تکایە دەنگ و ڕەنگی ئازادی و قەڵم مەبڕن لە پێناو هیچدا!

 

 

عەلی کەریمی

 

نانتان بڕی، مەعاشتان لوش دا، کەرامەتی مامۆستاتان نەهێشت، کەسایەتی هەموو تاکەکانتان خستە ژێر قۆندەرکانتان، مەرد و نامەردتان کرد بە  کەڵەگای خەڵک و بە سەدان کاستی خوێری و بێ ڕابردوو و بێ مستواتان بەرهەم هێنا، ئێستا خەریکن زمانەکانیش دەبڕن.

 

کوا یەکێتێکەی مام جەلالی بڕوا بە ئازادی، کوا یەکێتی ئارامەکان و نەوشیراوانەکان، ئەری بەڕاستی چیتان بەسەر هاتووە و چیمان بەسەر دێنن؟!

 

بۆ بە هەمووتان و هەموو لایەنەکان بڕیاری بە کۆت کردن و زمان بڕینی سلێمانیتان داوە؟! بەڕاست زۆر چاوقائیم و لە غەزەب و گەردەلوولی کۆمەڵانی خەڵکی شارەکەی بێکەس و پیرەمێرد ناترسن!

 

تۆ کە لە هەموو چوارقوژبنی ئەم دنیایە، ئەم خەڵکە بوێر و خۆڕاگرەی سلێمانیت لەگەڵ ماوە، ئێستا خێرە ئەوانیش لەخۆتان دەکەن و چوار دۆستان هەیە ئەوانیش لە خۆ دەتۆرێنن؟!

 

ئەوە ماوەیەکە و بەتایبەت لە شەوی پێش لە سلێمانی چ لە سەرکوتی خۆپێشاندەران کە ڕێک بە دژی قسەکانی هاوسەرۆکە تازەکانی یەکێتی نیشتمانی بوو لەمەڕ ئازادی ڕادەڕبڕین و پشتیوانی لە خۆپێشاندەران، چ لە داخستنی ئەم چەند میدیا ئازادەی کە بۆتە جێی شانازیی و خۆڕانانی ناوچەکە و شاری سلێمانی و سەروەریتان بۆ یەکێتی نیشتمانی، توڕەیی و غەزەبی هەموومانی بەدوادا دێت!

 

بترسن لەم ڕۆژەی کە دەزانم زۆر نزیکە، خەڵک ئیتر ڕەحم بە کەس ناکات و چاک و خراپ بەیەکەوە دەسوتێنن، بەش بە حاڵی خۆم پەرۆشم بۆ خەرمانی دەیان ساڵی هەموو شەهیدان و ڕێبوارانی رێی دەنگی ئازاد و سەرکردەکانی میدیای خەڵکیی و دژە دیکتاتۆر!

 

تکایە تەنیا نوزەیەک کە لە هەموو کوردستاندا ماوە و مۆمی ڕووناکی دەنگ و بیری ئازادە، سەرکوت و خامۆشی مەکەن، بێڵن با سلێمانی هەروەک جاران و پیشەکەی خۆی بە هەڵمژینی ئازادی درێژە بە ژیانی خۆی بدا و ئەوەتان لێی بەچاوە نەبێت.

 

ئاخر موحافیزی شارەکەی جەمال عیرفان و حاجی تۆفیقی ڕۆژنامەنووس و ڕەفیق حیلمی و بێکەس، پێم ناڵێی ئاخر تۆ چکارەی و بۆ لەسەر ئەم کورسییە بێدەسەڵات و مەسخەرەیە دانیشتووی لە کاتێکدا لە ژێرفەرمانی جەنابتان ڕۆژانە مافیاکان بە هەزار و یەک ڕێگا و فێڵ و تەڵەکە زمان  و نان و قووتی خەڵكی هەژار دەبڕن؟!

 

بۆ خۆت و بۆ فەرهەنگی شار و ڕۆژنامەنووسیشت هەر زۆر باش دەبێ واز لە موستەفید بوون و پۆست و پایە، هەتا زوویە بێنی و قەڵەم و کورسی و هەر هەموویان بە هەرزانی باڵایان ببەخشی، تاکو بەڵکو تا درەنگ نەبووە خۆت بکڕیتەوە و سەروەرێک بۆ خۆت تۆمار بکەیتەوە.

 

دەبێ دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی ئەم شارە باش بزانن داخستنی میدیاکانی ئێن ئاڕ تی  و هەموو میدیاکانی سەر بە ڕەوتی دیلەکەی ئیمڕاڵی، هەر لە ئاریەن و ستێرک و ڕووناهی تی ڤی و ڕۆژنیوز و هەموو دەنگ و ڕەنگەکان، نەتەنیا چارەی کێشەکانتان نادات، بەڵکو ئەوەندەی تر ئیشەکانتان قێزەونتر و لە بەر چاوی ئەم کۆمەڵە خەڵکەش کە بە دەورتاندا ماون و سوکە عەتفێکیان بۆتان ماوە، خراپتر و بێزارتر دەکات.

 

هیوادارم بەخۆتاندا بێنەوە و خەرمانی پڕ لە تێکۆشان و قوربانی ڕابردووتان بەدەستی خۆ گڕ نەدەن!

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved