یووبیلی ئەڵماسی حیزبی دێموکرات‌و چەند قسەیەک

 

 

عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌ن زاده

  

تێکۆشەرانی حیزبی دێموکڕات (هەردوو دێموکڕات) خۆیان ئامادە دەکەن تا لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاویدا جێژنی ٧٥ ساڵە (یووبیلی ئەڵماس)ی حیزبەکەیان بگرن. ناتوانم بیشارمەوە کە بە باوەڕی من پێکهێنانی جێژنی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکڕات لەو ڕۆژەدا، تەنیا ئەوکاتە لە جێی خۆیدایە کە مەبەستمان خەباتی حیزبەکە لە ژێر ناوی «حیزبی دێموکڕاتی کوردستان»دا بێ، ئەگینا ئەم حیزبە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢١ی هەتاوی دامەزراوە کە سێ ساڵ بە ناوی(ژ.ک) «کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان»تێ­کۆشاوە و دوای سێ ساڵ لە کۆنگرەی یەکەمی حیزب (٢ی خەزەڵوەری ١٣٢٤)دا ناوەکەی گۆڕاوە بە «حیزبی دێموکڕاتی کوردستان». ئەم ناوگۆڕینە قەت بە مانای هەڵوەشانی (ژ.ک) و دامەزرانی حیزبێکی تازە بە ناوی (ح.د.ک) نەبووە و بەو پێیە دەبووایە ٣ ساڵ لەمەوبەر یووبیلی ئەڵماس یان جێژنی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی ئەم حیزبە گیرابایە.

 

بۆ ئەوەی لەخۆوە قسەم نەکردبێ، دەقێکی ڕۆژنامەی «کوردستان» ئۆرگانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە شاهید دەگرم کە ٧٤ ساڵ لەمەوبەر لە مەهاباد و لە سەردەمە زێڕینەکەی کۆماری کوردستاندا بڵاو بۆتەوە:

 

«ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ بە بۆنەی ڕۆژی پێنجەمین ساڵی دامەزراندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەبەر هەیوان و حەساری عیماڕەتی پێشەوا جێژنێک گیرابوو. لەم جێژنەدا تەواوی ئەهالی شیرکەتیان کرد و شیرینیات و چا و میوەجاتیان مەسرەف کرد. جێژن لە سەعاتی ١ی پاش نیوەڕۆ دەست پێ­کرا، دەوروبەری عیماڕەتی پێشەوای بە ئاڵای سێ ڕەنگی کوردستان و وێنەی پێشەوای موعەززەم ڕازابووەوە و شەوێ سەعات حەوت بەرنامەی جێژن دەست پێکرا و بەبۆنەی ئەم جێژنە لەلایەن ئاغایانی عەلیی خوسرەوی، سەید موحەممەدی تەهازادە، دڵشادی ڕەسووڵی، سەید موحەممەدی حەمیدی، جەعفەری کەریمی، وردی، عەزیزی سددیقی، سەید عەبدوڵڵای تەهازادە، عوسمان دانیش، موحەممەدئەمینی قادری و کاک ئەمینی شەڕەفی مودیر، نوتق و مەقالات خوێندرایەوە…» (کوردستان ئۆرگانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، ژمارە ٧٩، ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٢٥). پێویستە بگوترێ کە بۆ ئاسانتربوونی خوێندنەوە، بابەتەکەمان بە ڕێنووسی ئەمڕۆی کوردی نووسیوەتەوە.

 

پێش هەموو شتێک و بەرلەوەی قسەکانم دەست پێ­کەم، بەوبۆنە پیرۆزەوە پڕبەدڵ پیرۆز بایی لە هەموو خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی تێکۆشەرانی دێموکڕات دەکەم و سڵاو بۆ گیانی دامەزرێنەرانی حیزب و بۆ تێکڕای ئەو خەباتگێڕانە دەنێرم کە لە ماوەی نزیک بە هەشت دەیەی ڕابردوودا ڕێی دێموکڕات، ڕێی خەبات بۆ وەدیهێنانی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستانیان بڕیوە و لەو پێناوەدا شەهید و کەمئەندام بوون، بەناکامی سەریان ناوەتەوە، یان هەروا بە شانازییەوە ئاڵای ئەو خەباتە پڕ سەروەرییەیان بەرز ڕاگرتوە.

 

خوێنەرە بەڕێزەکان و هاوڕێیانی دێموکڕات!

 

لەو جۆرە بیرەوەرییانەدا بە حەق، هەموو ساڵێ ئاوڕ لە سەرکەوتنەکان و خاڵە بەهێزەکانی هەر حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی دەدرێتەوە و شانازی بە ڕابردووی پڕ حەماسە و فیداکاریی جەریانەکە تازە دەکرێتەوە. هاوڕێ و هاوخەباتەکانم شاهیدن کە ئەمنیش لە ساڵانی دوورودرێژی تێکۆشانمدا بە دەیان -ئەگەر نەڵێم بە سەدان- بابەتم لەسەر سەرکەوتنەکان و خاڵە ئەرێنییەکانی مێژووی ئەم حیزبە لە ڕادیۆ و ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی حیزب و دەرەوەی حیزب و لە میتینگ و سێمینارەکاندا پێشکەش کردوە، کە بە سەرمایەیەکی بە نرخی ژیانی سیاسیی خۆمیان دەزانم.

 

بەڵام لەسەر ئیزنی هەمووان لەم یادە پیرۆزەدا دەمەوێ جۆرێکی دیکە بێمە گۆ. بیرمەندێکی ناوداری سیاسی دەڵێ: «ئەوەندە ڕەخنە لە خۆتان بگرن کە دوژمن لە خۆشییان بێتە سەما.» شاراوە نیە کە هەموو ئینسانێک و هەموو جەریانێک لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیدا سەرکەوتن و تێشکان و بەرەوپێشچوون و نووچدان و بە گشتی خاڵی بەهێز و لاوازی دەبێ. لە سەرفەسڵێکی وەک ئەوەی ئێستادا وەبیر هێنانەوەی شانازییەکان نەک هەر بەجێ، بەڵکوو زۆر پێویستیشە بۆ ئەوەی بەرەی نوێی نەتەوە و نیشتمانەکەمان دەگەڵ ڕابردووی پڕکەندولەند و هەورازونشێوی مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی خۆیان ئاشنا بن و ئەزموونەکانی بکەنە سەرمایە و سەرمەشقی کار و بەرخۆدانی ئایندەیان.

 

هەرلەو کاتەدا تەنیا وەبیرهێنانەوەی سەرکەوتن و شانازییەکان و پاڵدانەوە لەسەر دەسکەوتەکانی ڕابردوو نامان­گەیەنێتە جێگایەک و دەبێ خاڵە بەهێزەکان وەبیر بێنینەوە تا دواڕۆژی خۆمانیان پێ ڕووناکتر بکەین، بەڵام بەجێیە خاڵە لاوازەکانی ئێستا و ڕابردووشمان بێنینە بەر چاو بۆ ئەوەی چارەسەریان بکەین و هەوڵ بدەین نەگەڕێینەوە سەریان. دیتن و پێ­لێنانی خاڵە لاوازەکان نەک­هەر نیشانەی بەرەودواگەڕانەوەی ڕەوتێکی سیاسی نیە، بەڵکوو ڕاست بەپێچەوانە, بەڵگەی ئازایەتی و باوەڕبەخۆبوونی ڕەوتەکەیە. دڵنیام هاوڕێیانی دڵسۆز و قەڵەمبەدەستم ئەمساڵیش لەبارەی شانازییەکانی مێژووی حیزبەکەمانەوە ئەوەی پێویستە بەجێی دەگەیەنن و کەلێن و کەلەبەرێک ناهێڵنەوە. بۆیە ئەمن دەمەوێ -ئەگەریش خۆخوێنتاڵ­کردن بێ- قامک لەسەر بەشێک لە ناکامییەکانی ڕابردوومان و کەموکوڕییەکانی ئێستامان دابنێم و بە پێویستیش نازانم پاکانە بۆخۆم بکەم، چونکە لە دڵسۆزی و ڕاستوێژیی خۆم بەگومان نیم.

 

بەشێک لە کەموکوڕییەکانی ڕابردوومان:

 

١-حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دەگەڵ هەموو شانازییەکانی، نەیتوانیوە ڕووداوەکانی مێژووی خۆی بە دوکۆمێنت بکات و لەبەر نەبوونی ئاڕشیڤ، زۆر جار بۆ دۆزینەوەی زۆر بەڵگە و نووسراو و بڕیاری ئەم حیزبە ناچار بووین پەنا بۆ بەرهەمەکانی مێژوونووسانی بێگانە بەرین کە ئەگەر بە نیازی خەراپیشەوە نە نووسرابن، کەمتر دەرخەری وردەکارییەکان بوون. ڕەنگە ئەوەندە بەس بێ کە بزانین حیزبی دێموکڕات ئێستاش نەیتوانیوە هەموو ژمارەکانی ڕۆژنامەی «کوردستان»ی سەردەمی کۆمار کۆ بکاتەوە و ئەوەی کە کۆش کراوەتەوە بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوونی دڵسۆزانی وەک ڕەحمەتی دوکتۆر کەمال فوئاد و دواتریش ئاڕشیڤی خەباتگێڕی نەمر ڕەشید باجەڵانە. یان تا چەند ساڵ لەمەوبەر ڕۆژی ٣١ی مارسی ١٩٤٧مان بە ڕۆژی لەداردرانی پێشەوا و هاوڕێکانی دەزانی. لە حاڵێکدا ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە،ڕۆژی ئیعدامی پێشەوا و هاوڕێکانی دەکاتە ٣٠ی مانگی میلادی و تەنانەت ساڵانی کەبیسە ڕێکەوتی ٢٩ی مارسیش دەکا.

 

٢-حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەمێژووی تێکۆشانی خۆیدا هەرنەبێ ٧ جار تووشی لەتبوون (انشعاب) هاتوە کە بێجگە لە دوو جاریان -ئەوانیش لە ئاکامی دەست­تێوەردانی لاوەکیدا- هیچکامیان بەرهەمی جیاوازیی بەرنامەی سیاسی و ناکۆکیی فکری نەبوون و سەرجەمیان لە بەرچاوتەنگی و وێک­هەڵنەکردن و پێکەوەنەحاوانەوە سەرچاوەیان گرتوە.

 

٣-ڕاکردنی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەدەست زوڵم­وزۆرداریی دەسەڵاتداران و پەنابردنیان بۆ وڵاتانی دیکە و بەتایبەتی عێڕاق خاڵێکی لاوازی دیکەی ئەم حیزبەیە. ئەمە ڕاستییەکی تاڵە کە ڕێبەرانی حیزبی دێموکڕات کەمتر لە دە لەسەدی تەمەنی تێکۆشانی ئەم حیزبەیان لە وڵاتی خۆیان و لەنێو خەڵکی خۆیاندا بەسەر بردوە. لەحاڵێکدا ژیان لەنێو خەڵک و ئیلهام­وەرگرتن لە بیروڕا و داخوازەکانیان مەرجێکی سەرەکی بۆ دروست­دەرچوونی بڕیار و سیاسەتەکانی حیزبێکی سیاسییە.

 

٤- لە هەمووی ئەمانە تاڵتر، حیزبی ئێمە چەند جار تووشی شەڕی براکوژی و تەنانەت شەڕی خۆکوژی بەمانای شەڕی خۆبەخۆی ئەندامەکانیشی بووە. لێرەدا مەبەست خەتابارکردنی حیزبەکەی خۆم نیە و وا دەزانم ئەگەر ڕۆژێک لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانە لە هۆیەکانی ئەو شەڕانە بکرێ دەردەکەوێ کە ڕێبەرایەتیی ئەم حیزبە بەشێکی کەمتر لە بەرپرسایەتییەکەی بەر دەکەوێ. بەڵام لە شەڕی براکوژیدا نە هیچ لایەنێک لەسەر حەقە و نە هیچیان براوەی شەڕن. بێچارەن ئەو کەسانە کە هیچ بەرپرسایەتییەک لەو بارەیەوە قبووڵ ناکەن و -بە داوای لێبووردنەوە- گەمژەن ئەوانەی خۆیان بە سەرکەوتوو دەزانن.

 

ئەمانە وەک نموونە باس کران و ئەم حیزبە و هەموو هێزێکی سیاسی لە ڕەوتی تێکۆشانی خۆیاندا تووشی زۆر هەڵە و کەموکوڕی دێن کە بەجێیە بێ­دەمارگرژی ئاوڕیان لێ­بدرێتەوە و نەخشەڕێگای ڕاست­کردنەوە و دووپاتەنەکردنەوەیان بۆ دابنرێ.

 

بەڵام ئێستامان چۆنە؟

 

کورد گوتەنی «خوا نەیبڕێ» ئێستا دوو حیزبی دێموکڕاتمان، هەرکام بە دامودەزگایەکی بەرینی تەبلیغاتی و تەنانەت تەشکیلاتی و هتدەوە هەن و ڕەنگە هەرکامێکیشیان بە پاڵدانەوە لەسەر شانازییە مێژوویی­یەکانی حیزب خۆیان بە یەکەمی مەیدانی سیاسەتی خۆرهەڵاتی کوردستان بزانن و بەتایبەتی بە خۆبەراوردکردن لەگەڵ هێندێ ڕێکخراوی لە خۆیان چووکتر، تەواو لە وەزعی خۆیان ڕازی بن و کەموکوڕییەک شک نەبەن کە پێویست بێ چارەسەری بکەن. لەحاڵێکدا ڕاستییەکە شتێکی دیکەیە و دان­پێدانەنانیشی نەک هەر گیروگرفتێک چارەسەر ناکا، بەڵکوو بەرەو هەڵدێرگەیەکمان دەبا کە دەتوانێ بمان­گەیەنێتە نشوستییەکی بێ­گەڕانەوە. ئاخر دەبینین:

 

-ئەگەر ڕۆژێک کۆماری کوردستانمان دادەمەزراند کە «قیبلەگای هیوا بوو، سەنگەری ئازادی» و ڕۆژگارێک «دوڕگەی ئارام»ی حەمەڕەزاشامان بە ڕاپەڕینە ئازایانەکەی ساڵانی ٤٧-١٣٤٦ (٦٨-١٩٦٧) دەشڵەقاند و زەمانێک پێشمەرگەکانمان لە ئیلامەوە تا ماکۆ تەنگیان بە دوژمنانی ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد هەڵدەچنی و کوردستانیان دەکردە پەناگە و جێ­حەوانەوەی هەموو ڕێبوارانی ڕێگای ئازادیی ئێران، ئەمڕۆ پتر لە سەد کیلۆمیتر دوور لە مەیدانی خەباتی خۆمان لە چەند ئۆردووگایەکی پەنابەریدا قەتیس ماوین و چاومان بڕیوەتە «کەرەمی خوا» و شانسێک کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕوومان تێ­بکا و لە دەرگامان بدا.

 

– ئەگەر سەردەمێک حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە ڕیزی پێشەوەی هێزە گەورەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورددا دادەنرا و دەبووە میوان و خانەخوێی ڕیزی هەرە پێشەوەی ڕێبەرانی سیاسیی کورد و ئێرانی و بێگانە و تەنانەت بۆ چارەسەری کێشە و ناکۆکیی نێوان گەورەترین هێزە سیاسییەکانی کورد ڕووی تێ­دەکرا، ئەمڕۆ هیچ­کام لە دوو حیزبە دێموکڕاتەکە وەک حیزبە یەکپارچەکەی جاران سەریان دەنێو سەراندا دیار نیە و حیسابیان بۆ ناکرێ و تەنانەت بە هەردووکیشیان وەزن و ئیعتیباری ئەویان نیە.

 

-ئەگەر ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی حیزبی دێموکڕات لە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرددا سەدی ٨٢ی دەنگەکانی کۆ دەکردەوە، بۆ کەس ئاسان نیە پێش­بینی بکا لە هەڵبژاردنێکی هاوشێوەدا بە هەر دوو حیزبی دێموکڕات چ­ڕادەیەک لە متمانەی خەڵکی کوردستان بەدەست دێنن.

 

ڕەنگە یەکێک بڵێ باشە بۆچی بەو بێ­هومێدییە چاو لە ئێستا و دواڕۆژی دێموکڕاتەکان دەکەی؟ خۆ ئێستاشی دەگەڵ بێ دێموکڕات هێزی هەرە گرنگ و بەنفووزی نێو ڕیزەکانی بزووتنەوەی کوردی ئێرانە! لە وەڵامدا دەڵێم باسی من باسی ئەو حیزبەیە کە پتر لە ٦٥ ساڵە لە ڕیزەکانیدا خەبات دەکەم و کاری من نە پێک­گرتنی بەژن­وباڵای هێزە سیاسییە کوردەکانە و نە هەڵسەنگاندنی هەلومەرج و بارودۆخی ئەوانی دیکە. وەک دەڵێن «هەر کەسە برینێ خۆی دێشێ.»

 

ئەدی چارەسەر؟

 

شاعیر دەڵێ: «سەرەتای ئیش هەموو یەکبوونە، ئەویش نابێ هەتا – هەر برینێ کە لە دڵدا هەیە ساڕێژی نەکەی». وەک لە جێیەکی دیکەی ئەم وتارەدا گوتم زۆربەی هەرەزۆری لەتبوونەکانی مێژووی حیزبی دێموکڕات نەک بەهۆی ناکۆکیی سیاسی و فکری، بەڵکوو بە هۆی وێک­هەڵنەکردن و نەحاوانەوە بوون. ئەگەر ئەم بۆچوونە لە بارەی هەموو لەتبوونەکانی پێشترەوە ڕاست بێ -کە ڕاستە- لەبارەی دوالەتبوونی نێو حیزبی دێموکڕاتەوە ڕاستترە. چونکە دەگەڵ ئەوەی بەخۆشییەوە بوونی ڕێبەری و هێزەکانی پێشمەرگەی هەردوو حیزب لەسەر خاکی باشووری کوردستان ڕێگای نەدا کار بکێشێتە شەڕی خۆکوژی، بەداخەوە شتی وا ڕووی دا کە بۆ هەتاهەتایە دەبێ نەفرەتی لێ­بکرێ.

 

ئاخر چۆن لەبیر دەچێتەوە کە ئەوانەی دەیان ساڵ لە یەک سەنگەردا و بۆ وەدیهێنانی یەک ئامانج تێکۆشابوون، بۆماوەی چەند ساڵ دەنگیان لێک گۆڕی و تەنانەت لە شایی و شینی یەکتریشدا بەشدار نەبوون؟ بەحەق، وەبیرهێنانەوەی دیمەنەکانی ڕۆژان و حەوتووەکانی دوای لەتبوون مچوڕک بە لەشی هەموو مرۆڤێکی دڵسۆز و بەویژداندا دێنێ.

 

چەند سەیر و جێی داخە، کە١٤ ساڵە دوو حیزبی دێموکڕات کە پەروەردەی یەک قوتابخانە و دوو بەشی یەک حیزبی سیاسی بوون و بنکەکانیشیان سەد میتر لێکەوە دوور نین، نەیانویستوە یان نەیانتوانیوە جارێک پێکەوە یادی سەرکەوتن و نەهامەتییەکانیان بکەنەوە، پێکەوە لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەدا بچنە سەر گڵکۆی شەهیدان و پەیمانی وەفایان دەگەڵ نوێ بکەنەوە. بریا هەرئەوەندەش بووایە، چونکە دوو دێموکڕات ئەگەر هەموو شتێکیان جیا کردەوە، هەوڵی جیاکردنەوەوە و هەڵاواردنی شەهیدەکانیشیان دا کە بەخۆشییەوە وەک دەڵێ: «خوا لەدوو دەستی نەدان».

 

هێندێ جار خەڵکی ناشارەزا ڕێبەرانی دوو دێموکڕات بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لەسەر ماڵی دنیا و پلەوپایە و دەسەڵات لێک جیا بوونەوە و وێک ­ناکەونەوە. بەڵام سەیر ئەوەیە ئەو تۆمەتەش لە جێی خۆیدا نیە، چونکە بەداخەوە -یان بەخۆشییەوە- نە پووڵ­وماڵێک هەیە کە لەسەر دابەشکردنی بەشەڕ بێن و نە شوێنێک و بوارێک هەیە دەسەڵاتی تێدا بەکار بێنن.

 

بەوپێیە دەردەکەوێ هۆی هەرە بنەڕەتیی درێژەکێشانی ئەو لێکدابڕانە ڕق­وقینی ناپیرۆز، هەستی خۆبەزل­زانی یان هەرنەبێ جیاوازیی مێتۆدی کارکردن و بەڕێوەبردنە. کەوایە، با لەپێشدا هەموو لا بەیەکەوە بڕیار بدەن کارکردن بە هەستی ڕق و تۆڵە وەلا بنێن و دڵ و دەم و قەڵەمیان لە ژەنگی ئەو دیاردەیە پاک بکەنەوە. گوتم «کارکردن بە هەستی ڕق و تۆڵە»، چونکە ئەگەر واقیعبینانە قسە بکەین دەزانین ئەو دڵانەی دەیان ساڵ بە هەستی ڕق و قین ئاخنراون بە ڕۆژێک و بە بڕیارێک پاک نابنەوە و ماوەیەک کار و کۆششی هاوبەشی دەوێ تا کۆنەقینەکان لەبیر بچنەوە و خۆشەویستی و هەستی بەرپرسایەتی جێگایان بگرێتەوە.

 

پێم­وایە ئەزموونی ناکامییەکانی ١٤ ساڵ لێک­دووری و دڕدۆنگی، هەر دوو لای دێموکڕاتی تێگەیاندوە کە ئەگەڕ بیانەوێ جێگایەک لە دڵی خەڵک و دواڕۆژی کوردستاندا بۆخۆیان بپارێزن، پێویستە بێدرەنگ زنجیرە دیدارێکی جیددی و بەردەوام دەست پێ­بکەن و هەوڵ بدەن ڕێگا بۆ یەکگرتنەوە، یەکگرتنەوەیەکی پایەدار بدۆزنەوە. ئەمن پێم­وایە هەر بە دەست­پێکردنی ئەو ڕەوتە ڕێگایەگ بۆ گەڕانەوەی متمانەی خەڵک دەکەنەوە و پێ­بەپێی پێشکەوتن لەو بوارەشدا زیاتر بەرەو وەدەست­هێنانەوەی جێگەوپێگەی دێموکڕات هەنگاو دەنێن. لەبیرمان نەچێ ئەگەر چاردە ساڵە ئەم حیزبە تووشی لێکترازان بووە، پازدە ساڵ و پتریشە خەڵکی کوردستان بەدەم ئازاری ئەو دیاردە نەخوازراوەوە دەتلێنەوە. بەڕاست دێموکڕاتەکان قەت بیریان لەوە نەکردۆتەوە کە دەگەڵ بوونی زۆر حیزبی دیکەی کوردستانی -کە بەداخەوە ئەوانیش تووشی لەتبوون و لێکترازان هاتوون-،چۆنە خەڵکی کوردستان پتر لە هەمووان خوازیاری وەسەریەک­کەوتنەوەی حیزبی دێموکڕاتن؟ داخوا ئەمە نیشان نادا کە خەڵکە ئاسایی­یەکە زیاتر لە ڕێبەریی حیزبەکان ئاشنای ریسالەت و نەخشی مێژوویی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانن؟

 

حەز دەکەم ئەوەش بڵێم کە دەکرێ دێموکڕاتەکان هەوڵی دەستنیشانکردنی خەتاباری لەتبوونەکە بدەن. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستی­یە کە لێرەدا هیچ لایەنێک بێ­خەتا و هیچ لایەنێک خەتاباری موتڵەق نیە، باشتر ئەوەیە بە دوای خەتادا بگەڕێن نەک خەتابار. بەو مانایە کە هەوڵ بدەن بزانن هۆیەکانی ئەو لێکترازانە چ ڕەفتار و بڕیار و شێوەکارگەلێک بوون تا خەتێکی ڕاست­وچەپیان بەسەردا بکێشن و بناخەیەکی سەلیم بۆ کاری پێکەوەیی دابنێن. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە هەردوو لا و تەواوی ئەندامانیان بڕیار بدەن ماڵئاوایی لە رابردوو بکەن و ئەو دۆسیەیە بە یەکجاری دابخەن و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەنەوە.

 

بەخۆشییەوە ماوەیەکە لەملاو لەولا نەغمەیەکی خۆش دێتە بەر گوێ. دەڵێن لەنێو هەردوو حیزبە دێموکڕاتەکەدا دەنگێکی بەهێز بۆ یەکخستنەوەی ئەم دوو حیزبە بەرز بۆتەوە و ڕۆژبەڕۆژیش لە هەڵکشاندایە. (کوێرە چت دەوێ؟ دوو چاوی ساغ) ئەمە مزگێینییەکی خۆشە و هەڵدەگرێ هەردوو حیزبەکەی لەسەر خەڵات بکرێن. جا بۆ ئەوەی ئەو دەنگۆیە وەڕاست گەڕێ و ئەو خەونە پیرۆزە بێتە دی، چ­لەوە باشتر کە چەندی بکرێ زووتر بەرنامەکانیان بۆ جێژنی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکڕات تێکەڵ کەن و یووبیلی ئەڵماسی حیزبەکەیان پێکەوە بکەنە جێژن. خۆ وەختیش بەبەریەوە هه‌یە و نیزیک بە سێ مانگی بۆ ٢٥ی گه‌لاوێژ ماوه. دەی­جا دەست لە دەست و قەوەت لە خوا، با کورد ئافەرینتان پێ­بڵێ و مێژوو شانازیتان پێوە بکا.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved