ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئۆجالان

 

"کورد پێویستی بەوە نییە کە ئێرە بۆ تۆ و ئەوێ بۆ من، کورد پێویستی بە ئاشتی و یەكێتییە".

 

 

عەبدوڵا ئۆجالان، ڕۆژی ٢٧ی ئەم مانگە، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ محەمەد ئۆجالانی برای قسەیکرد و ڕایگەیاند: کورد پێویستی بە شەڕ نییە پێویستی بە یەکێتییە، ئەگەر خوێنێکیش بڕژێت کەس ناتوانێت لەژێر بەرپرسیارێتیی دەربچێت، سەرنجیشی ڕاکێشاوەتە سەر پەیمانێک کە ساڵی ١٩٨٢ لەگەڵ ئیدریس بارزانی واژۆ کرابوو.

 

دوای ٢١ ساڵ، ٢٧ی ئەم مانگە، عەبدوڵا ئۆجالان، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ خانەوادەکەی قسەیکرد، ئەو پەیوەندییە کە لەگەڵ محەمەد ئۆجالان ئەنجامدرا ٢٠ بۆ ٢٥ خولەک بەردەوام بوو.

 

محەمەد ئۆجالان لەسەر ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە، لەگەڵ ئاژانسی مەزۆپتامیا، قسەیکردووە و ئاماژەی بەوەداوە کە داواکاری گشتی ڕحا گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەی ڕێکخستووە، وتوویەتی؛ پەیوەندییەکە لەسەر سێ بابەت لە ڕۆژەڤ بووە و ڕاشیگەیاندووە کە ئۆجالان ئاماژەی بەوەداوە کە "کورد پێویستی بەوە نییە کە ئێرە بۆ تۆ و ئەوێ بۆ من، کورد پێویستی بە ئاشتی و یەكێتییە".

 

محەمەد ئۆجالان ئاماژەی بەوەداوە کە لەگەڵ عومەر ئۆجالانی کوڕی کە پەرلەمانتارە، پارێزەرێک و دوو پەرلەمانتاری هەدەپە چوون بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، بەڵام تەنها ڕێگە بە ئەو دراوە کە قسە بکات، ئاماژەشی بەوەداوە کە یەکەمجارە ئەو مافە یاساییە بەکاربهێنێت و دەڵێت: پێشتر بۆ چوون بۆ ئیمرالی لە کەشتییەک سەردەکەوتین و لە نیوەی ڕێ دەیانگەڕاندینەوە، مانگانەش دیدار ئەنجام نەدەدرا، لەم قۆناغەشدا ساڵانێکە نەمانتوانیوە بۆ دیدار بچین، دەوڵەت بیەوێت دەتوانێت دیداری تەلەفۆنیش ڕێکبخات، ئەوە ٢١ ساڵە لەم مافە بێبەش کراوین، ٢٧ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠١:٠٠ی دوانیوەڕۆ بۆ یەکەمجار بە تەلەفۆن قسەمانکرد، پەیوەندییەکەمان ٢٠ بۆ ٢٥ خولەک درێژەی کێشا، کاتێک بە تەلەفۆن دەنگی سەرۆکم بیست زۆر دڵخۆش بووم، چاو و گوێی گەلی کوردیش لە دوورگەی ئیمرالی بوو".

 

عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر دۆخی کورد قسەیکرد

 

محەمەد ئۆجالان، ڕایگەیاند کەعەبدولا ئۆجالان ئاماژەی بەوەداوە کە کات کەمە و بۆ نرخاندنی ڕۆژەڤەکان بەس نییە، بۆیە لەسەر ڕۆژەڤە سەرەکییەکان قسە دەکات، وتی: دۆخی تەندروستیم باشە، بەڵام لە ڕۆژانی داهاتوو چ دەبێت نازانم.

 

محەمەد ئۆجاڵان دەڵێت: عەبدوڵا ئۆجالان دەستپێک نرخاندنی لەسەر گۆڕانکارییەکانی باشور کردووە و من ئاماژەم بەوەداوە کە لە قەندیل کێشە کەوتووەتە نێوان یەکێتی و پارتی و سەرۆک وتی: ئەم سیاسەتە شەڕی کورد بە کورد دروست دەکات و کورد بە دەستی کورد دەداتە کوشت، کورد هیچ قازانجێک لەمە ناکات، هیچ قازانجێکیشی بۆ گەلی تورکیا نییە، پێویستە نە پارتی و نە یەکێتی و نە هیچ بزوتنەوەیەکی کورد نەکەوێتە ئەو حسابە کە "شەڕ دەکەین و لە بەرامبەر ئەمەش دەوڵەتمان دەدەنێ"، ئەمە نابێت و قبوڵ ناکرێت، پێویستە یەکێتی نەتەوەیی بە بنەما بگرن، ٤٠ ساڵە پێویست بوو یەکێتی کورد دروست ببوایە، ئەوانەی لەوێ دەژین کوردن، ئەگەر خوێنێک بڕژێت کەس ناتوانێت لەژێر بەرپرسیارێتیی دەربچێت، ئەم پەیامەم هەم بۆ قەندیل و هەم بۆ حکومەتی هەرێمە، هەروەها پەیامێکە بۆ بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی، بۆ کەسایەتییەکان و هەموو ئەوانەی لە باشور دەژین، کورد پێویستی بە شەڕ و خوێن ڕشتن نییە، پێویستییان بە یەکێتییە، پێویستی کورد بەوەی کە؛ "ئێرە بۆ من و ئەوێ بۆ تۆ" نییە، پێویستی کورد بە ئاشتی و یەکێتییە، بە باوەڕم پەیامی گەورە ئەمەیە.

 

پەیمانی ساڵی ١٩٨٢ی بیرهێنایەوە

 

محەمەد ئۆجالان، ئاماژە بەوەدەکات کە عەبدولا ئۆجالان پەیمانە ١٠ خاڵییەکەی ساڵی ١٩٨٢ کە لەگەڵ ئیدریسی باوکی نێچیرڤان بارزانی واژۆکراوە بەبیرهێناوەتەوە و وتوویەتی؛ بەپێی پەیمانەکە پێویستە ئیدی لە نێوان کورد، خوێن ڕشتن و شەڕ دروست نەبێت، سەرۆک وتی: حکومەتی باشور، بنەماڵەی بارزانی لە سەرۆکایەتی هەرێم، خانەوادەی تاڵەبانی کە پشتیوانی حکومەت دەکات و جەلال تاڵەبانی (مام جەلال) پەیمانەکەیان قبوڵ کردووە، سەرۆک ڕوو لە هەڤاڵانی قەندیل و بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی وتی: چیتر خوێن ڕشتن لەناو کورد قبوڵ ناکرێت، هەم گەل و هەم ئێمەش قبوڵی ناکەین، سەرۆک هەروەها وتی: ئەگەر کەموکورتییەکیش هەبێت، پێویستە بە دیالوگ چارەسەر بکرێت و ئاشتی پێکبێت، ڕێگای یەکێتی کورد لە ڕۆژهەڵات، باشور، ڕۆژئاوا و باکورەوە تێدەپەڕێت، پێویستە ئیدی کورد لە شوێنێک یەکبگرنەوە و کێشەکانی نێوانیان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن، کەسێکیش ئەمە بکات، بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و هەڤاڵانی قەندیلن، هیوای گەلی کورد و ئێمەش ئەوەیە خوێنێک لەنێوان کوردان نەڕژێت.

 

پێویستە لە چوارپارچە ڕێکخستن گەورە ببێت

 

محەمەد ئۆجالان ڕایگەیاند، ڕۆژئاوا لە ڕۆژەڤی ئۆجالان بوو و لەسەر ئەو بابەتە وتی: ئەوەندەی دەبیستم دۆخی ڕۆژئاوا نە باشە و نە خراپە، پارتەکانی ڕۆژئاوا، ڕێکخستنە دیموکراتییەکانیان گەورە نەکردووەتەوە، زۆر بچووک ماونەتەوە، بەمانە کێشەکان چارەسەر ناکرێت، تا هێز دروست نەبێت چارەسەریی پێش ناکەوێت، بۆ ئەمەش پێویستە ڕێکخستنێکی باشتر بکرێت، هاوکات پێویستە لە هەر چوارپارچە ڕێکخستن گەورەتر بکرێت، لە دۆخی بە ڕێکخستن بوون و بەهێزبووندا چارەسەریی پێشدەکەوێت، بەڵام من ئەو هەڵویستەی "با دوکانەکەم بچووک بێت هی خۆم بێت" قبوڵ ناکەم، دوکانی بچووک نە بۆ کورد و نە بۆ گەلانی دیکە پێویستی نییە، پێویستە دوکانەکە گەورە بێت و نوێنەرایەتیی هەموو کەسێک بکات، ئەم دوکانە نە هی نەتەوەیەک و ئایینێکە، پارتەکەمان هیچکات ئەمە قبوڵ ناکات، بەسەر نەتەوە و ئایینەوە ڕێکخستن نابێت، بۆ یەکێتی دیموکراتی ئێوە بەسەر پارت بەرەوپێشچوون دروست بکەن و گەورەی بکەن، ئەمە بۆ ئێوە باشە.

 

بە هێز دەتوانرێت پێش لە ڕشتنی خوێن بگیرێت

 

عەبدوڵا ئۆجالان لە بەردەوامی قسەکانیدا وتوویەتی: بە بۆچوونی من، لەناو ئەو هێزانەدا، هەندێک کەس ڕاست سەیری من ناکەن، با باش نەڕوانن، جیهان ٥٠ ساڵە دەبینێت چی دەکەم، من و هەڤاڵانی هاوڕێم، لە ژوورە تاکەکەسییەکانماندا ئەوەی لە دەستمان دێت، بە باشی بۆ هەڤاڵانمان دەیکەین، ئەوەی ڕاست لە من ناڕوانێت، ئەوە لەناو خیانەتدایە، ئەمە ڕاست نییە و قبوڵ ناکرێت، هەموو شتێک ڕوونە، شتێک بۆ شاردنەوە نییە، ئەوەی هەیە کێشەیەکی گەورەیە و پێویستە هەموو کەسێک بۆ ئەمە بەشێوەیەکی ڕاست تێبکۆشێت، لە میاندا خوێنێک هەیە کە دەڕژێت، ئەگەر تۆ ببیتە هێز دەتوانیت پێش لە ڕشتنی ئەم خوێنە بگری، بۆیە هەر کەسێک پێویستە لەسەر ئەم بنەمایە تێبکۆشێت و تێڕوانینی ئەمە بێت.

 

محەمەد ئۆجالان لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پەیامەکەی ٣ی ئازاری عەبدوڵا ئۆجالان هێشتا هەر ئەو پەیامەیە، ئەوانەی باوەڕییان بە سەرۆکە پێویستە ئەو پەیامە بە بەرفراوانی سەیر بکەن و جێبەجێی بکەن، سەرۆک سڵاوی بۆ هەڤاڵانی زیندان و ئەو خانەوادانەی قوربانییان داوە نارد، هەروەها وتی: سڵاوم بگەیەننە ئەوانەی لە من دەپرسن و گوێم لێدەگرن.

 

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved