بۆ ئەندامی حیزبەکان! تا کەی سەرگەردانی؟

 

 

عەبدوڵای‌ مەلا نوری‌

 

بەڕێزینە؛ سەرنج بدەن بەرمیلێک نەوت بە ١٠٠ دۆلار بوبێت یان بە ٢٠، بودجە هەر لە بەغداوە هاتووە. ئەوەشی دەهات بەشێکیان دەدزی.

 

هەمو داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان و بەشێکی کەرکوک و چەند ناوچەیەکی موسڵیشیان دەدزی و دەدزن.

هەر جۆرە هاوکاریەکیش لە وڵاتانەوە بە ناوی هەڵەبجەو شەڕی داعش و پەتای کۆرۆناوە...دەهات هەمویان دەدزی.

نرخی هەمو شتێکیان لە سەر خەڵک گران کردو، چەندین شتی تریش پێشتر بێ بەرامبەر بون لە سەر خەڵک کران بە پارە.

سەرەرای ئەوانە چەند ساڵێکە هیچ کات موچە بە باشی نەدراوەو نادرێت.

لە بەرامبەردا داهات و قازانجی خۆیان هەرگیز کەمی نەکردووە.

 

بە پلان رێگەشیان نەدا کەرتەکانی کشتوکاڵ و ئاودێری و پیشەسازی و گەشتیاری ببوژێنەوە، بۆ ئەوەی هەمو کات خەڵک چاوی لە موچەبێت، موچەش لە ژێر دەستی خۆیان بێت، بەو جۆرەش دابەشی بکەن دەسەڵات و بەرژەوەندیەکانی خۆیانی پێ بپارێزن.

بەڕێزینە؛ دەپرسم چ شتێک ئێوە گرێ دەدات بەم حیزبە نارەسەنانەوە؟ ئەوان زاڵم و ئێوە مەزڵوم، ئەوان خائین و ئێوە پاک و نیشتیمانی، ئەوان تێرو ئێوە برسی، تا کەی دەبنە داردەست و پاسەوانی ئەمانە؟

 

جێگەی داخە دەبینم پێشمەرگەیەکی کۆنی قارەمان بەردەستی بۆ کوڕانی بنەماڵە دەکات! دەبینم هەزاران گەنجی نازدارو خوێنەوار لە فەیسبوکدا وەک رۆبۆت بەربونەتە یەکترو ناشرینترین جوێن بەیەک دەدەن، لە پێناو چاوی گەشی کوڕانی ترسنۆک و فشەکەرو مەست و سەرسەری و بازرگانی بنەماڵەکان!

 

چ کارەساتێکە دەبینم پەرلەمانتارێک ، وەزیرێک، مەلایەک، مامۆستایەکی زانکۆ، رۆژنامەنوس و نوسەرێک، رۆشنبیرێک، خاتونێک ماستاو بۆ کوڕێکی مقن و گەلحۆی بنەماڵەکان دەکەن.

خوایە چ سەردەمێکە دەبینم حیزب و بنەماڵەکان بە ئاسانی دەتوانن شەڕی خۆیان بکەن بە شەڕی هەولێری و سلێمانی، خەڵکیش بە ئاسانی دەبنە نێچیری سیاسەتی ئەم بنەماڵانە.

خەڵکینە دڵنیابن ئەم حیزب و بنەماڵانە بە کرێگیراوی وڵاتانن.

بۆیە هەن و پشتگیری دەکرێن بۆ ئەوەی ئێوە نەبن.

 

من نازانم ئەولەویەت و خەون و خەمی تۆی هاوڵاتی چیە؟ بەڵام ئەوە بزانە:

تۆ گەر خەمی شەرف و کەرامەت و عیزەتی نەفستە، بەڵام ئەم دەسەڵاتە بۆیە هەن بۆ ئەوەی شەرەف و کەرامەت لەم سەرزەمینە بار بکات و هەمومان چاوشۆڕو سەرکزبین.

تۆ گەر لە خەمی ئازادی و هوشیاریدای، ئەمانە بۆیە هەن تا تۆ گەمژەو کۆیلەبیت.

گەر تۆ لە خەمی کوردبوندایە وڵاهی ئەمانە بۆیە هەن تۆ حاشا لە کوردبونت بکەی.

گەر تۆ لە خەمی دروستکردنی دەوڵەتی هاوڵاتیدای، وەڵاهی دڵنیابە ئەمانە بۆیە هەن نرخی دەوڵەتت لا بکەن بە نرخی تاکێک پێڵاو.

 

گەر تۆ لە خەمی ئاشتی و برایەتی و دۆستایەتی و پێکەوە ژیانی نێوان گەلاندایە، وەڵاهی ئەمانە بۆیە هەن و لە لایەن دوژمنانەوە پشتگیری دەکرێن، بۆ ئەوەی تۆ گەلێکی بێ دۆست و سەرگەردان و کینە لە دڵ و بێ میژو بێ شارستانی بیت.

 

بۆیە دەپرسم؛ ئیدی تاکەی لە گەڵیان دەبن، تا کەی داکۆکیان لێ دەکەن؟ تا کەی لە خەمی داهاتو و ژیان و ئازادی خۆتاندا نابن؟

پێشتر تەنها پارتی و یەکێتی بو، وەلێ گۆڕانیش برایە ناو هەمان بازنەی سیاسەت و حیزبایەتی و دەسەڵاتەوەو کرایە بەشێک لە هەمان کلتور.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved