یه‌كێكی تر بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق !

 

 

ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

نووسه‌ری شاری سنقری كرماشان مه‌نسور یاقوتی له‌ چێرۆكێكدا ئه‌ڵێت : یك نانخور دیگه‌ر واته‌ یه‌ك نانخۆری تر باس له‌ دایكبوونی كورپه‌یه‌ك ئه‌كات له‌ خێزانێكی هه‌ژارو نه‌دار كۆمه‌ڵێك مناڵیان هه‌یه‌و له‌ عێراقیشدا یه‌كێكی تر هات به‌ ناوی مسته‌فا عه‌بدئه‌لله‌تیف مشه‌ته‌ت ئه‌لغریباوی ــ كازمی.

 

به‌ڵێ ، محه‌مه‌د ته‌وفیق عه‌لاوی و عه‌دنان خدر ئه‌لزورفی له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆمار راسپیردران بۆ پرستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و یه‌ك له‌ دوای یه‌ك هاتن و زوو ماڵئاواییان كردو ئه‌مرۆ مسته‌فا كازمی راسپیردا بۆ ئه‌و بۆسته‌ و، یه‌كسه‌ر له‌ به‌غداو شاره‌كانی ناوره‌راست و خوارووی عێراق له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌ران له‌ سه‌ر دیوارو ته‌نه‌كه‌و ستونی كاره‌با وێنه‌ی كازمی هه‌ڵواسراو له‌ سه‌ریان نووسیوه‌ : مرفوض ــ ره‌فزه‌و نامانه‌وێت و ره‌تی ئه‌كه‌ینه‌وه و، له‌ به‌غداو شاره‌كانی تر خۆپیشاندان دژ به‌ كازمی كرا‌.

 

له‌ سته‌لایه‌تی خۆپیشانده‌ران : صدی التحریر { ده‌نگدانه‌وه‌ی ئازادیكردن} دروشم دژ به‌ كازمی به‌م شێوه‌یه‌ به‌رزكرایه‌وه‌: به‌رێز سه‌رۆك كۆمار به‌رهه‌م ساڵح، تۆو حزبه‌كانی پشكپشكێنه‌ی روخساردێزو گه‌نده‌ڵ تاكه‌ی له‌ سه‌ر راسپاردنی كه‌سانی گومانلێكراو بێ تواناو ئه‌وانه‌ی له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ ره‌فزو ره‌تكراونه‌ته‌وه‌ به‌رده‌وام ئه‌بن ؟ ، ئه‌م كاره‌ی ئێوه‌ كات كوشتنه‌و درێژه‌دانه‌ به‌ حكومه‌تی كاربه‌رێكه‌ری عادل عه‌بدوالمه‌هدی بكوژی خۆپیشاده‌ران و خه‌ڵكی راپه‌ریوو، پێویسته‌ كه‌سایه‌تییه‌كی نیشتمانپه‌روه‌رو ده‌ستپاك له‌ ده‌ره‌وی  حزبه‌كانی ناوچه‌ی سه‌وز راسپێرن.

 

به‌ وته‌ی خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵكی راپه‌ریو مسته‌فا كازمی پیاوی دووسه‌ره‌یه‌: چڵكاوخۆری ئه‌مریكایه‌و لایه‌نگری ئێرانه‌و، به‌وه‌ تومه‌تباری ئه‌كه‌ن ده‌ستی له‌ كوشتنی قاسم سلێمانی و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندس هه‌بووه‌و ، دزێكی گه‌وره‌یه‌و به‌ هۆی دامه‌زراندنی كارمه‌ندانی گه‌نده‌ل له‌ سه‌ر ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان خۆی ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه‌و، ده‌ستی خوێناوییه‌ به‌ كوشتنی خۆپیشانده‌ران و به‌رپرسی ده‌زگای سه‌ركوتكه‌ری موخابه‌رات بووه‌و، خاوه‌نی چه‌ندین ناسنامه‌یه‌ له‌ بریتانیاو ئه‌مریكا.

 

ئێمه‌ داواكارین "" ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق"" پێش هه‌موو شتێك هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ چونكه‌ زوربه‌ی نوێنه‌ران دزو فێڵبازو گه‌نده‌ڵن و، كۆتایی به‌ سیسته‌‌می پیشكپشكێنه‌ی تایفه‌گه‌ری چه‌په‌ڵ  بێنن به‌ هه‌موو داموده‌زگاكانی كه‌ په‌یوه‌نده‌ به‌ ئێران و میلێشیاكانی وه‌ك: حزبوڵلای عێراقی، عه‌سایبی ئه‌هلوحه‌ق، نوجه‌با كه‌ هه‌موویان كۆپی پاسداران و سوپای ئێرانن.

 

زۆر جار به‌رهه‌م ساڵح ‌ ناوی  مسته‌فا كازمی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران هێناوه‌و ئه‌و حزبانه‌ی ئه‌مرۆ پشتگیری لێئه‌كه‌ن تا دوێنێ دژی بوون و به‌ڵام وه‌ك ده‌ركه‌وت له‌ مێژه‌وه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ئه‌كه‌ن شیعه‌كان یه‌ك بگرن و به‌ یه‌ك ده‌نگ مسته‌فا كازمی به‌ربژێر بكه‌ن و، خۆشی ژێر به‌ ژێر په‌یوندی به‌ لایه‌نه‌كان كردووه‌ به‌ تایبه‌ت كوردو سوننه‌و داوای پشتگیری كردووه‌ بۆیه‌ له‌ ناكاوو كتوپر: نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و محه‌مه‌د حه‌ڵبوسی به‌ناوی سوننه‌كان نامه‌ی پشتگیرییان ناردو هه‌روا هه‌موو بلوكه‌كان ( كوتله‌كان ) ی په‌رله‌مانی عێراق نامه‌ی پیشگیرییان ناردو، مه‌سعود بارزانی و لاهور شیخ جه‌نگی له‌ رێی ته‌له‌فونه‌وه‌ په‌وه‌ندیان به‌ كازمی كردو  پیشتگرییان پیشانداوه‌و،  له‌ ناو ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ رێوره‌سمی راسپاردنه‌كه‌ كازمی ئاماده‌بوون به‌عسسیه‌كانی زه‌مانی سه‌دام حوسه‌ێن ئه‌بینران.

 

دیاره‌ هاتنه‌كه‌ی عه‌لی شه‌مخانی ئه‌منیداری گشتی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی ئێران و، هاتنه‌كه‌ی سەردار سەرتیپ پاسدار ئیسماعیل قائانی فەرماندەی هێزی قودس و كومه‌ڵه‌ ئه‌فسه‌ره‌كه‌ی ئێران بێ مه‌رام نه‌بوون و له‌مرۆدا ئێران هه‌ناسه‌یه‌ك ئه‌دات  چونكه‌ كه‌نترۆڵكردنی عێراقی له‌ ده‌ستدابوو ، ئاواتی حزبه‌كانی  یاوه‌ری فه‌تح و سائرون و ده‌وڵه‌تی یاسا و ئه‌وانی تر هاته‌دی و ئێران توانی نێچیرێكی خاوه‌ن خه‌یروبه‌ره‌كه‌ت به‌ ئاسانی راو بكات ! ،  عێراق بۆ ئێران وه‌ك سییه‌كان وایه‌ بۆ هه‌ناسه‌دان وسوودوه‌رگرتن له‌ رووی ئابووری و سه‌ربازی و ئاسایش و سیاسی و، ئه‌زانن ( سییه‌كان)  له‌ گه‌ل كۆرۆنا له‌ شه‌ردایه‌.

 

مسته‌فا كازمی به‌ پشتگیری حزبه‌ شیعه‌كان و كوردو سوننه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆمار به‌رهه‌م ساڵح راسپیردراوه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران و، وا دیاره‌ چانسی زۆری هه‌یه‌ و ئه‌بێت ئه‌م كارانه‌ ئه‌نجامبدات :

ــ چاره‌سه‌ری بارودۆخی عێراق له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ : ئابوری وسه‌ربازی و سیاسی و، كاركردن بۆ هێنانه‌وه‌ی پاره‌و سامانی دزراو.

 

ــ دۆوینه‌وه‌ی بكوژانی زیاتر له‌ 600  و برینداركردنی زیاتر له‌ 25000 بیست وپێنج هه‌زار هاوڵاتی و، بكوژه‌كان بدرێنه‌ دادگا.

 

ــ ئازاد كردنی هه‌رچی گیراو زیندانی هه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ خۆپیشاندانه‌كان بوونه‌ قوربانی ده‌ستی ئه‌من وئیستخبارات و سوپا و هێزی ده‌ره‌كی.

ــ قه‌ره‌بووی برینداره‌كان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی  له‌ خۆپیشاندانه‌كان ئیفلیج و سه‌قه‌ت بوون.

 

ــ  به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ڵ له‌ سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌ بێت و، نابێت هیچ شتێك له‌ گه‌ل بشارێته‌وه‌ و، گرنگ كاری ژێر به‌ ژێرو رێككه‌وتن نییه‌ به‌ڵكو ده‌ستپاكی و ئه‌نجامدان و جێبه‌جێ كردنی ئاواته‌كانی هاوڵاتیانه‌.

 

ــ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و به‌سیه‌تی شاندو شاندكاری و، ئه‌وه‌ی مافی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌ دابین بكرێت به‌ پێی یاساو هه‌موو راستییه‌كان به‌تایبه‌ت نه‌وت و گاز بخرێنه‌روو.

 

ــ نه‌هێشتنی میلیشیاكان و چه‌ككردنیان و سزای تاوانبار ئه‌وانه‌ی به‌ فه‌رمانی به‌رپرسه‌كانیان خۆپیشانده‌ره‌كانیان كوشت بدرێن به‌ دادگا كه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌مانه‌ن: عه‌سایب ئه‌هل ئه‌لحه‌ق، بزوتنه‌وه‌ی ئه‌وفیاء، بزوتنه‌وه‌ی سه‌ربازانی ئیمام ، بزوتنه‌وه‌ی نوجه‌باء، كتیبه‌كانی سه‌ید الشهداء، كتیبه‌كانی ئیمام عه‌لی، لقه‌كانی عاشورا، لقه‌كانی خوراسانی و حزبوڵلای عێراقی وهێزی تری ئیسلامی تۆقینه‌ر.

 

ــ لێپیچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رانی حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات بكرێت ده‌رباره‌ی دزین و گه‌نده‌ڵی و، ریسوا بكرێن و سزا بدرێن.

 

ــ سیسته‌می پشكپشكێنه‌و گه‌نده‌ڵی بنبر بكرێن و كه‌سانی بی تواناو ته‌مه‌ڵ و به‌رتیلخۆر سزا بدرێن و دوور بخرێنه‌وه‌.

 

9/4/2020

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved