ئەنجومەنی ئاسایش ڕاگەیاندنێکی بڵاو کردەوە

 

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە خۆپیشاندانی شارستانی و ئاشتییانە مافی هاووڵاتییانە، بەڵام ئەوەی دەبینرێت، دەرچوونە لە چەمکی خۆپیشاندان.

دەقی ڕاگەیاندراوەکە:

 

ڕاگەیەندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانەوە

بەداخەوە لەم چەند رۆژانەی رابردوودا گرژی و ئاڵۆزی لە چەند ناوچەیەکی سنووری سلێمانی و گەرمیان و ھەلەبجە ڕووی دا کە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە. خۆپێشاندانی شارستانی و ئاشتیانە مافی ھاوڵاتیانە، بەڵام ئەوەی دەبینرێ دەرچوونە لە چەمکی خۆپێشاندان، بۆیە داوا لە ھاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین رێگە نەدەن داوا ڕەواکانیان ئاوێتەی ئەجندای سیاسیی گوماناوی ناوخۆیی و ناوچەیی ببن.

 

لە سوونگەی پەرۆشیمان بۆ ئاسایشی نیشتیمانیی ھەرێم، داوای وریایی و چاوکراوەیی زیاتری ھاوڵاتیان دەکەین. پێویستە گەلەکەمان بە یەکھەڵوێستی ئەم قۆناغە ببڕێت .دەبوایە ئەم خۆپێشاندانانەی ئێستا بە ئاراستەی دژایەتی ئەو سیاسەتە ناڕەوایەی دەسەڵاتی بەغدا بێت کە لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر سیاسەتی ئابلوقەدان و برسی کردنی ھاوڵاتیانی ھەرێمیان گرتۆتە بەر.

 

دەسەڵاتدارانی بەغدا خۆیان لە دانووستان لەگەل ھەرێم دەدزنەوە و لە ھەمانکاتدا ئابلوقەی ئابووری و سیاسی و ھەرەشەی سەربازیان لە سەر ھەرێم بەردەوامە. ئەوان گرەو لە سەر تێکچوونی رەوشی ناوخۆیی ھەرێم دەکەن، بۆیە ئەم رەوشە تەلە و داوێکی مەترسیدارە کە شیرازەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ھەرێم دەکاتە ئامانج. داوا لە ھاوڵاتیانی خۆشەویستمان دەکەین ھەستیاریی قۆناغەکە لەبەرچاو بگرن و رێگە نەدەن خەلکانێک لە پەنای داواکانی ئەوان پەلاماری دامودەزگاکان و موڵکی گشتی بدەن.

 

داوا لە ھەموو دامودەزگا ئەمنیەکانی ھەرێم دەکەین بە شێوەیەکی بەرپرسانە ڕووبەڕووی ھەر کارێکی تێکدەرانە ببنەوە و سەرو ماڵی ھاوڵاتیان و موڵکی گشتی و سەقامگیری و ئاسایشی ھەرێم بپارێزن.

 

 ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان

٢٠/١٢/٢٠١٧

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved