ژیانی مامۆستا ئەحمەدی موفتزادە

 

ئەحمەدی موفتی زادە کوری مەلا مەحمودی موفتی کوڕی عەللامە مەلا عەبدوڵلای دشەیییە

ئەحمەدی موفتی زادە بیرمەند و بانگخوازی ئیسلامی، کوڕی مەولانا مەحموودی موفتی لەساڵی ١٣١٢ کۆچی هەتاوی (١٩٣٣ی زاینی)  لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە دنیا هەڵێنا.

 

لە تەمەنی هەرزەکاریدا بۆ فێربوونی زانستی ئیسلامی روویکردە باشووری کوردستان و دەگوترێت لە ماوەی کەمتر لە ٤ ساڵ و بەهوی ئەو زیرەکیەی کە تێدا بووە، توانیویەتی قۆناخەکانی زانستی ئیسلامی بە سەرکەوتوویی ببڕێت.

 

لە تەمەنی ١٨ ساڵی و بەهۆی شارەزایی و ئەو باڵا دەستیەی کە لە زانستی ئیسلامیدا هەیبوو، لە فێرگەی دینی مزگەوتی دارولئیحسانی شاری سنە لە شوێنی باوکی دادەنیشێت و دەبێتە مامۆستای وانە وتنەوە لە فیقه و ئوسول و کەلام.

 

لەساڵی ١٣٣٧-ی کۆچی هەتاوی بەرەو تارانی پایتەختی ئێران دەڕوات و لە بەشی کوردی رادیۆ تاران دەستی بەکار کرد، هەروەها لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا لە شوێنی باوکی کە مامۆستای زانکۆی تاران بوو دەستی کرد بە وانە گوتنەوە لەو زانکۆیە و هەر ئەوکاتانە بوو کە ناوبانگی پەیدا کرد و ناوی کەوتە ناو ناوان.

 

لەو ساڵانەدا بوو کە لەگەڵ چەند کەسێک لە شارەزایانی زمانی کوردی رۆژنامەی کوردستانیان بڵاو کردەوە و لەساڵی ١٣٤٢ -ی کۆچی هەتاوی بەهۆی ئەندامێتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستان لەلایەن ساواکەوە دەستبەسەرکرا و خرایە زیندانەوە.

 

زیندانی کردنی ئەحمەدی موفتیزادە بە گوتەی خۆی دەستپێکی گۆڕانکاری بوو لە هزر و بیرکردنەوەی و لاپەڕەیەکی نوێی هەڵدایەوە لە ژیانی دینی ئەو کەسایەتییە و ئەوە بوو کە وەک رێبەرێکی دینی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناوبانگی پەیدا کرد.

 

لەدوای ئازادبوونی لە زیندان لەساڵی ١٣٤٣-ی هەتاوی گەڕایەوە بۆ شاری سنە و گەمارۆیەکی سەختی سیاسی و ئابووری لەلایەن حکومەتی ئەو کاتەی ئێران خرایە سەری و بەشێوەیەک کە وەک نزیکەکانی دەیگێڕنەوە دەستەنگی و هەژاری تەنگی پێهەڵچنیبوو بەڵام لەبەرامبەر پاداشت و ئەو تەماحانەی دەخرایە بەردەمی چۆکی دانەنەواند و ئەوانەش بوونە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر لەدەوری موفتیزادە کۆببنەوە و پێگەی لەناو کۆمەڵانی خەڵک لەو سەردەمە بەهێزتر بێت.

 

هەر لەو ساڵانەدا بۆ جارێکی دیکە و بەمەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشی هاوسەرەکەی رووی لە تاران کرد بەڵام دوای ماوەیەک مانەوە لە تاران و دوای کۆچی دوایی هاوسەرەکەی کە لە بنەماڵەی موهتەدییەکانی بۆکان بوو، گەڕایەوە شاری سنە و لە ساڵی 1356-ی کۆچی هەتاوی و پێش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران مەدرەسەی قورئانی دامەزراند کە لە شاری سنە و مەریوان بە شێوەی قوتابخانەی قورئان دەستی بە کار کرد و خەڵکێکی زۆری ڕاکێشا؛ دوایی ناوی خۆی گۆڕی بۆ مەکتەبی قورئان و ئێستاکە وەکوو بزاڤێکی دینی لە رۆژھەڵاتی کوردستاندا درێژە بە چالاکی دەدات.

 

ئەحمەدی موفتیزادە کە لە لایەن لایەنگرانییەوە بە «کاکە ئەحمەد» ناو دەبرێت، بزاڤی دینیی خۆی لە سەر بنەماکانی قورئان و سوننەتی حەزرەتی موحەممەد داڕشت. کاری سەرەکی مەکتەب قورئان، لە سەرەتاکانی قۆناخی بانگەوازدا بریتییە لە: تەزکیەی خۆ واتا (پاک کردنەوەی دڵ و دەروون و لابردنی ھزر و رەوشتی پیس و ناڕەوا) و بانگھێشت و رێنوێنی خەڵک، بە پێی بنەماکانی دینی ئیسلام و شێواز و روانگەی تایبەتی ئەحمەدی موفتیزادە، بە بێ چالاکی سیاسی.

 

موفتی زادە لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران رێبەری بەشێکی خەڵکی لە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان خستە ئەستۆ و دواتر وەک رێبەرێکی مەزهەبی و نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناسێندرا و رۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە سەرهەڵدانی شۆڕش لە پارێزگای سنە.

 

موفتیزادە رێبەرایەتی رەوتێکی میانڕەوی مەزهەبی و نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرد و بەوبۆنەوە لە زۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران بەشداری دەکرد و بەردەوام لە رێگای سنە بۆ تاران بوو تاوەکو وەک خۆی باسی دەکات بتوانێت ئەو زوڵمە نەتەوەیی و مەزهەبی و چینایەتییەی لە گەلی کورد دەکرێت بیسڕێتەوە و مافەکانی کورد لە حکومەتی نوێی ئێران بچەسپێنێت.

 

لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و بێ هیوایی لەو بەڵێنانەی کە لەلایەن حکومەتی ئەو کاتەی ئێران پێدرابو و هەروەها ئەو ئاڵۆزیانەی لە کوردستان دروست بوو و وەک خۆی دەڵێت بۆ رێگریکردن لە براکوژی لە کوردستان، بەرەو کرماشن رۆیشت و دوای ماوەیەک رۆیشتە تارانی پایتەختی ئێران.

 

موفتیزادە بەهۆی ئەو گوتارانە کە دژی حکومەتی نوێی ئێران دەیدا و ئەو قسانەی کە لەبەرامبەر دەسەڵاتدارانی ئێران دەیکرد لەساڵی ١٣٦١-ی کۆچی هەتاوی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە دەستگیر کرا و گواسترایەوە بۆ زیندانی ئێوین لە شاری تاران.

 

ئەحمەدی موفتیزادە دوای دە ساڵ زیندان و ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر کە وەک خۆی دەیگەڕێنێتەوە تۆڵەی هەموو کورد و سوننەیان لەو کردوەتەوە، بە چەندین جۆری نەخۆشی و شێرپەنجە لە زیندان هاتە دەرەوە و دوای سێ مانگ مانەوە لە نەخۆشخانەی ئاسیای تاران لە رۆژی سێشەممە ٢٠-ی رێبەندانی ساڵی ١٣٧١-ی  هەتاوی کۆچی (١٩٩٣زاینی) دوایی کرد و تەرمەکەی هێنرایەوە بۆ تەپەی شێ حەمە باقری شاری سنە و لەوێ بەخاک سپێردرا.

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved