نێچیرڤان و چاوشئۆغڵۆ و شارچێتی!

 

 

عەبدوڵای‌ مەلا نوری‌

 

کاتێک چاوشئوغڵۆ دەڵێت: سلێمانی لە ژێر کاریگەری پەکەکەدایە. واتە؛ هەولێرو دهۆک لە ژێر کاریگەری تورکیادایە.

کوردی هوشیار نابێت بکەوێتە ناو داوی قسەکانی ئەم تورکە فاشیستەوە.

بەڵکو دەبێت بە دیقەتەوە لە ئامانجی پشتەوەی ئەو قسانە بڕوانین و هەڵسوکەوتی لە گەڵ بکەین.

 

جیاوازیەکان لای ئۆغڵۆ، ئەوە نیە هەولێری و دهۆکیەکان بە کوردێکی رەسەن بزانێت و، سلێمانیەکان بە کوردێکی نا رەسەن!

بەڵکو لە دیدی ئۆغڵۆدا هەولێری و دهۆکیەکان خۆبەدەستەوەدان و ئەجێندای تورکیایان قبوڵ کردووە، وەلێ هێشتا سلێمانیەکان ئەمەیان مقاوەمە دەکەن!

 

لێرەوە ئیدی بۆ منی کورد، ئەرکم ئەوە نیە داکۆکی لە سلێمانی بکەم و بە شان و باڵیدا هەڵدەم.

هەرکات ئەوەم کرد، رێک دەچمە ناو ئەو یاریە نەگریسەوە کە دوژمنەکەم سنورو یاساو رێساکانی دیاری کردووە و دەبمە سەربازێک، بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەو.

ئەرکی منی کورد ئەوەیە کار لە سەر دیوە نەوتراوەکەی قسەکانی چوشئۆغڵۆ بکەم و داکۆکی لەوە بکەم هەڵوێستی هەولێری و دهۆکیەکانیش، هەر وەک سلێمانیە. چونکە خۆبەدەستەوەدان و خزمەتکردن بە ئەجێندای تورکیا لە هەولێرو دهۆک، بە هیچ جۆرێک دەربڕی خواست و ئیرادەی هەولێری و دهۆکیەکان نیە.

 

واتە؛ هەڵوێستی سیاسی دەسەڵات لە هەردو دیوی دێگەڵەوە بە تایبەت لە پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان دەربڕی هەڵوێستی راستەقینەی هاوڵاتیان نیە.

ئەوەشمان بیر نەچێت؛ ئەو سەرزەمینەی ئێستا بووتە شوێنی خەبات و بەرخودانی راستەوخۆ، دژی داگیرکاری تورکیا سنوری دهۆک و هەولێرە.

 

بۆ ئەوەی عەقڵیەتی میرنیشینی و  نۆکەرایەتی دەسەڵاتی کوردی بۆ دوژمنان تێپەڕێت و، بە ئاوازی دوژمنان هەڵنەپەڕن؛ ئەوا لە وڵامی قسەکانی چاوشئۆغڵۆدا، لە روی سیاسی و یاساییەوە، ئەوەی دەبێ وڵامی هەبێ نێچیرڤان بارزانیە وەک(سەرۆکی هەرێم)، پاشان حکومەت و پەرلەمان.

 

چەندە بێ دەنگی سەرۆکایەتیەکانی هەرێم لە ئاست ئەم ژەهر رێژیەی چاوشئۆغڵۆ خزمەت بە ئەجێندای دەسەڵاتی فاشستی تورکیا بکات، هێندەش وتافی ناوچەگەرێتی سەرکردە حیزبیەکان زیانی هەیە.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved