئەركی ئایینی و مێژوویی خۆیان هەستن بەرامبەر قودس و ناكۆكی و دووبەرەكییەكانیان بخەنە لاوە و قودس بكەنە خەم و پرسی یەكەمی خۆیان و پشتیوانی بكەن.

 

ئەوەی سەرۆكی ئەمریكا هەنگاوی بۆ دەنێت بە داننانی بە قودس وەك پایتەختی دەوڵەتی داگیركار (ئیسرائیل)، ئەو هەنگاوە بە تێڕوانین و بڕوای ئێمە و هەموو موسڵمانان دەستدرێژییەكی ئاشكرایە لەسەر هەموو موسڵمانان كە ژمارەیان دەگاتە یەك ملیار و ٧٠٠ ملیۆن كەس لە جیهاندا و برینداركردنی هەستی ئەوانە، هەروەها دەرچوونە لە یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكان و بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان كە قودس وەك خاكێكی داگیركراو سەیر دەكات بە تایبەت بڕیاری ٤٢٤، هەروەها ئەو بڕیارانەش كە لە رێكخراوی یونیسكۆ دەرچوون قودس بە خاكی فەڵەستین و ئیسلام دەزانێت نەوەك خاكی رژێمی داگیركار.

 

 ئێمە ئەو هەنگاوە و بڕیارێكی لەو شێوەیە بە مەترسیدار دەبینین لە بەرامبەر هەموو موسڵماناندا، ئەوە جگە لەوەی رێز نەگرتنە لە هەستی موسڵمانان، رێزنەگرتنە لە هەستی مەسیحییەكانیش كە هاوبەشن لەگەڵمان لە قودس و كەنیسەیان هەیە و پێیان وایە ئەوە خاكێكی عەرەبیە.

قەرەداغی داوای لە هەموو سەركردە و بەرپرسان و پادشا و سەرۆكی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی كرد بە ئەركی خۆیان هەستن بەرامبەر ئەو بابەتە و كۆنگرەیەكی گەورەی ئیسلامی جیهانی و مرۆیی بەپەلە لەسەر پرسی قودس رێك بخەن، هەروەها پەیامی رێكخراوەكەشی ئاراستەی گەلانی موسڵمانی جیهان و ئەوانەی پشتیوانی ئەو بابەتە دەكەن كرد بە گرتنە بەری هەموو رێوشوێنێكی شەرعی و یاسایی رێگە پێدراو دژی ئەو هەنگاوە، لەنێویاندا خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینی ئاشتیانە بە دوور لە توندوتیژی و پێكدادان و پەلاماردان.

 

داواشی لە هەموو وتاربێژانی ئیسلامی لە جیهان كرد، وتاری ئەم هەینییەیان تایبەت بكەن بە پرسی قودس و رۆژی سەركەوتنی قودس و بەردەوامیدان بە رۆژانی سەركەوتنی قودس تا ئەو كاتەی سەرۆكی ئەمریكا لە پڕۆژەكەی پاشگەز دەبێتەوە.

 

د.عەلی قەرەداغی : قودس و مزگەوتی ئەقسا هێڵی سوورە و ناكرێت ببەزێنرێت، ئومەتی ئیسلامی هەموو مافێكی هەیە بۆ پشتگیریكردن لە مافی خۆی و رووبەڕووبونەوەی ئەم پڕۆژەیە بە هەموو رێگایەكی شەرعی و یاسایی، داواش لە هەموو وڵاتانی ئیسلامی و مرۆیی دەكەین هەستن بە گوشارخستنە سەر ئەمریكا لە رووی دیپلۆماسی و سیاسی و ئابوورییەوە، بۆ پاشگەزكردنەوەی لە بڕیارێكی لەو شێوەیە و هاوكاریكردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی تر لە ئاسیا و ئەورووپا و رووسیا كە پشتیوانیمان دەكەن لەو بابەتەدا كە بە پێچەوانەی بڕیارەكانی نەتەوەیەكگرتووەكانەوەیە.

 

ئەمینداری گشتی یەكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان بە نیگەرانییەوە باس لە هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەكات لە كاردانەوەیان بەرامبەر ئەو هەنگاوەی ئەمریكا، ئەو وتی:

بەداخەوە زۆربەیان لەسەر ئاستی پێویست نین، ئەگەر ئومەتی ئیسلامی یەكگرتوو بەهێز بوونایە ئەوكات ترەمپ توانای دەركردنی بڕیارێكی لەو شێوەیەی نییە، بەڵام ئومەتی ئیسلامی لە هەموو شوێنێك بەتایبەت وڵاتانی كەنداو سەرقاڵ كراون و بە هۆی سیاسەتەكانی ترەمپەوە كەوتونەتە نێو كێشەیەكی قووڵەوە، ئەوەش بە هۆی سیاسەتەكانی ترەمپەوەیە كە هانی هەندێكیان دەدات و لە پشتیوانی هەندێكی تریان پشگەز دەبێتەوە، ئەوەش وای كردووە رێگای بۆ خۆش بكات بڕیارێكی لەو شێوەیە دەربكات، بۆیە سەركردە و بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبی بەرپرسیارن بەرمبەر خودا و پێویستە بە ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆیان هەستن.

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved